عەشقی هاجەرەم خوێندەوە

ڕەخنەی چاودێر 15/08/2018

 

دواهەمین كتێبی گێڕانەوەی نوسەر ئیدریس عەلی بوو كە ماوەیەك بەر لە ئێستا چاپو بڵاوی كردەوە. 
‎عەشقی هاجەرەم خوێندەوە ناونیشانی وتارێكی درێژی وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا حەمە كەریم عارفە بەو ناوەوە کەتیایدا زۆر بەوردی و بە كوردییەكی پاراوو لە ڕێی تیۆرە ئەدەبی و دەرونییەكانەوە دەربارەی دەقەكە دەنوسێت و ڕەخنەی چاودێر لەم ڕۆوە بەچەند بەشێك بڵاوی دەكاتەوە . 
‎خوێنەرمان بن.

عەشقی هاجەرەم خوێندەوە
حەمە کەریم عارف
بەشی دوه‌م

 

 

دیارە ڕووداو یەکێکە لەو پایە هەرە گرینگانەی کە دەقی ئەدەبیی لەسەر ڕۆدەنرێ... جا ڕووداو دەکاتە بوویەرێک یا کۆمەڵە بوویەرێکی زنجیرەیی یان پچڕ پچڕ و پەڕاگەندە لە توێى کات و زەماندا... هەر ڕووداوێک بکەرێک یا کۆمەلە بکەرێکی هەیە، کە لە دنیای هونەردا زیاتر لە کاراکتەردا بەرجەستە دەبێت و خۆی دەنوێنێ، جا بەوپێیەی کە کاری چیرۆکڤانی ڕەنگدانەوەیەکی هونەریی ڕووداوە واقیعییەکانی ژیانە و هیچ ڕووداوێکیش لە دەرێی کات و شوێندا نییە، واتە هەر سێ ڕەگەزی ڕووداو، کات و شوێن، یەکانگیر دەبن و زەرورییەتی لەدایکبوونی دەقێکی چیرۆکڤانی پوختە و خەمڵیو وا دەخوازێت کە ڕووداو پەیوەندییەکی هونەریی دەگەڵ ڕەگەزە سەرەکیەکانی دەق دا واتە ( کات، شوێن، کاراکتەر و دیالۆگ) دا هەبێت، بەڵام ڕووداو وەکو ڕەگەزێکی بونیادیی ڕۆمان، بەدەم پرۆسەی ئەفراندنەوانییەوە، داڕشتنەوە و خوێندنەوەی تازەی بۆ دەکرێت و بەجۆرێ دەهونەرێنرێت، کە مۆرک و شەقڵێکی ئیستاتیکی و دەلالی بە دەقەکە و گێڕانەوە چیرۆکڤانییەکە ببەخشێت، جا لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا جۆرە (     ) نۆرە کاری بەکار هاتووە، هەرجارەی پاژێکی ڕووداوەکە لە کات و شوێنێکی جیاوازدا دێتە گێڕانەوە و کە ئەمە لە بنەڕەتدا تەکنیکی سینەماییە و پێی دەگوترێت مونتاژی سینەمایی و بووە بە یەکێک لە سیماکانی ئەدەبی تازە... دیارە ئەم تەکنیکە وا لە خوێنەر دەکات، لەپاڵ ئەرکی خوێندنەوەدا، بەناجاری پەیگیی ڕووداوەکان بکات و لە زەینی خۆیدا بیانداتەوە دەم یەک و مۆنتاژیان بکاتەوە، بۆ ئەمەش ناچارە بەردەوامی بە خوێندنەوە بدات تا دەگاتە تیمەی دەقە ئەدەبییەکە و کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەکاتە خوێندنەوەیەکی کەشفکاریانە و خوێنەر لەزەتێکی ئیستاتیکی زیاتر لە دەقەکە وەردەگرێت.
