چەند شیعرێکی ئۆرهان وەلی

ڕەخنەی چاودێر 15/08/2018

و: زانا خەلیل


(بەخۆڕایی)

بەخۆڕایی دەژین
هەوا بەخۆڕاییە
هەور بەخۆڕاییە
دۆڵ و بان بەخۆڕایین
تەماشاکردنی سەیارە لە دەرەوە
بەخۆڕاییە
بەردەرگای سینەما بەخۆڕاییە
ڕووی شووشەیی
مارکێتەکان بە خۆڕاییە
خۆ ئەوانە وەک نان و پەنیر نین
ئاوی سوێر بەخۆڕاییە
ئازادیی دەبێ ژیانتی بۆ دانێی و
کۆیلایەتی بەخۆڕاییە
بەخۆڕایی دەژین
بەخۆڕایی.


(پیاسە)

دوای نیوەی شەو
بۆچی ڕووناکی 
لەو ماڵە چیاییەدا داگیرساوە؟
چی ڕوو دەدا؟
ئایا دەدوێن
یان یاریی بینجۆ دەکەن؟
شتێ دەکەن..
ئەگەر دەدوێن
دەبێ لە بارەی چییەوە بدوێن؟
جەنگ؟
باج؟
لەوانەیە لە بارەی هیچەوە نەدوێن
منداڵەکان خەوتوون
باوک ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە
دایک دروومان دەکا
لەوانەیە نە ئەم ڕاست بێ و نە ئەو
کێ چووزانێ؟
لەوانەیە ئەو کارانەی کە دەیان کرد
ڕەقیب لێی پچڕاندبن.


(دوو قەسیدە لەسەر سەفەر)

۱
کە سەفەر دەکەی
ئەستێرەکان لەگەڵت دەدوێن
زۆرترین جار
قسەی غەمگینت بۆ دەکەن.

۲
كەسێ کە لە ئێوارەدا
بە سەرخۆشی
گۆرانییەک لەبەر خۆیەوە دەڵێ
ئاسوودە دەبێ
گوتنی هەمان گۆرانی
لە پەنجەرەی شەمەندەفەردا
دڵتەنگی دەکا.


(سوپاس بۆ خوا)

کەسێ لە ماڵێیە،
سوپاس بۆ خوا.
هەناسەیەک،
دەنگی هەنگاونان.
سوپاس بۆ خوا.



(هەنگاو)

سپیندارەکان جوانن
بەڵام ئەگەر گەیشتینە
خاڵی کۆتایی
پێم باشترە
ببمە ڕووبار
نەک درەختی سپیندار.


_ئۆرهان وەلی (1914_1950) شاعیری تورک.
_سەرچاوە:
‏myshadowbook.wordpress.com/
_______