مەلا بەختیار پەیامێك ئاراستەی رۆژئاوای كوردستان دەكات

کوردستان 16/08/2018



چاودێر- تایبەت:
نوێنەرانی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان و پەیەدە‌و كۆنگرەی ستار، لەهەرێمی كوردستان، سەردانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی دەكەن‌و لەكۆبوونەوەیەكیشدا، گفتوگۆ لەبارەی دوا رەوشی سیاسی لەرۆژئاوای كوردستان دەكەن‌و بەپێزانینیشەوە، هەڵوێست‌و پشتیوانی یەكێتیی لەرۆژئاوای كوردستان‌و وەدیهێنانی مافە سیاسی دیموكراسییەكانی نەتەوەكەمان، لەو بەشەی كوردستان، هەڵدەسەنگێنن‌و بەمایەی شانازی دەزانن.
لەدیدارەكەدا، كە دوێنێ (15/8/2018) لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، بەخێرهاتنی لەهەریەك لە د.جاویدان، نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە‌و سلاڤا سلێمان، نوێنەری كۆنگرەی ستار، لەهەرێمی كوردستان كرد، لەگفتوگۆیەكیشدا، هەلومەرجی ئێستای رۆژئاوای كوردستان هەڵسەنگێندراو لەژێر رۆشنایی دوا گۆڕانكاریی‌و هەڵوێستە سیاسی‌و نێودەوڵەتییەكان، تەئكید كرایەوە، كە: هێزو لایەنە سیاسییەكان، بەوریاییەوە، دوا دەرفەتی ئەم قۆناغە، بەیەكڕزیی‌و یەك هەڵوێستی بۆ وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی دیموكراسییەكانی نەتەوەكەمان، بقۆزنەوە.
لەدیدارەكەدا، مەلا بەختیار، لەچوارچێوەی ئەو تابلۆ سیاسییەی ئێستای ناوچەكە، كە سیاسەتی هەرێمایەتی‌و نیودەوڵەتی تیایدا دەگوزەرێ‌، مەترسییەكانی هەلومەرجەكەی نەشاردەوەو كۆی پێشبینی ئەو تێڕوانینانەشی بۆ دۆخی ناوچەكە، رۆژئاوای كوردستان‌و سوریا بەگشتی هەیبووە، بەتایبەت لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵەوە خستوەتەڕوو، هاوكات بەخوێندنەوەی جارێكی تری دوا هەلومەرجەكان، تەئكیدی لەمەترسییەكان لەبەر رۆشنایی سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی ‌و رێگەكان بۆ مانەوەی حكومەتی سوریا، بەڵام بەسیستەمێكی تر كردەوەو وتی: رۆژئاوای كوردستان، كە درێغی لەقوربانی‌و تێكۆشان نەكرد، هەر لەسەرەتای راپەڕینەوە‌و ئێستاش سەنگێكی پەیداكردووە، ئەم دۆخە نوێیەی هاتۆتەوە ئاراوە، دەرفەتێكی گونجاوە، هەتا ئەم سەنگە وەبەرهێنانی تێدابكرێ‌. چونكە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ئۆپۆزسیۆنێكی شۆڤێنێتی و تائیفەگەری بەسەریدا زاڵە، بۆیە بەهەبوونی گرەنتی نێودەوڵەتی، پێویستە بەپرۆژەی هاوبەش‌و بەیەكڕیزی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەوا بەهەر دانوستانێك بووە لەدەستوری ئاییندەی سوریادا، مافە دەستوریی‌و یاساییەكانی نەتەوەكەمان بچەسپێنرێت، ئەمە پێویستییەكی مێژووییە.
لەپەیامێكیشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رایگەیاند: لەساڵانی ئاییندەدا، شانسی سەركەوتنی ستراتیجی لەرۆژئاوای كوردستان، كەمە! بۆیە لەئێستاوە هەتا دەستوری ئاییندەی سوریا دەنوسرێت، هەتا كۆنگرەكانی ئەستانەو جنێڤ كۆتایی نەهاتووە، ئەم جۆرە گفتوگۆیەی ئێستا بۆ رۆژئاوای كوردستان هاتۆتە ئاراوە، جێگەی خۆی دەكاتەوە. بەپێچەوانەوە، ئەگەر كۆنگرەی ئەستانە یان جنێڤ، دوا بڕیاری خۆیان بدەن‌و دوا سیناریۆ بنوسن‌و دەستور بەتەواوی دەستكاری بكەن، ئەوكاتە ئەگەرچی لەدەرگاش بدەن، ئەوا دەرگاتان لێناكرێتەوە، هەروەك پەیماننامەی لۆزان.
جەختیشیكردەوە، كە: لەدوا سەرەنجامدا نابێ‌ كورد، سەد ساڵی رابردووی خۆمان لەبیر بەرینەوە، چونكە حكومەتەكانی هەرێمایەتی لەگەڵ حكومەتە گەورەكانی دنیا، لەسەر ئابوری هاوبەش‌و ئاسایشی هاوبەش رێكدەكەون. ئێستاش كە ئەو بارودۆخە هاتۆتە پێشەوە لەنێوان ئابوریی‌و ئاسایشی هاوبەشی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی، بتوانرێت دانوستاندێكی باش بكرێ‌، ئەوا ئەو دانوستاندنە لەدەست نەدرێت‌و بكرێت باشترە. 
لەدرێژەی گفتوگۆكەیدا، مەلا بەختیار، پێویستی دڵنیایی لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان‌و یەك هەڵوێستی لەپێناو پرۆژەو ئامانجی هاوبەشی نەتەوەیدا، بەگرنگ‌و زەرورەتی ئەم قۆناغەی خەباتی رۆژئاوا پێناسە كردو هەروەك لەو پێناوەشدا، پشتیوانی و هەڵوێستی یەكێتیی دووپاتكردەوە‌و وتیشی: هەروەك چۆن پێویستە پشتیوانییەكانتان بپارێزن‌و گەشەی پێبدەن، بەهەمانشێوە، پێویستە هاوسەنگی پەیوەندییەكانتان لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتیش بپارێزن.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەشدا، وەفدی میوان، بەسوپاسەوە لەسەرنج‌و تێڕوانینەكانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان روانی‌و هەروەك سوپاس‌و پێزانینی خۆیان بۆ هەڵوێست‌و سیاسەتی یەكێتیی، بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان دەربڕی‌و رایانگەیاند:
بەدرێژایی شۆڕش‌و راپەڕینی رۆژئاوای كوردستان‌و قۆناغە جیاوازەكان، هەڵوێست‌و پشتیوانییەكانی یەكێتیی، بۆ گەلی رۆژئاوای كوردستان مایەی دڵخۆشی‌و پێزانینە، چونكە هەڵوێستی یەكێتیی، روون‌و ئاشكرا بوو بۆ وەیدیهێنانی ئامانجە سیاسی دیموكراسییەكانمان، هەروەك چۆن ئێستا، هەلومەرجەكە پێویستی خەباتی سیاسیی بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان دەخوازێ‌، یەكێتیی پشتیوان‌و لەسەر هەڵوێستەكانی سوورە، ئەمەش جارێكی تر مایەی رێگرتنمانە‌و دەستخۆشیتان ئاراستە دەكەین، چونكە دەزانین یەكێتیی هەمیشە باجی ئەم هەڵوێستە نیشتمانیی‌و نەتەوەییەكانی داوە.