ڕووداوی سەرەکەی لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا عەشقێکی ناکامە، لە کۆمەڵگەیەکی غەیبانباوەڕ، ئەقڵیەتی خێڵەکی، بابسالاری دا، هەڵبەتە لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا تاک حیسابی بۆ ناکێت، لەنێو بنەماڵە و خێڵ و قەوم و دەسەڵاتدا تواوەتەوە و بۆی نەبووە لە ئاقاری دابونەریت هێوەتر بڕوات، بۆی نەبووە کەمتری گومان لەو شتە بکات کە دابونەریی کۆمەڵایەتی مۆری کردووە، چجای دەربڕینی ناڕەزایی، واتە لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئازادی تا نەبووە.. جا لە کۆمەڵگەیەکدا خەڵکی لە ئازادی مەرووم بن، عەشق دەرفەتێکە بۆ جەڕباندنی ئازادی،  لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا هەردوو لایەنی عەشقە ناکامەکە هەوڵ دەدەن لە میانەی پەیوەندییە ئاشقانەکەیانەوە، لە میانەی ئاشقێینیەوە خۆ بدۆزنەوە، بەڵام بێهودەیە، قەرارساز و دەمراستی ماڵباتی (فەقێ عەلی) کە دابونەریتی کۆمەلایەتی ڕێگەی داوە لە جیاتی هەموو بنەمالەکە بیربکاتەوە و قەراربدات، بەبیانووی جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، نەک هە ئەو ئەشقە زندەبەچاڵ دەکات، بەڵكو ئامادەشە لە خوێنی هەڵکێشێ.
گوتیار بە وەرگر دەڵێت کە باپیری ( دەمڕاستی ماڵە) مەلا و خزم و کەسوکار و پیاوماقولا کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێت: ( ئاخر بەڕیشی کێ رەوایە تێکەڵاوی و خزمایەتی ماڵەقەرەجێک بکەم، کە کەس نازانێ ئەسڵ و فەسڵیان چییە؟ ل ٩٢- ٩٣ عەشقی هاجەرە).
هەروەها خالۆگەورەکەی ( فەقێ عەلی) کە ڕاسپێردراوی باوکی فەقێ عەلییە،  بە خەیال و وێنای گوتیاری دەقەکە: ( دەمانچەی ژێر پشتوێنەکەی دەهناوە و هاواری کردووە کە ئەگەر بەیانی هەستێ و لێرە بیانبینێ، بەم دەمانچەیە هەردووکیان دەکوژێت...! ل ٩٤ هەمان سەرچاوە).
دیارە کاردانەوە و هەڵوێستی فەقێ عەلی ئاشقی هاجەرەهەمان کاردانەوە و هەڵویستی خەڵکی سایەی سیستەمی کۆمەڵگەی بابسالارییە، هەڵویستیکی نەرێنییە، کە بریتییە لە هەرەشەی خۆکوژی! کە ئەمەش بە چارەسەرێکی خێڵەکیانە  پینە دەکرێت، ژنی بۆ دێنن، هەڵبەتە بەبێ پرسی خۆ، چونکە دمڕاستی ماڵبات لەجیاتی ئەو بیردەکاتەوە، بڕیار دەدات، ئەو تەنها ملکەچی  وگوێڕایەڵی لەسەرە، دەنا وەک ڕۆژی ڕووناک عەیانە کە مەجنوون بۆیە مەجنوونە کە جگە لە لەیلا بە کەسی دی ڕازی نییە... بەڵام لە دواییدا، فەقێ عەلی دوای ئەوەی قۆناغەکانی خوێندنی فەقیاتی تەواو دەکات، مەلایەتی ناکات بە پیشە، دەبێ بە دوکاندار، دوکانی کەمالیات و بابەتی ژنانە دادەنێت، کە دەشێ ئەم هەڵوێستە بە جۆرە قەرەبووردنەوەیەکی بێ هەڵوێستی ئەو دەرهەق بە ئەشقە ناکامەکەی ڕاڤە بکرێت، بە جۆرە زندوو راگرتنێکی ئەشقە ناکامەکە لێک بدرێتەوە و بە زمانێکی گۆنگ و مەجازی بڵێت ئاینێک پشتیوانی دەسەڵات بێ، ئایینێک ڕەگی لە ئاشقان بێ، هەر بۆ ئەوە باشە پشتی تێ بکرێت.   