عەشقی هاجەرەم خوێندەوە

ڕەخنەی چاودێر 14/08/2018

دواهەمین كتێبی گێڕانەوەی نوسەر ئیدریس عەلی بوو كە ماوەیەك بەر لە ئێستا چاپو بڵاوی كردەوە. 

‎عەشقی هاجەرەم خوێندەوە ناونیشانی وتارێكی درێژی وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا حەمە كەریم عارفە بەو ناوەوە کەتیایدا زۆر بەوردی و بە كوردییەكی پاراوو لە ڕێی تیۆرە ئەدەبی و دەرونییەكانەوە دەربارەی دەقەكە دەنوسێت و ڕەخنەی چاودێر لەم ڕۆوە بەچەند بەشێك بڵاوی دەكاتەوە .
‎خوێنەرمان بن.


عەشقی هاجەرەم خوێندەوە
حەمە کەریم عارف

بەشی یەکەم


دیارە گوتار دەکاتە کۆڵەکەیەکی هەرە بنەڕەتی و سەرەکی هەر کارێکی گێڕانەوەکاری، واتە سێکوچکەی دەقی گێڕانەوانی بریتییە لە گوتیار، دەق، وەرگر.
بەم پێیە هیچ حیکایەتێک بەبێ حیکایەتەوان نابێ، واتە نابێ بە زێدەڕۆیی ئەگەر بگوترێ هیچ کارێکی گێڕانەوەوانی لە دەرێی گوتیاردا نییە، دیارە گوتیار، گوتارێک دەگێڕێتەوە، هەر گێڕانەوەیەکیش، ئاڕاستەی وەرگرە.. گوتیار پەنا وەبەر ئامراز و ئەوزاری گێڕانەوە دەبات بۆ ئەوەی بەگوێرەی خوێندەوە و  دیتن و هزرین و ویژدانی خۆی، ڕووداو و  کەرەکتەر و شوێنکاتی کارە گێڕانەوەوانییەکە ( سردی) بەرجەستە بکات و بیخاتە ڕوو، جا لێرەدا مەسەلەی گۆشەنیگا دێتە کایەوە کەرەستە و ڕەگەزە چیرۆکڤانییەکانی خۆی بە خوێنەر نیشان دەدات و لە ڕاستییا پەیوەندی نووسەر و دەقەکە نیشان دەدات، هەر دەقێک یا چیۆکێک دەبێ گوتیارێکی هەبێ کە بابەتێک بگێڕیتەوە یا بگوازێتەوە، ئیدی ئەم گێڕانەوەیە دەشێت لە قاڵب و شێوەی یەکەم کەس ( من، ئێمە) یا دووەم کەس ( تۆ، ئێوە) یا سێیەم کەس ( ئەو، ئێوەدا) بێ.
کاتێ یرۆک بە شێوازی یەکەم کەس ( من، ئێمە) بگێڕدرێتەوە، یا بگوازرێتەوە، بەو گۆشەنیگایە دەگوترێ گۆشەنیگای دەروونی ( ناوەوە) ئەگەر گوتیار ( ئەو کەسەی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە) یەکێک بێت لە قارەمانانی چیرۆکەکە و ئەو سەربهورد و بویەرانە بگێڕیتەوە کە بەسەر خۆیدا هاتوون و دێن، پێی دەڵێن گوتیاری  قارەمان.. ئەگەر گوتیار بەسەرهاتی کاراکتەرێکی دی بگێڕیتەوە، پێی دەڵێن گوتیاری چاودێر.. دیارە گوتیار لە گێڕانەوەدا، ئەو شێوازە هەڵدەبژێرێت کە زیاتر خزمەتی گۆشەنیگای دڵخوازی خۆی بکات، بۆیە (      ) لەتوێژینەوە ڕەخنەییەکاندا بۆچوون و دیدی جیاواز لەمەڕ گۆشەنیگای هەیە، بەشێوەیەکی گشتی گۆشەنیگای بێرونی ( دەرەکی) و گۆشەنیگای دەروونی ( ناوەوە) هەیە.. لە گۆشەنیگای دەروونیدا ( ناوەوە) گێڕەرەوەی چیرۆک ( گوتیار) یەکێکە لە کاراکتەرەکانی چیرۆک و چیرۆکەکە بە زمانی یەکەم کەس دێتە گێڕانەوە، ئەگەر گوتیار کاراکتەری سەرەکی چیرۆکەکە بێت ( گوتیاری- قارەمان) ی پێدەگوترێ و ئەگەر کاراکتەری لاوەکی بێ ( گوتیاری چاودێر) ی پێدەگوترێ، لە  گۆشەنیگای دەروونیدا، سوود لە مەنەلۆگ، مەنەلۆگی دەروونی، مەنەلۆگی دراماتیکی و مەنەلۆگی خودێنی وەردەگیرێت.
