کاتێک تارکۆڤسکی لە سینەما دەدوێت

ڕەخنەی چاودێر 18/08/2018

کاتێک تارکۆڤسکی لە سینەما دەدوێت

وه‌رگێڕانى:شه‌ماڵ وه‌لى


״تارکۆڤسکی بۆ من مەزنترینە، ئەو کەسەیە کە زمانێکی نوێی داهێنا.״ – ئینگمار بێرگمان

 
تارکۆڤسکی شاعیری سینەما بوو و تەکنیکەکانی و فەلسەفەکەی لە بارەی ژیان و هونەرەوە هێشتاش بەناو جیهاندا شەپۆل دەدەن، تەنانەت پاش ماوەیەکی درێژ لە مردنیشی. قسەکانی ئەو لە بارەی فیلمسازییەوە کۆمەکمان دەکەن زیاتر تێبگەین لە بوونی جێپەنجەی ئەو بەسەر چیرۆک-گێڕانەوەی سینەمایییانەوە.
هونەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیوا، ئیمان، عەشق، جوانی و نوێژخوێندن باشترین ئەو شتانەن لە مرۆڤێکدا هەبن… هونەر چییە؟ شتێکە وەک لەفزکردنی عەشق: هۆش و ئاگایی پشتبەستنە بە یەکدی. دانپێدانانێکە. کردەیەکی نائاگاییانەیە کە هیچی نییە جگە لە کاردانەوەکانی مانا ڕاستییەکانی ژیان – عەشق و قوربانی.
بێگومان، تەواوی هونەرەکان، شتێکی عەقڵانین، بەڵام بەلای منەوە، گشت هونەرەکان و تەنانەت سینەماش لەسەر هەموو شتێکەوە دەبێت ئەکتێکی هەستوسۆزی قووڵ بێ بەسەر دڵەوە.
خەڵکی بۆچی دەچن بۆ سینەما؟ ئەو شتە چییە وایان لێ دەکات بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بخزێنە ژوورێکی تاریککراو و تەماشای جووڵەی چەند سێبەرێک لەسەر پەردەیەک بکەن؟ گەڕانە بەدوای کەیفخۆشی؟  پێویستیی جۆرێک لە ئیدمانە؟ لەڕاستیدا، لە تەواوی دنیادا هەندێک شت و هەندێک ڕێکخراو هەن کە سینەما و تەلەڤزیۆنیان پۆخڵ و بۆگەن کردووە. پێموایە ئەوەی کەسێک دەچێت بۆ سینەما لەبەر خاتری کاتە: لەبەرخاتری کاتە لەدەستچووەکانە. کەسێک کە دەچێت بۆ سینەما لەبەر ئەزموونکردنی ژیانە، نەک وەک هەر کام لە هونەرەکانی تر، سینەما شتێک دەخاتە سەر ئەزموونی کەسەکان و فراوانتری دەکات. نەک تەنها شتێک بۆسەر ئەزموونی کەسەکان ئیزافە دەکات بەڵکو فراوانتری دەکات؛ ئەمە هێزی سینەمایە.
لە سینەمادا پێویست ناکا ڕوونکردنەوە بدرێت، بەڵکو دەبێت هەستەکان و ئەو سۆزانەی بەئاگادەهێنرێن تا بیر ببزوێنن، پیشان بدرێن. هیچ کەس لە سینەمادا پێویستی بە ڕوونکردنەوە نییە ئەوەندەی پێویستی بە ڕاستەۆخۆ کاریگەرییدانان لەسەری هەیە.
هیچکات هەوڵ مەدە بیرۆکەکانت بگوازیتەوە بۆ بینەر. ژیانیان پیشان بدە. ئەگەر وات کرد ئەوسا بینەرەکان لە خۆیاندا ماناکان دەدۆزنەوە و بەرز دەینرخێنن.
دەرهێنەر وەک هەر هونەرمەندێکی تر وایە؛ نیگارکێشێک، شاعیرێک، میوزیسیانێک. خۆی بەشێکە لە هونەرەکەی. شتێکی سەیرە و نامۆیە کاتێک هونەرمەند بە شێوەیەک بژی و فیلمەکەی دەربارەی شتێکی دیکە بێت. پێمخۆشە بە دەرهینەرەکان بڵێم، بەتایبەت گەنجەکان، کە پێویستە لە ڕووی مۆراڵەوە بەرپرسیار بن لەوەی دەیکەن کاتێک سەرقاڵی دروستکردنی فیلمێکن. خۆ تێدەگەن؟ ئەمە لە هەموو شتێک گرنگترە. دووەم، پێویستە لەو ڕووەوە ئامادە بن کە سینەما هونەرێکی زۆر قورس و زۆریش ئاڵۆزە. سینەما داوای خۆکردنە قوربانیت لێ دەکات. پێویستە تۆ هیی سەینەما بیت، چونکە سینەما هیی تۆ نییە. سینەما ژیانت بەکاردێنێت، نەک بەپێچەوانەوە. کەوایە، پێموایە ئەمە گرنگترین شتە؛ پێویستە خۆت بکەیتە قوربانی بۆ هونەر.
ئیشی من ئەوەیە هەر کەسێک تەماشای فیلمەکانی من دەکات وریای بکەمەوە لەوەی پێویستی بە عەشق و بەخشینی عەشقەکەشی هەیە، هەروەها وریا ببێتەوە لەوەی جوانیی کۆی دەکاتەوە.
شاکارەکان لە دەرەنجامی ململانێی هونەرمەندەکانەوە بۆ دەربڕینی بیرۆکە ئەخلاقییەکانیان لەدایک دەبن.
دەرهێنەر پێش هەموو شتێک لە سینەمادا گوزارشت لە خودی خۆی دەکات لەڕێی هەست کردن بە زەمەن و ڕیتمەوە. ڕیتم-ئیقاع ڕەنگ بە فیلم دەبەخشێت. ڕیتم دەبێت بۆخۆی لە فیلمدا هەڵتۆقێ.
هەندێک دەرهێنەر کاریان بۆ ئەوە کردووە ژیانیان لە فیلمەکانیان جیاواز بێت. تەنها  بە یەک شێوە دەژین و بیرۆکەکانیان بەشێوەی جیاوازتر لە فیلمەکانیاندا گوزارشت لێ دەکەن. ئەوان ئەو تواناییەیان هەیە کە هۆش و ئاگاییان لە فیلمەکان جیا بکەنەوە. بەڵام من ناتوانم. بۆ من سینەما تەنها ئیش نییە؛ ژیانمە و هەر کام لە فیلمەکانم ڕۆڵبینینێکە لە ژیانی خۆمدا.