دیارە لە سیستەمی بابسالاریدا، تاک ئازاد نییە، ملکەچ و گوێڕایەڵی دابو نەریتی باوە، دەمسپی و دەمڕاستی کۆمەڵگە دەکاتە لوتکەی دەسەڵات، ئازادی ڕەهای ئەم لوتکەیە لەسەر حیسابی تاکە.. بۆیە دەبینین لەم دەقەدا ( عەشقی هاجەرە) دێخاوەریش، کە ئافرەتە و لە سایەی سیستەمی بابسالاریدا، لە پیاو زۆر پەراوێزخراوترە هەمان بۆچوونی بابسالاری کاوێژ دەکاتەوە و کاتێ هاجەرە، پەردەی شەرمی دڕیوە و خۆشەویستی خۆی بۆ فەقێ عەلی، لای ئەو دەدرکێنێ  نەک پشتیوانی لە هاجەرە ناکات- کە ئەگەر بیکردایە بە لەبری دەیکردە داکۆکی لە ژنایەتی خۆیشی بەڵو ساردیشی دەکاتەوە، ئەوەتا گوتیار و  قارەماسنی دەقەکە بە گومانەوە دەڵێت ( ڕەنگە دێخاوەریش بە هاجەرەی گوتبێ کە فەقێ عەلی هێستا مێردمنداڵە و تاقانەی دوو خوشکە، پێناچێت باوکی رازی بێت تۆ بۆ کورە تاقانەکەی بخوازێت، بەتایبەتی کە زانراوە ئێوە لە خێڵەقەرەجەکانن...! ل ٨١ عەشقی هاجەرە) ئەمە کاوێژکردنەوەی هەمان بیروبۆچوونی بابسالارییە و هەمان زامنی نێرسالاری.
*
دیارە کاراکتەر، یەکێکە لەکۆڵەکە هەرە گریگەکانی کاری چیرۆکڤانی دەکرێت بە دانەمۆی سەرەکی کاری چیرۆکڤانی دابنرێت، زۆر جار نووسەر لە ێگای کاراکتەرەوە هەموو ڕەگەزە سەردییەکانی دی کۆدەکاتەوە و  دەیانخاتە خزموتی نەشونما و پەرەسەندنی گوتارە سەردییەکە... دیارە کاراکتەر ئەوزارێکی زۆر گرینگە بەدەست نووسەرەوە و لەڕێگای کاراکتەرەکانییەوە، واقیع و دینامیکیەتی ژیان کەشف دەکات،  هەڵبەتە گرینگی کاراکتەر لە دنیای چیرۆکڤانیدا، وەستاوەتە سەر رادەی حوزور و کاریی ئەو کاراکتەرانە لە بونیادی ڕووداوەکاندا، واتە کردار و گوفتاری کاراکتەر، پێوەرە بۆ گرینگی ڕۆڵی لە بونیادی کارە ڕۆمانەوانییەکەدا.
زۆر جار کاراکتەر، هەڵگری ڕەهەندێکی دەلالییە، دەکرێت وەکو کۆد بۆ کردنەوەی نهنییەکانی دەق سوودی لێوەربگیرێت، زۆر جار گوتیار یا نووسەر کاراکتەرەکان لە ڕیگەی وەسف یا دیالۆگەوە نمایش دەکات، هەم کار لە ڕووداوەکان دەکەن، هەم دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانەوە... هەڵبەتە زۆری ژمارەی کاراکتەرەکان و فرە جۆرییان هەوڵێکە لەلایەن نووسەرەوە هەم بۆ دابینکردنی گۆشەنیگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی هەم بۆ نمایشکردنی نموونەێن جیاوازی کۆمەڵگە، بۆیە کاراکتەر لە هەردوو ئاستی بونیادەوانی و دەلالی دا زۆر گرینگە و دەکاتە ئە داینەمۆیەی کە جوولە دەخاتە دەقەکە و  هەموو پەیوەندییە حیکایەتوانییەکە دەجوڵێنێ.