لە گۆشەنیگای بێرونیدا، نووسەر دەچێتە قاڵب و کڵێشەی کاراکتەرەکانەوە و تایبەتمەندی دەروونی و ئەخلاقییەکانیان شیدەکاتەوە و باسی ڕابردوو و ئێستا و ئایندەیان دەکات، ئەگەر نووسەر بچێتە قاڵب و کڵێشەی یەک بە یەکی کارەکتەرانی چیرۆکەکەوە و تایبەتمەندییە دەروونی و ئەخلاقی و خولقییەکانیانەوە و هەست و هزر و کاردانەوەکانیان بە وردی شی بکاتەوە و بگێڕێتەوە، لێرەدا بەم گۆشەنیگایە دەگوترێ گۆشەنیگای زانا بە هەموو شت، بەڵام ئەگەر نووسەر تەنها سەروکاری لەگەڵ یەک قارەمان یا کاراکتەردا هەبێ و لە زەینی ئەوەوە ڕووداوەکانی چیرۆکەکە بگێڕیتەوە، لێرەدا بەم گۆشەنیگایە دەوترێ گۆشەنیگای زانای سنووردار، لە گۆشەنیگای بیرونیدا، هەندێجار نووسەر شێوازێکی دی بەکار دەبات کە گۆشەنیگای بابەتی یا چاودێری ڕاستەوخۆی پێدەگوترێ، لەم شێوازەدا نووسەر دەوری کامێرا دەبینێ، واتە کار و کردەوەی کارەکتەرەکان، هەر وەکو خۆی بەبێ هیچ کاردانەوە و ڕوونکردنەوە و ڕاڤەیەک نیشان دەدات و گفتوگۆکانیان تۆمار دەکات و ئەنجامگیری هەست و هزر و  تایبەتمەندییە دەروونیی و ئەخلاقیەکانیان بۆ خوێنەر جێدەهێڵێ.
لە دەقی ( ئەشقی هاجەرە) دا، دەسەڵاتی گوتیاری زانا بە هەموو شت لە سەرانسەری دەقەکەدا زاڵە، هەرچەندە گوتیار ناوبەناو ڕیگە بۆ هەندێ لە کارەکتەرەکان  خۆش دەکات، کە جڵەوی گێڕانەوەی هەندێ دیمەن و گرتەی کورت یا درێژ بگرنە دەست.. بەتایبەت (دێخاوەر) گوتیار ئاگادارییەکی تەواوتەواوی لە حاڵی کاراکتەرەکاندا هەیە و تەنانەت ئاگاداری باری دەروونی و هەست و هزرین و گۆڕانکارییە دەروونیەکانیشیان هەیە.. گوتیار لە سەرانسەری دەقەکەدا، کاراکتەرە و ئاگاداری ئاگاداری بیرکردنەوەی قارەمانەکانە، بەڵام (         ) بواری هەندێک لە کارەکتەرەکانی دیکەش دراوە، ناراستەوخۆ لە میانەی گێڕانەوەکانی گوتیاری سەرەکیدا بەشداری لە گێڕانەوەکەدا بکەن و... بەڵام ئەمسووکە بەشدارییە لە گێڕانەوەکەدا فرە دەنگییەکی (           ) تازەدا زەروریە ئەوتۆی بە دەقەکە نەداوە کە ئۆخژنی ئەدەبی بە دڵو دەروونی وەرگر ببەخشێت.. گوتیار زیاتر کاراکتەرەکانی لە دیوی دەرەوە وەسف دەکات و ئەوەتا لە باسی باوکدا کە تەوەری سەرەکی دەقەکەیە و هەموو دەقەکە بە دەوری ئەودا دەسورێتەوە و حزورێکی هەمیشەیی هەیە دەڵێت: (بەڵام دەیبینین لاواز و بێڕەنگ و پەرێشانە) واتە (        ) لە دەرێ ڕا  تیشک دەخرێتە سەر دەقەکە ، دەقەکە لەناوەوە خۆی تیشک ناخاتە سەر خۆی، مەگەر خوێنەر لە میانەی وەسفە دەرەکییەکانەوە پەی بە حاڵەتی دەروونی کاراکتەرەکانی دیکە ببات، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا جۆرە هاوسەنگییەک بە حزوری هونەریی کاراکتەرەکان دەبەخشێت، باوک تەوەری سەرەکی دەقەکەیە لە میانەی گێڕانەوەکانی گوتیارەوە وەکو کاراکتەر زندوو دەکرێتەوە ئامادەگی پەیدا دەکات، گوتیار هەرچەندە هەوڵ دەدات خۆی لە ڕووداوەکا دوور بگرێت و  بێلایەنانە وەسفیان بکات و بەشداری ڕاستەوخۆی تێدا نەکات و لە پشت پەردەی گێڕانەوەدا هەژموونی خۆی بشارێتەوە، بەڵام هەر بەخۆی ناوەستێ و هەم وەکو گوتیاری قارەمان و هەم وەکو گوتیاری چاودێر، خۆنوێنی دەکات... ئەوەی مایەی سەرنجە بێدەنگی باوک، کە هاوتای پێواربوون و غیابی باوکە، غیابی باوک لە ڕووی شیکاریی دەروونییەوە دەکاتە ئاوابوون و  بەسەرچوونی سەردەمی بابسالاری، لە باری لۆژیکی واقیعییەوە