مەلا بەختیار: بەعەقڵیەتی بەرپرسیارێتی مێژوویی، سەیری كێشەی سیاسی نەتەوەكەمان دەكەین

کوردستان 14/08/2018

پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و ریش سپیی عەشرەتەكانی نورەدینی، مەنگوڕ، مامەش‌و ئاڵی كرد


"پیلانگێڕی لەهیچ كەس‌و لایەك قبوڵ ناكەین‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و 
چارەسەری كێشە سیاسەییەكان، بەشانازی دەزانین "

لەچوارچێوەی دیدارو كۆبوونەوەكانیدا، لەگەڵ چین‌و توێژ‌و كەسایەتیی دەڤەرو ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمڕۆ (14/8/2018) مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و ریش سپیی عەشرەتەكانی نورەدینی، مەنگوڕ، مامەش‌و ئاڵی كردو لەدیدارێكیشدا، بەردەوامی رۆڵ‌و عەشیرەتەكانیانی لەتێكۆشان لەقوتابخانەكەی مام جەلال‌و ریزەكانی یەكێتییدا، بەوەفاداری بۆ جەنابی مام جەلال و مێژووی خەباتی رابردوو شۆڕشی نوێ‌ ناوبرد.


لەدیدارەكەیدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پاشئەوەی بەوردی گوێی لەگفتوگۆی ئامادەبووان گرت، بەشایستەیی، دڵسۆزیی و وەفاداری عەشرەتەكانی نورەدینی، مەنگوڕ، مامەش‌و ئاڵی هەڵسەنگاندو تەئكیدیشی كردەوە، كە یەكێتیی و قوتابخانەكەی مام جەلال، رێبازی هەر تێكۆشەرێكی دڵسۆزە، كە بەسیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مام، بۆ مافەكانی نەتەوەكەمان تێدەكۆشێ‌ و خزمەت بەكۆمەڵانی خەڵك دەكات‌و وتی:
یەكێتیی بۆیە جوانە، بۆیە بە بەهێز دەمێنێتەوە‌و نەیارەكانی ناتوانن تاسەر ململانێی لەگەڵ بكەن، چونكە هەڤاڵانی یەكێتی بەراستگۆیانەو بەئاشكرا، بێ‌ سڵەمینەوە ناخی خۆیان دەردەبڕن‌و رەخنە دەگرن‌و پێشنیازیش ئاراستەی سەركردایەتییەكەی دەكەن. یەكێتیش حزبێكە، كادرەكانی، جەمارەكەیی بە پەروەردەی دیموكراسی‌و مەدەنی ئاراستە دەكەین‌و ئێوەش ئەوەتا یەكێتیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانتان هەڵبژاردووە‌و جەختیكردەوە:
هەموو دەربڕینێكی راستگۆیانەو راشكاوانە، بۆ سەركردایەتی یەكێتی مایەی شانازییە، چونكە ئەمە دەیسەلمێنێ‌، یەكێتیی توانیوێتی كادرو ئەندامەكانی بەشێوەیەك پەروەردە بكەن، كە بەجوانی‌و راستگۆیی، ناخ‌و باوەڕی خۆیان دەرببڕن.


مەلا بەختیار، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە ئەو كێشانەی هەمانبوو، هەروەها ئەو حەماسەی كادرو دۆستانی یەكێتی هەیانە، بەڵگەی ئەوەیە كە یەكێتێی هێزێكی چارەنوسسازە، بۆیە كێشەكان نەبوون بە بەربەست لەبەردەم بەدیهێنانی ئەركەكانمان‌و وتی: یەكێتی لەهەڵبژاردن‌و تاقیكردنەوەیەكی سەختی تر هاتە دەرەوەو دۆست و دوژمنیش باش دەزانن، بەبێ‌ یەكێتیی، هیچ بڕیارێكی چارەنوسساز نادرێت‌و سیاسەتییش گەڕاوەتەوە سەر جۆگەی راستەقینەی خۆیی‌و ئێستاش هەمووان بەئاشكراو نا ئاشكرا، بیروباوەڕی یەكێتیی، بۆ پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانیی دەسەلمێنن، ئەمەش بۆ یەكێتییەكان مایەی رێزگرتنە‌و هاوكات لەبڕوایەشەوە، پێویستی یەكگرتنەو یەكڕیزی لەناوەڕاستی رێگەدا، بەپێویستی هەلومەرج‌و دۆخی ئێستا زانی‌و وتی:
هیچ پڕوپاگەندەیەك تا سەر ناخوات، چونكە یەكێتیی ئارامی خۆی تێكنادات‌و بەكارو كاردانەوەش مامەڵە ناكات، چونكە نەك هەڵەیەكی هیچ لایەك، یەكێتی بۆ هەڵە راناكێشێت، بەڵكو هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی هەڵەكانی چارەسەر بكەن‌و ژینگەو زەمینەیەكی تری سیاسی دروست بكەین، بۆ ئەوەی هەوڵبدەین بەهەمومانەوە كێشەكانی كوردستان لەعیراقدا چارەسەر بكەین. ئەم باوەڕەشی بەسیاسەتی یەكێتی‌و جەنابی مام وەسفكرد، كە سیاسەتی چەپكە گوڵەكەو هاوسەنگییە‌و هەرواش دەمێنینەوە، وەك بەشێك لەچارەسەر، نەك قوڵكردنەوەی ناكۆكی‌و كێشەكان‌و جەختیكردەوە:
جیاوازی یەكێتیی لەگەڵ لایەنەكانی تر ئەوەیە، كە بەعەقڵییەتی تەسكی حزبایەتی سەیری كێشەی سیاسی نەتەوەكەمان ناكەین، بەڵكو بەعەقڵیەتی بەرپرسیارێتی مێژوویی، سەیری كێشەی سیاسی نەتەوەكەمان دەكەین. هەروەك چۆن پیلانگێڕی لەهیچ كەس‌و لایەك قبوڵ ناكەین، بەهەمانشێوە پیلان لەهیچ‌و كەس‌و لایەكیش ناگێڕین‌و وتیشی:
یەكێتیی، دۆستایەتی‌و خزمایەتی، بەتایبەت ئاشتی كۆمەڵایەتی بەگرنگ و پێویست دەزانێت، چونكە ئاشتی كۆمەڵایەتی بەدێهێنەری ئاشتی سیاسییەو بەپێچەوانەوە تێكچوونی كۆمەڵایەتی، تێكچونی سیاسی لێدەكەوێتەوە، بۆیە یەكێتیی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و چارەسەری كێشە سیاسەییەكان بەشانازی دەزانێت.