جاران گوتیار زاڵ بوو بەسەر تێکڕای پڕۆسە گیڕانەوانییەکدا، بەڵام لە سەدەی نۆزدەوە، ئیدی کاراکتەران لە هەژموونی گوتیاری هەموو شت زان ڕزگار بوون، لە ڕێگای مەنەلۆگ یان دیالۆگی ڕاسەوخۆوە گوزارشتیان لە ناخی خۆیان کردووە.
بەهەرحاڵ دەقی چیرۆکڤانی بێ کاراکتەر، وەک ئاواییەکی بێ ئاوەدانییە، بۆیە هیچ نابێ بە زیادەڕۆیی گەر بگوترێ بایەخی کاراکتەری چیرۆکڤانی لە بایەخی ڕووداو، کات و شوێنیش گرینگترە، چونکە نووسەر لە ڕێگەی کاراکتەرەوە دەتوانێ گوزارشت لەو بۆچوون و مەبەستانە بکات کە دەیەوێ لە ڕۆمانەکە، واتە کارە چیرۆکڤانییەکەدا دایبچێنێت، لەڕێگای کاراکتەرەوە دەتوانێ بگاتە ئەو حەقیقەتانەی باوەڕی پێیان هەیە و گەرەکیەتی بیگەیەنێتە خوێنەر ( وەرگر) بە کورتی و کرمانجی کاراکتەر لە دنیای کاری چیرۆکڤانیدا، چ حەقیقی بیت یا خەیاڵی، چ سەرەکی بێ چ لاوکی، وەک ئەو تەلی کارابایەیە کە ڕووناکی دەگەیەنێتە زری نووسەر و ئەو حەقیقەتانەی گەرەکیە بیگەتیەنێت خوێنەر، هەڵبەتە دەکرێت یەکێک لە کاراکتەرەکان لە ژیانی واقیعی نووسەرەوە هەڵێنجنرابێ، بەڵام دەبێ ئەوە ڕەچاوکرابێ کە کاراکتەری ئاسایی لە کاری ونەریدا، مەحاڵە وک چۆن لە ژیاندا هەیە، بەو ئاوایە بەرجەستە بکرێت، چونکە جیاوازی کاراکتەری چیرۆکڤانی ( هونەری) لەگەڵ کاراکتەری ئاساییدا، لەوەدایە کە کاراکتەرت چیرۆکڤانی زاەی خەیاڵی نووسەرە و بۆ مەبەستێکی هونەری دیاریکراو هاتووتە ئەفراندن، واتە کاراکتەری ئاسایی کە دێتە ناو دنیای کاری هونەرییەوە، ئەرککی تازەی دەکەوێتە ئەستۆ و ژیانی مانا و ئاراستەیەکی هونەری تازە وەردەگرێت و دەبێت بە بەشێک لە تابلۆیەکی هونەری گەورەی ئەوتۆ کە ئەسڵەکەیمان لەبیر دەچێت و تەنها کاراکتەرە خەیاڵییە هونەرییەکە دەناسین، دیارە هەر کاراکتەرێک لە ژیاندا  ڕەگوڕیشە و ئەسڵێکی هەیە، بەلام کاراکتەری هونەری جیاوازە لە کاراکتەری ئاسایی، ئەگەر ئەو جیاوازییە نەبێ هەرگیز هونەریەت وەرناگرێت.
لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا چەند قارەمان و کاراکتەرێک هەن، کە زۆربەی هەرە زۆریان سادەن، زیاتر لە میانەی گێڕانەوە و وەسفی گوتیارەوە دەناسرێن، تا لە ڕیگای هەڵسوکەوتی خۆیان، یا بەشداری ڕاستەوخۆیان لە ڕووداوەکاندا، کە ئەمە بووەتە هۆی غیابی فرە دەنگی، تاک دەنگی، لەسەر حسابی فرە دەنگی، لە سەرانسەری دەقەکەدا زاڵە... کاراکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە گوتیاری دەقەکە کە بێ ناوە! باوک ( فەقێ عەلی) کە باوکی گوتیارە، هاجەرە کە دلبەری ( فەقێ عەلی) یە، ئایشێ، دایکە کە دەکاتە (دایکی گوتیار) و دێخاوەر کە پوری ( باوکە) گوتیار لەم دەقەدا کە خۆی نووسەرە، بەدەم ڕەوتی کارە چیرۆکڤانییەکەوە، بەرە بەرە بۆ خوێنەر دێتە ناسین، بەخۆی دەڵێت: ( دەڵێن ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووم، بەڵام لە پشتی تەسکەرەکەمدا ڕیکەوتێکی تر نووسراوە ل ٢٢ عەشقی هاجەرە) دیارە ئەم ێکەوتە هەڵوەستە و ڕامانێک هەڵدەگرێت، لەم ساڵەدا هەڵەبجە، لە شوێنی کارە هونەرییەکەیە، لە ٢٦/ ٤ دا لەلایەن فڕۆکەکانی ڕژێمی وەختی عێراقەوە بۆردومان کراو خەڵکانێکی زۆر شەهید بوون و زەرەرو زیانی مادیشی لێکەوتەوە و بۆ ئەو سەردەمە کارەساتێکی گەورە بوو و لە یادگەی هەلەبجەشدا نایەتە سڕینەوە، وا دیارە گوتیا، لەڕێگای ناوهێننی ساڵی ناوبراوەوە، کە ساڵی لەدایکبووی خۆیەتی و  و دایکی لەکاتی لەدایکبوونی ئەودا بوراوەتەوە و ئەوانی دەروبەری وایان زانیوە مردووە، ویستوویەتی کارەساتی بۆردومانەکە ساڵ ١٩٧٤ لەیادگەی خوێنەردا زندوو بکاتەوە.. ئەوەتا یەکێک لە پورەکانی گوتوویەتی: ( ئەم  نداڵە اسەرەخۆرەیە...! ل ٢٤، عەشقی هاجەرە).
گوتیار، ڕۆژنامەنووسە، ئەوەتا بەخۆی دەڵێت: ( بەتایبەت کە ماوەیەک لە ڕۆژنامەدا کاری بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاریم کردووە...) دیارە ڕۆژنامەنووس دەبێ کەسێکی لاپرەسەن و کونجکاو بێت، شتەکان لە بنج و بناوان بکات و سەرچاوەی سەرچاوەی زانیارییەکلانی هەمەجۆر بێت، تا متمانەی زیاتری پێ بکرێت، کە ئەم قارەمانە ڕیک هەمسن شتی کردووە و زۆربەی قارەمانەکان بوون بە سەرچاوەی زانیارییەکانی، لەوانە دایک، مام حوسێن، دێخاوەر و... هتد، ( بڕوانە ل ٣٤، ٣٥، ٣٦، ٧٥ ) : گێڕانەوەکانی دێخاوەر لە ڕابردوودا بۆ ئێستای من، باشترین و ڕاستگۆترین سەرچاوەن و...)
زۆر جار گوتراوە ڕۆژنامەنووسی و سیخوڕی داوە موویەکیان بەینە، واتە ڕۆژنامەنووسی دیوە سپییەکەی جاسووسییە، جا قارەمانەکەی لەمەڕ ئێمە کە ڕۆژنامەنووسە، بە هەمان کونجکاوی ڕۆژنامەنووسییەوە ڕەفتار دەکات و بەخۆی دەڵێت: ( بە کوردی و کرمانجی، فرت و فێڵی خۆم بەکار هێنا و ئەوەی لەژێر بەڕەکەیدا بوو، بۆی خستمە سەر ڤەڕە... ل ٩١ عەشقی هاجەرە) لێرەدا خاڵۆگەورەکەی باوکی بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ و پورزا کتێبفرۆشەکەی خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبن بە سەرچاوەیەکی تری زانیارییەکانی... هەروەها چوونی گوتیاری قارەمان بۆ گوندەکەی زیدی باب و باپیری، بەمەبستی نووسینەوەی بەشە هەستیارەکەی ئەم دەقە، کارێکی ڕۆژنامەوانییە و ئەوە لە زەینی خوێنەردا زندوو دەکاتەوە کە ئەم گوندە مەڵبەندی ئەشقە ناکامەکەی فەقێ عەلی و هاجەرە بووە: (  پێم نەگوتن کێم و کوڕی کێم، پێم نەگوتن کوڕی ئەو پیاوەم کە ڕۆژگارێک لەم گوندەدا مێردمناڵێکی عاشق بووە و دڵی شکاوە و لەتاو ئەوین خوێنی بووە بە ئاو.. ل ٧٨، عەشقی هاجەرە)