دەبوایە گوتیار ئەمەی پێخۆشبایە، کەچی خوێنەر پێچەوانەکەی دەبنیێت: ( کە باوک بێدەنگ بوو، یاخود خەمێکی لە دڵدا بوو، نەک زەلام، درەختیش بۆی نیە جوولە و دەنگی لێوە بێت، پەتای بێدەنگی باوک، هەموو خێزانەکە بە دەرگا و دیوار و گوڵەکانیشەوە دەگرێتەوە، لەگەڵ بێدەنگی خۆیدا، هەموو شتێ بێدەنگ دەکات سرتەیان لێدەبڕێت... خودایە.. خودایە.. بێدەنگی ڕوونەکاتە هیچ ماڵێک...! ل ٨ عەشقی هاجەرە) واقیعی چیرۆکەکە ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە سەردەمی دەسەڵاتی بابسالاری ڕوو لە داڕوخان و ئاوابوونە و گوتیار دوای ئەوەی هەست بە داڕوخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەییەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەڵاتنە لە تەنیایی- لە سۆنگەی بابییەوە دەکات، گوتیار وەک ئەوەی لە قسەکەی پێشووی ژێوان ببێتەوە دەڵێت: ( بوونی ئەم پیاوە وەک باوک بۆ من بووبووە مایەی شەرم و سەرشۆڕی لەبەردەم خەڵکیدا، ئەڵبەتە بۆ باقی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەشمان هەر وا بوو...! ل ٩ عەشقی هاجەرە) لێرەدا گوتیار بۆ ئەوەی گلەیی ئەوەی نەیەتە سەر کە لە جیاتی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەشیان بیردەکاتەوە و بڕیار دەدات، براکەی کە قارەمانێکی زۆر لاوەکی و ڕەوتەنییە، ئەهلی وەرزش و وەرزشوانییە بۆ نموونە دێنێتەوە و لەم ڕێگایەوە پاکانە بۆ درووستی و واقیعییەتی قسەکەی خۆی دەکات و دەڵێت: ( براکەم دەگریا و بەدەم هەنسکدانەوە دەیگوت: وا سووک و چرووکیان کردووم، تەنانەت لە کاتی یاریکردندا بەڕێکی پاسم نادەنێ...! ل ١٠ لە دیمەن و پاژی شار خەون دەبینێ) گوتیار: ( دەچێتە کڵێشەی گوتیارە لاوەکییەکانەوە و بە دڵی خۆی دەیانهێنێتە قسە و بەخۆی هەم دەبێ بە بەشەرێکی وەرگر و هەم شەریکی گوتیارە ناراستەوخۆیەکە و گوتیارە ناڕاستەوخۆکەش دەکات بەسەرچاوەی پاژێک لە زانیارییەکانی خۆی، ئەمە تەکنیکێکی پەسەند و ئەرێنییە بۆ ئەم جۆرە تێکستە.
*
گومان لەوەدا نییە دەقی ئەدەبی وەکو پێشتریش ئاماژەی بۆ کراوە، تەوەری پرۆسەی ئەفراندنە، هیچ دەقێکی ئەدەبی لە دێکوچکەی ( گوتیار، گوتار، وەرگر) یان ( نووسەر، پەیام، خوێنەر) بەدەر نییە، دیارە گوتیار نووسەر، ڕووی دەمی لە وەرگرە و خوێنەر بە بێ وەرگر پەیامەکەی ناگاتە هیچ کوێیەک و دەنگدانەوەی نابێ، بۆیە زۆر جار دەگوترێ وەرگر نووسەری دووەمی دەقە و نەک هەر گوێ لە کارەکتەرەکان دەگرێت، بەڵکو موناقەشەسیان دەکات، چونکە وەرگر دەبێ هەم گوێگری باش بێ و هەم گەنگەسەکاری باشیش بێت، دەبێ ئەو حەقیقەتەی لەلا ڕوون بێ وەکو چۆن نووسین هونەرە، خوێندنەوەش بە هەمان ئەندازە هونەرە.
*
