یەكێتی جەخت لە سەربەخۆیی رێكخراوە (ئێن جی ئۆ)كان دەكاتەوە

کوردستان 15/08/2018


چاودێر- تایبەت:
ئەمڕۆ (15/8/2018) مەلا بەختیار، لێپرسراو و عومەر فەتاح، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، بەئامادەبوونی نەرمین عوسمان، سەرپەرشتیاری مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، بەئامانجی گفتوگۆ بۆ پاراستنی لیبراڵییەتی كاری رێكخراوە ئێنجی ئۆكان و چۆنێتی سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەی بەرنامەی كارو چالاكییەكانیان‌و گەشەپێدانی پەیوەندییەكانیان، لەئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، لەگەڵ بۆردی رێكخراوە ئێنجی ئۆكان، كۆبوونەوە.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، هەروەك چۆن لەرابردوودا خوێندنەوەو تێڕوانینەكانی بۆ "گواستنەوەی خەباتی چەكداری لەشاخەوە، بۆ راپەڕینی شارەكان"، وەك پێویستی هەلومەرج‌و دوا دەرفەتی قۆناغی سەردەم، لەوكاتەدا خستەڕوو. دواتریش لەپاش راپەڕینی شارەكان "پێویستی خەباتی رێكخراوەیی‌و سەندیكایی" وەك خەباتی مەدەنی‌و دیموكراسی بەخواستی سەردەمی نوێ‌ دەزانی‌و سەرەنجامی ئەو فەلسەفەو پرەنسیپی خەباتەشی لەژیانی كۆمەڵ‌و كاریگەرییەكانی رونكردەوە.
لەئێستاشدا، مەلا بەختیار، لەچوارچێوەی خەبات‌و كاری رێكخراوەیی‌و سەندیكایدا، بوون‌و لیبرالیەتی كاری رێكخراوە ئێنجی ئۆكان، بەپرۆژە‌و بەڕوانگەیەكی نوێی عەقلانی، بەحەتمیەتی وەرگۆڕانی كۆمەڵ، بەرەو كۆمەڵێكی مەدەنی و ژیانێكی تەندروستی دیموكراسی، پێناسە كردو رایگەیاند:
لەئێستادا، رێكخراوە ئێنجی ئۆكان، سەنگێكی گەورەیان هەیەو پەلوپۆی زۆریان هاویشتووە‌و بەجەختكردنەوەش لەگرنگی‌و پێگەیان، بۆ ژیانی دیموكراسی‌و مەدەنی، هۆشیاری‌و وەرگۆڕانی كۆمەڵ، هاوتای هەلومەرجی سیاسی، تێڕوانینە فەلسەفی‌و سیاسییەكانیشی لەباری كاری رێكخراوەیی، بەتایبەت لەپێناو بەدیهێنانی خواست‌و ئامانجە پیشەییەكان، دیدگاكانی بۆ ئەو هۆشیاریی‌و خواستە پیشەیی‌و خەباتە مەدەنییەی كە ئێستا لەكوردستاندا دروست بووە، شرۆڤە كرد، بەتایبەت كە هیچ چوارچێوەیەكی داخراو، ناتوانێ‌ قازانج بەخەباتی مەدەنی‌و پیشەیی بگەیەنێت.
 لەبەردەوامی كۆبوونەوەكەشدا، عومەر فەتاح، ئەندامی دەستەی كارگێڕی، بەتەئكیدكردنەوە، بۆ زەرورەتی داڕشتنەوەی كاری رێكخراوەیی، بەپێی خواستی سەردەمەكە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: هەمیشە رێكخراوەكان، زیاتر لەلێپرسراوێتی‌و كارێك، ئەركیان لەسەرشانە، هەم بەرنامەی نیشتمانیی‌و هەم بەرنامەی پیشەیی‌و دیموكراسی. واتە، پێویستە هەموو رێكخراوێك لەئاستی پێویستدا، هەم ئەركە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانی رابپەڕێنێ‌‌و بەرنامەی بۆی هەبێ‌، هەروەك چۆن پێویستە لەباری پیشەیی‌و دیموكراسییەوە، بەكارو چالاكییەكانی ئەركەكانی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانی رابپەڕێنێ‌. 
هەروەك تەئكیدی لەباوەڕو پرەنسیپی یەكێتی بۆ خەباتی رێكخراوەیی، لەچوارچێوەی پەیوەندییەكی تەندروستی ئۆرگانیكیدا، كردەوە. 
لەلایەن خۆشییەوە، هیوا حەمید، لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە ئێنجی ئۆكان، بەئاماژەكردن بۆ دامەزراندنی یەكەمین رێكخراوی ئێنجی ئۆ، لەسەر دەستی یەكێتیی لەساڵی (1988) بەناوی (كرا)، رۆڵ‌و پشتیوانی یەكێتی بۆ رێكخراوەكان بەگشتی‌و ئێنجی ئۆكان، تەئكید كردەوە‌و پاشئەوەی بەئامار ژمارەی رێكخراوە ئێنجی ئۆكانی لەكوردستان خستەڕوو، سەرنج‌و رەخنەكانیشی رونكردەوە لەسەر زۆرێك لەو رێكخراوانەی كە نەیانتوانیوە لەئاست ئەو ئامانجانەدا بن، كە لەپێناویدا دامەزراون‌و بەپێچەوانەشەوە، باوەڕی خۆی لەپێناو چۆنێتی گەشەپێدان‌و داڕشتنەوەی بەرنامەی كارو چالاكی رێكخراوەكان، ئاشكراكرد.
كۆبوونەوەكە، پاشئەوەی بەپێزانینەوە پشتیوانی و هاوكارییەكانی هەڤاڵ عومەر فەتاح-ی، لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی لەئەنجومەنی وەزیران، بۆ كاری رێكخراوەیی‌و خەباتی مەدەنی‌و دیموكراسی لەكوردستان بەگشتی‌و بێ‌ جیاوازی، بەشایستەیی هەڵەسەنگاند، هاوكات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەدای كاری رێكخراوە ئێنجی ئۆكان، كۆبوونەوە جەختیكردەوە كە: پێویستە سەربەخۆیی‌و لیبراڵیەتی رێكخراوە ئێنجی ئۆكان، پارێزراوبێت‌و بە پرۆژەو چالاكی نوێ‌‌و دوور لەتەقلید‌و خۆ دووبارەكردنەوە، وردتر كار بۆ هۆشیاری زیاتری كۆمەڵ‌و ژیانی مەدەنی و دیموكراسی بكرێت.
لەبەرامبەریشدا، دەستەی كارگێڕی، پشتیوانی بۆ بۆردی رێكخراوە ئێنجی ئۆكان دووپاتكردەوە‌و راشیسپاردن، كە گەشە بە پەیوەندییەكانیان لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی بدەن‌و لەو پێناوەشدا، پێویستە سەرلەنوێ‌ پەیوەندییەكان، لەچوارچێوەیەكی تەندروستدا دابڕێژنەوە، كە خزمەت بەئەكتیڤێتی زیاتری كارو چالاكی رێكخراوە ئێنجی ئۆكان بكات.