لێرەدا زەینی خوێنەر ئامادە دەکرێت، لە دەوری نووسەری دووەمی دەقدا، بەخۆی نەوتراوەکان کەشف بکات و بەخۆی بۆشاییە هونەرییەکان، کە ئەمەش جۆرە تەکنیکێکە، پڕ بکاتەوە، ئەوەی مایەی سەرنجە، گوتیار کە لە هەمان کاتدا قارەمانی دەقە هونەرییەکەشە، ناوی نییە، وێڕای ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لە سەرانسەری دەقەکەدا هەیەتی، ناوی نییە، پێموایە ئەم پێوارکردنی ناوە، لێرەدا و بەش بەحاڵی ئەم دەقە، تەکنیکێکی پوسەندە، گوتیار ( نووسەر) ناو و شێوەی خۆی بۆ خەیاڵی خوێنەر بەجێهێشتووە، کە بێ چەند و چوون نووسەرە، واتە ( ئیدریس عەلی) یە، بەڵام وەکو گوتراوە، مانگی چواردە ئەنگوستی ناوێ.
باوک ( فەقێ عەلی): وەکو وەکو کاراکتەر تەوەرێکی هەرەگرینگی دەقەکەیە و لە میانی لە میانەی گێڕانەوەکانی گوتیارەوە، وەکو کاراکتەر زندوو دەکرێتەوە و ئامادەگی و حزوور پەیدا دەکات، ئەمە تەنها باوکێکی ئاسایی و ڕووت نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی دەلالی وەرگرتووە، (        ) سیستەمی بابسالارییە، بۆ ئەم دەقە و لەناو دەقەکەدا، دەکستە نوێنەری نەوەی دووەمی سیستەمی بابسالاری، هەر بۆیە دەبینرێ هەمان جۆش و خرۆشی باوک و خاڵۆگەورەکەی ( فەقێ عەلی) دەرهەق بە سیسیەمی ناوبراو نییە، و واقیعی دەقەکە و چۆنیەتی حزووری ( فەقێ عەلی) لە دەقەکەدا، ئەوەمان نیشان دەدات کە سەردەمی سیستەم و دەسەڵاتی بابسالاری ڕوو لە داڕوخان و ئاوابوونە... بەڵام ئەم ئاوابوونە بەرە بەرە لە سەرانسەری دەقەکەدا دەردەکەوێت تا لە کۆتاییدا دوای ئەوەی دەبێت بە کەسێکی دوورەپەرێز و لاواز، لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە تەواو دەپوکێتەوە و بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە ( قادسیەی سەدام) بە قەسف و تۆپبارانی ئێرانەوە دەکوژرێت، گوتیار دەڵێت: ( بەخۆم بەر لە کوژرانەکەی بینیم، بەجۆرێک بچووک بووبووەوە کە بە ئاستەم دەناسرایەوە، تاکو گەیشتە ئەو ئێوارەیەی کە شەوەکەی بە قەسف دەکوژرێت و لەبری خوێن ئاو لەلەشی دەڕژێت، ئەو ئێوارەیەی کە ئیتر تەواو هەستمان بە نەبوونی ئەو دەکرد و ماوەیەکیش بووبووە مایەی شەرم و تەریق بوونەوەمان کە ئەوە باوکمانە ل ١٠٠ عەشقی هاجەرە) لەبن دێڕی ئەم پەرەگرافەدا خوێنەر جۆرە پەشیمانییەک لە گوتیاردا دەخوێنێتەوە زادەی نەمانی باوکە، کە بۆشاییەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی لەلا درووست کردووە، ئاساییە ئەو بۆشاییانە تا پڕ دەبنەوە جۆرە هەستێکی وەکو پەشیمانی لای بەرانبەر درووست دەکەن.. کە ئەرکی دەقی هونەری لە بنەڕەتدا ئەوەیە ئەزموون بگۆڕێت بۆ هەست.
