توركیا هەوڵدەدات دژی پەكەكە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكات
پەرلەمانتارێك: پارتی لەبەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێدەنگی هەڵبژاردووە

ڕاپۆرت 18/08/2018

چاودێر: 

بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان بێ دەنگی هەڵبژاردووە لەبەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر شنگال.

قادر رەزگەیی لە لێدوانێكدا بۆ چاودێر دەڵێت "پارتی دیموكراتی كوردستان بێ دەنگە لەبەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر شنگال، ئەمەش نیشانەی رازی بوون و بوونی رێككەوتنیانە لەگەڵ پارتیدا".

رۆژی سێ شەممەی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی توركیاى كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە.

رۆژی چوار شەممە هاوكات لەگەڵ ئەو سەردانەدا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شنگالیان بۆردومان كرد و بەهۆیەوە زەكی شنگالی ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە و ژمارەیەك شەڕڤانی دیكە كوژران.

كەجەكە لە راگەیەندراوێكدا داوای رونكردنەوەی لە حكومەتی عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و وتی "ئەگەر ئەوان دەستیان لە رووداوەكەدا نییە، پێویستە رونكردنەوە بدەن و هێرشەكە شەرمەزار بكەن".

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆردومانكردنی شەنگالی لەلایەن توركیاوە ئیدانە كرد و بە "پێشێلكردنی یاسا نێودەڵەتییەكان" وەسفی كرد.

لەراگەیەنراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتیدەكاتەوە هەماهەنگیی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە هەبێت بۆ بۆردومانكردنی ئەو ناوچانە، وەك ئەوەی چەند میدیایەك ئاماژەیان پێكردبوو.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، وەزارەتی دەرەوەی عیراق داوا لە توركیا دەكات هێزەكانی لە خاكی عێراق بكشێنێتەوە.

قادر رەزگەیی بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانەكەیدا بۆ چاودێر دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق و هێرشە سەربازییەكانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، وتی "توركیا هەوڵەكانی  چڕدەكاتەوە بە ئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ عێراق بۆ كارئاسانیكردن بۆ هێرشەكانی لە دژی بارەگاكانی پەكەكە و بۆردومانكردنی خاك و خەڵكی كوردستان كە بۆردومانەكان تەنها زیانی بۆ پەكەكە نەبووە، بەڵكو زیانی لە خەڵكیش داوە، چەندین كەس شەهید بوون و زیان بە ژینگەی كوردستان گەیشتووە.

رەزگەیی، وتیشی "جیاوازییەكانی توركیا و عێراق لە ڕوی ئایدۆلۆژیاوە زۆرن، بەڵام دەكرێت لە سەر كورد بگەن بەڕێككەوتن، بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانی هەردوولاش هەیە، هەرچەندە عێراق نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی ڕكابەری وڵاتە بەهێزەكانی ناوچەكە بكات".

لە بەهاری ئەمساڵەوە سوپای توركیا جگە لە هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە، لەشكركێشی دەستپێكردووە و ژمارەیەك گوند و ناوچەی هەرێمی كوردستانی داگیركردووە.