گۆڕانکاریی گەورە روویدا.. فیفا یەکەم ریزبەندیی پاش مۆندیالی هەڵبژاردەکانی ئاشکراکرد

وەرزش 16/08/2018

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئاب، یەکەم ریزبەندیی هەڵبژاردەکانی لە پاش مۆندیالی روسیا ئاشکراکرد، کە گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆوە بینوە.
هەڵبژاردەی فەرەنسای پاڵەوانی مۆندیال شەش پلە هاتۆتە سەرەوە و یەکەمی ریزبەندییەکەی فیفای گرتووە.
بەلجیکاش کە لەمۆندیالدا سێیەم بوو، یەک پلە هاتۆتە پێشەوە و بووە بە دووەمی جیهان.
هەرچەندە بەرازیل نەگەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال، بەڵام تەنها یەک پلە دابەزیوە و خۆی لەپلەی سێیەمدا گرتۆتەوە.
کرواتیا یەکێکە لەو هەڵبژاردانەی بازێکی گەورەی داوە و 16 پلە سەرکەوتوو. کرواتیای دووەمی لەریزبەندییە نوێیەکەدا پلەی چوارەمیان گرتووە.
بۆیەکەمجاریش لەپاش نزیکەی 20 ساڵ، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چووە دەرەوەی ریزبەندیی 10 یەکەمەکەوە.
ئەرجەنتین کە لە قۆناغی 16ی مۆندیالدا دەرکرا، دابەزیوە بۆ پلەی 11ی ریزبەندییەکە، لەکاتێکدا پێشتر پێنجەم بوو.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش لەپلەی دووەمەوە دابەزی بۆ پلەی 15، پاش ئەوەی لەمۆندیالدا لە قۆناغی یەکەمدا کرایە دەرەوە.
هەڵبژاردەی روسیای میوانداری مۆندیال، گەورەترین بازیان داوە لەسەر ئاستی جیهان، کاتێک لەپلەی 70 سەرکەوتوون بۆ پلەی 49.
بەپێچەوانەوە میسر زۆرترین پلە هاتونەتە خوارەوە لەکۆی سەرجەم هەڵبژاردەکان. میسرییەکان لە 45ەوە دابەزیون بۆ 65.
هەڵبژاردەی عیراقیش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و لەپلەی 89دا ماوەتەوە.

ریزبەندیی 10 یەکەمەکەی جیهان