بەگشتی لە فیلمەکانمدا وادیارە بۆم گرنگە ئەو ڕاستییە بەبیری بینەرەکانم بێنمەوە کە ئەوان تەنها نین و لە فەزای گەردووندا ون نەبوونە، بەڵکو ئەوان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا دەژین.

ئەندرێ تارکۆڤسکی لە ٤ـی ئەپڕێڵی ١٩٣٢ لە سۆڤییەت لە دایک بوو، لە ٢٩ـی سێپتەمبەری ١٩٨٦ لە پاریس کۆچی دواییی کرد. ئەم دەرهێنەرە مەزنەی ڕووسیا، پێنج فیلمی یەکەمی خۆی لە سۆڤییەت درووست کرد، دوو فیلمی ئاخری ئەو لە ئیتاڵیا و سوید درووست کران. لە ئادگارەکانی سینەمای ئەو دەتوانین ئاماژە بە واتاگەرایی بدەین، هەروەها زەمینەیەکی میتافیزیکییانە و بەکارهێنانی هونەرمەندانەی کامێرا. فیلمەکانی تارکۆڤسکی زۆر کەمن و ئەمانە چەند فیلمێکی ناوداری ئەون: منداڵیی ئیڤان، ئاوێنە، نۆستالگیا، قوربانی.