 گوتمان ئاوابوونی دەسەڵاتی بابسالاری بەرە بەرە لە سەرانسەری دەقەکەدا دەردەکەوێ.. ئەوەتا شەوێک لە ترسی تۆپباران خەڵکی خۆ کۆدەکەنەوە کە بچنە پەنا و ژێرزەمینان، گوتیار دەڵێت: ( دایکم بێ پەروا جانتا ڕەشە بچوکەکی ناو تاکی بۆفێکە دەگەرا و دەیدا بەیەکدا.. کوا؟ دایکم هەر دەیگوت کوا؟ تەسکەرەکەی باوکتا بۆ دیار نییە؟ چی لێهاتووە؟ ئەی خۆی ئێستابەم ئاگر و ئاسنبارانە لە کوێیە؟ ل ١٦، ئەشقی هاجەرە) لێرەدا دیارنەمانی تەسکەرەی باوک، ئاماژە و زەمینەسازییە بۆ بۆ غیابی یەکجارەکی باوک.. ئەمە جگە لە جانتا ڕەشەکە، کە ڕەنگی ڕەش لە کوردەواریدا زیاتر ڕەنگی ماتەمباری و ڕەشبینییە.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە، باوک ( فەقێ عەلی) لەم دەقەدا دەکاتە نوێبەری نەوەی دووەمی سیستەمی بابسالاری، چونکە سیستەمەکە ڕوو لە هەرەس و داڕوخانە هەمان جۆش و خرۆش و تاسووبی باوک و خاڵۆ گەورەکەی باوکی دەرهەق بە سیستەمی ناوبراو نییە و تەنانەت وەکو پێویست مومارەسەی باوکایەتیش ناکات و کە قۆناغەکانی خوێندنی فەقیاتیش تەواو دەکات، مەلایەتی ناکات، کە خۆی لە خۆیدا پشتیوانی دەسەڵات و سیستەمی بابسالارییە، دەڵێت: ( لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووم، بەڵام لە پشتی تەسکەرەکەمدا ڕێکەوتکی تر نووسراوە... بۆیان گێڕاومەتەوە کە باوکم هیچ گرنگییەکی بەم شتانە نەداوە و خۆی لەم کاروبارە یاسایی و خێزانیانە دوور گرتووە و جگە لە کاسپی و دوکانەکەی، هەقی هیچ شتێکی دیکەی خءزانەکەی نەبووە...! ل٢٢، عەشقی هاجەرە) حزووری باوکایەتی باوک لە خێزانەکلەدا هێندە لاوازە، کوڕەکەی هەست بە بوونی باوکی ناکات، لە دیمەنێکی دابەشکردنی جلوبەرگدا بەسەر منداڵە هەتیووەکاندا لە قوتابخانە، دەست هەڵدەبڕێ و دەڵێت: ( مامۆستا منیش هەتیوم باوکم نیییە...! ل ٢٩، عەشقی هاجەرە) مامۆستایەکی دراوسێیان دەڵێت: ( من ەم شەو باوکتم لە مزگەوت بینی، بۆ درۆ دەکەیت سیسی پیس؟ ل ٢٩، عەشقی هاجەرە) لێرەدا گۆشەیەکی ڕواڵەتی گوتیاریش خراوەتە ڕوو کە کەسێکی سیس و  پیسە، لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێ کە فەقێ عەلی، پێش ئایشێ، ژنێکی تری هەبووە، لێی جیا بووتەوە، کوڕ و کچێکی لەو ژنە هەیە، بەڵام هیچ مامەڵە و مالیجەیەک لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا نەکراوە، تۆ بڵێی ئەمە پرسیار لای خوێنەر دروست نەکات، یا خوێنەر بە ئاسانی چاوپۆشی لەم غەفڵەتە هونەرییە بکات...!

 

چاوه‌ڕوانى به‌شه‌كانى تربن.