کات یەکێکە لە کڵەکە گرینگەکانی بونیادی هەر کارێکی گیڕانەوەکاری، چونکە بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان و ەخنەگران هیچ دەقێک لە کات ( زەمان) بەدەر و خاڵی نییە، کاتیش یا ڕابردوو یا ئێستایە یا ئایندەیە، بەڵام کات لە دنیای چیرۆک و گێڕانەودا مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا دەکرێت، بۆ نموونە کاتی چیرۆک یا دەق، دەکاتە ئەو کاتەی کە ڕووداوی چیرۆکە خەیاڵییەکە لە واقیعدا خایاندوویەتی، بەڵام کاتی پەیام و گێڕانەوەکە دەکاتە ئەو کاتەی گێڕانەوەکە ( چ زارەکی و چ نووسراو) خایاندوویەتی و گوتیار، ڕووداوەکان بەپێی پێداویستی هونەریی دەقەکە، بە جۆرێ مونتاج دەکاتەوە کە بشێت بە شێوەیەک نا زنجیرەیی بێتە خوێندنەوە، یا پێشبینی ئاییندە بکات، هڵبەت بە گوێرەی پێداویستی و زەرورەتی هونەریی دەقەکە، بۆ نموونە لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا کاتی حەقیقی زۆرە، دوورودرێژە... دووپشت و زیاتریش دەگرێتەوە، بەڵام لە گێڕانەوەکە، ئەم کاتە وەکو خۆی و بە زنجیرەیی نەهاتووە، بەڵکو کاتەکە، گۆڕاوە بۆ کاتێکی هونەریی، پارچە پرچە کراوە، زۆری لێ پەڕێنراوە و بە گوێرەی پێداویستی هونەریی دەقەکە، مۆنتاج کراوەتەوە و نەک ناوەڕۆکی گشتی دەقەکەی نەشێواندووە، بەڵکو جوانیەکی هونەری پێ بەخشیوە، گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە کوشتنی باوکەکەوە ( فەقێ عەلی) دەست پێدەکات و ئیدی بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، لەوێندەرەوە ڕابردوو حزوور و ئامادەگییەکی چڕ لە پڕۆسەی گێڕانەوەکە پەیدا دەکات، بەڵام کاتی گێڕانەوەکە ( کاتی( هونەریی) هەر ئەو چەند سەعاتەیە ک ڕووداوەکەی تیا دێتە گیڕانەوە.. دیارە ئەم تەکنیکە جۆرە خێراییەکی بە گێڕانەوەکە بەخشیوە و ئەمە دەکاتە کورتکردنەوەیەکی چڕی ماوەیەکی زەمەنی درێژ، لە پانتاییەکی تێکستەوانی کورتدا.
*
هەڵبەتە شوێنیش لە کۆڵەکە زۆر گریگەکانی بونیادی هەر کارێکی گێرانەوەکاریدایەو... دەکاتە زەمینەی ڕووداوەکانی کاری چیرۆکڤانی، لەچوارچێوەیەک جوگرافیایی دیاریکراودا، ئیدی ئەو شوێنە چ شوێنی کەتواریی و واقیعی بێ، چ زادەی خەیاڵی گوتیار و نووسەر بێ، بەکورتی شوێن دەکاتە ئەو پانتاییەی کە ڕووداوەکان و کارلێکی ڕووداوەکان دەگەڵ ڕەگەزە بونیادیەکانی دیدا، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا لەخۆ دەگرێت، هەڵبەتە ڕووداو لە بۆشایدا ڕوونادات، بەڵکو لە شوێن و کاتدا ڕوودەدات، بۆیە هەندێ لە ڕەخنەگران شوێن بەو ماهاج و ئوتموسفرە ڕۆمانەوانییە دەزانن کە ڕووداوەکانی کاری گێڕانەوەوانی ( سردی) تێدا ڕوودەدەن، دیارا هاماج و ئوتموسفی هەر شوێنی ڕووت نییە، بەڵکو هەموو ڕەگەزە چیرۆکڤانییەکان و پەیوەندی نێوان ڕەگەزە چیرۆکڤانییەکان لەخۆ دەگرێت.
دیارە فرەشوێنی لە هونەری گێڕانەوەداکاریدا جۆرە زیندوویەتی و دنیا بینیەتێک بە تێکستە گێڕانەوانییەکە دەدات و کارێکی وەها دەکات وەرگر لە جوو\لەی بەردەوامدا بێ بۆ پێشەوە و بۆ پاشەوە و بۆ سەرەوە و بۆ خوارەوە.... شوێن لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا هەڵەبجە و دەوروبەری هەلەبجەیە، شوێنیش لەم دەقەدا بەگوێرەی پێویستی هونەریی دەقەکە، کەرت کەرت دەکرێ و مونتاژ دەکرێتەوە و سووکە فرەشوێنییەک بە دەقەکە دەبەخشێت، هەڵبەت دەبێ ئەوەش بگوترێ کە شوێنی دەقەکە حزوور و ئامادەگی لە دەقەکەدا، بە ڕادەیەک زاڵە کە شتێکی ئەوتۆی بۆ شوێنی خەیاڵی نەهێشتۆتەوە... بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، شوێن لەم دەقەدا تەواو بەرجەستەیە...!
*

