ئاردی بایەعی ناكۆكی دەخاتە ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە

ڕاپۆرت 14/08/2018

چاودێر-
لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی ڕاپۆرتێكەوە ڕایگەیاند، بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان شیاوی خواردن نییە، بەڵام لەبەرامبەردا لەئەنجامی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا هاوڵاتیان دڵنیاكرانەوە، كە ئەو ئاردە شیاوی بەكارهێنانە، ئەمەش دڵەڕاوكێی لای هاوڵاتیان دروستكردووە و هێشتا دڵنیانین لەشیاوی ئەو ئاردە.

ئەمڕۆ 48 هەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، كە لەیەكێك لەتەوەرەكاندا باس لە كوالیتی بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان كرا، بەجۆرێك لیژنەی كشتوكاڵ ڕاپۆرتێكیان ئامادەكردبوو، كە تێیدا جەخت لەخراپی و نەشیاوی ئەو ئاردە دەكرایەوە.

ئەم بابەتە گفتوگۆیەكی درێژی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێك بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا جەختیان لەخراپی ئەو بەشە ئاردە دەكردەوە، چونكە هەندێك نمونەی خراپی ئارد و گەنمیان لەلابوو، كە وردە بەرد و چەو و بلۆك و بەتانی تێدا بوو، یاخود بۆنی ترشەڵۆكی لێ دەهات.

لەبەرامبەر ئەم ڕایەدا بەشێكی دیكە لەئەندامانی ئەنجومەن پێیانوابوو، ڕاپۆرتەكەی لیژنەی كشتوكاڵ پڕ زانیاری نییە و دڵنیایی لەخراپی ئاردەكە نادات، هاوكات لایەنی كەمتەرخەمیش دەستنیشان نەكراوە.
 
لەم بارەیەوە ئازاد حەمە ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە 48 هەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا بەئامادەبونی بەڕێوەبەری سایلۆكان و دانەوێڵەی سلێمانی بەڕێوەچوو، كە تێیدا دڵنیاكرانەوە ئەو ئاردەی مانگانە بەهاوڵاتیان دەدرێت شیاوی بەكارهێنانە، بەڵام بێپێزە، و بۆ دڵنیایی زیاتریش لێژنەیەكیان پێكهێناوە بەمەبەستی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی ورد، كە تێیدا كەسی كەمتەرخەم دەستنیشانبكرێت بۆئەوەی بدرێنە داواكاری گشتی.

لەلایەكی دیكەوە كاسترۆ مەعروف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەمیانی بەڕێوەچونی 48هەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتێكیان ئامادەكردووە، كە تێیدا دەركەوتووە، بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان ناتەندروستە و ئەگەر هاوڵاتی ئەو گەنم و ئاردە ببات بۆ ئەو كارگانە وەریناگرن، چونكە بۆ خواردن شیاو نییە، بەجۆرێك ئەو ئاردە بۆ خواردنی ئاژەڵ بەكاردێت نەك هاوڵاتی.

ناوبراو هێمای بۆئەوەشكرد، سایلۆ و بەڕێوەبەرایەتی دروستكراوی دانەوێڵە بەرپرسیارن لەم بابەتە پێویستە ئەو كەسانەی لەم بابەتەوە تێوەگلاون ڕووبەڕووی سزا بكرێنەوە.

بەڵام پاش ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، پەسەند نەكرا، دووبارە لیژنەیەكی دیكە دروستكرایەوە، بۆ بەدواداچونی ئەم بابەتە، لەم بارەیەوە كاسترۆ مەعروف لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێز لە ڕای ئەندامانی ئەنجومەن دەگرێت و هەوڵدەدەن لەم لیژنە نوێیەدا ڕاپۆرتێكی دیكە ئامادەبكەن.

هاوكات نەسرین محەممەد، بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی   لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دڵنیایی لەبەكارهێنانی ئەو ئاردە دا و جەختی لەوەكردەوە، هیچ گرفتێكی نییە، بەڵكو تەنها بێ پێزە.

لەپاش كۆتایی هاتنی ئەم كۆبونەوەیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لیژنەی كشتوكاڵ دڵنیا نییە لەشیاوی بەكارهێنانی بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان و بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانیش دڵنیای لە شیاوی ئەو ئاردە دەدات، بۆیە لەئێستادا هاوڵاتیان چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگا دەكەن، تاوەكو دڵنیادەبنەوە لە شیاوی بەكارهێنانی ئەو ئاردە.