شەڕی دژ بە كورد، ئابووریی توركیای تووشی قەیران كرد

کوردستان 14/08/2018

چاودێر-

موراد قەرەیلان ئاشكرایدەكات، هۆكاری ئەو قەیرانە ئابوورییەی توركیا شەڕەكەیانە لەدژی گەلی كورد، بابەتەكە پەیوەندیی بە زۆربوون و كەمبوونەوەی پارەی كاشەوە نییە، بەڵكو ئەوەی روودەدات تەنها دەرەنجامەكەیە.

موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەكەكە لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ "ستێرك تیڤی" لەبارەی قەیرانی ئابووریی توركیاوە وتی "ئابووریی توركیا بۆ ئێستا تووشی قەیران بووە؟ هەموو رۆژێك ٥٠ بۆ ٦٠ فڕۆكەی جەنگیی بەسەر عەفریندا دەسوڕاندەوە، لە عەفرین زیانی زۆری بەركەوت و زۆر شتیان لە دەستدا. لە خواكورك، زاگرۆس و هەموو ناوچەكانی باكووری كوردستان هەموو رۆژێك گورزی قورسی لێدەدرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، بۆئەوەی خۆیان لەو دۆخە رزگار بكەن، هەموو رۆژێك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، فڕۆكە و كۆپتەری جەنگی هەڵدەستێنن، ئەوە هەمووی بە پارە دەكرێت و تێچوویەكی زۆری دەوێت.

باسی لەوەشكرد، سەرباری ئەوەی قەتەر هەندێك هاوكاریی توركیا دەكات، بەڵام خەرجی ٥٠ هەزار چەتەش دەدات، بە كورتی و كرمانجی هۆكاری ئەو قەیرانە ئابوورییە شەڕەكەیانە لە دژی گەلی كورد.

ئەوەی خستەڕوو، بابەتەكە پەیوەندیی بە زۆربوون و كەمبوونەوەی پارەی كاشەوە نییە، بەڵكو ئەوەی روودەدات تەنها دەرەنجامەكەیە، ئامادەنین لەبەرامبەر كۆمەڵگەدا دان بەو راستییەدا بنێن و ئەو راستییە دەشارنەوە، بەڵام ئیتر راستییەكە ئاشكرابووە و ناشاردرێتەوە.