 

چاوەڕوانی بەشەکانی تر بن.

‎عەشقی هاجەرە ‎دواهەمین كتێبی گێڕانەوەی نوسەرو شاعیر ئیدریس عەلی بوو كە ماوەیەك بەر لە ئێستا چاپو بڵاوی كردەوە. ‎عەشقی هاجەرەم خوێندەوە ناونیشانی وتارێكی درێژی وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا حەمە كەریم عارفە بەو ناوەوەو ڕەخنەی چاودێر لەم ڕۆوە بەچەند بەشێك بڵاوی دەكاتەوە . وەرگێڕ زۆر بەوردی و بە كوردییەكی پاراوو لە ڕێی تیۆرە ئەدەبی و دەرونییەكانەوە دەربارەی دەقەكە دەنوسێت و بەشی یەك ‎خوێنەرمان بن.
‎دواهەمین كتێبی گێڕانەوەی نوسەرو شاعیر ئیدریس عەلی بوو كە ماوەیەك بەر لە ئێستا چاپو بڵاوی كردەوە. ‎عەشقی هاجەرەم خوێندەوە ناونیشانی وتارێكی درێژی وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا حەمە كەریم عارفە بەو ناوەوەو ڕەخنەی چاودێر لەم ڕۆوە بەچەند بەشێك بڵاوی دەكاتەوە . وەرگێڕ زۆر بەوردی و بە كوردییەكی پاراوو لە ڕێی تیۆرە ئەدەبی و دەرونییەكانەوە دەربارەی دەقەكە دەنوسێت و بەشی یەك ‎خوێنەرمان بن.