ڕۆمانى (مردنى ئیڤان ئیلیچ)ى لیۆ تۆڵستۆی

ڕەخنەی چاودێر 13/08/2018

ڕۆمانى (مردنى ئیڤان ئیلیچ)ى لیۆ تۆڵستۆی
ڕۆمانێک بە تامى مردن
داستان بەرزان


ڕۆمانێک بە مردن دەست پێدەکات و بە مردنیش کۆتایی دێت، بەڵام لەم نووسینەدا پلانمان نییە وردەکاریی چیرۆکەکەى بخەینە ڕوو، چونکە ئەوە کارێکى قورس نییە و خوێنەر خۆی دەتوانێت لە ڕێگەى خوێندنەوەى ڕۆمانى (مردنى ئیڤان ئیلیچ)ە و‌‌ە پێی ئاشنا بێت، ئەوەندەى مەبەستمان لە ڕەهەندە قوڵ و ناوەکییەکەى مرۆڤێک قسە بکەین، کە تۆڵستۆی لە ڕێگەى ڕۆمانى (مردنى ئیڤان ئیلچ)ەوە بۆمانى دروست دەکات و بە وردبوونەوەمان لێی، هەست دەکەین ئەو مرۆڤە خۆمانین، ڕۆمانەکە دەبێتە ئاوێنەیەک و لەبەرامبەر ژیانماندا دەوەستێت، شوێنێک لە خۆمانمان نیشاندەدات کە ڕەنگە دەمێک بێت بیرمان چووبێتەوە.
کاراکتەری سەرەکى ئەم ڕۆمانە یەکێک لە پاڵەوانە دیارەکانى دونیای ئەدەبی ڕووسییە و ئەوەى دەرفەت ببەخشێتە خوێندنەوەى ئەو ئەدەبە لە پاڵ کاراکتەرەکانى (ئەکاکى ئەکاکیۆڤیچ، ڕاسکۆڵینکۆف، ئانا کارینا، خاڵە ڤانیا،... ) ناوى ئەویش دەبیستێت کە (ئیڤان ئلیچ)ە، ئەگەرچی ناوێکى باوى نێو کۆمەڵگاى ڕووسییە و لەوێشەوە بۆتە ناوى زۆر لە کاراکتەرانى دونیاى ئەدەبییان، بەڵام ئیڤانى ناو ڕۆمانى (مردنى ئیڤان ئیلیچ)ى لیۆ تۆڵستۆی جیاواز لە هەریەکێک لەو کاراکتەرانەى دیکە، خاوەن ڕەهەندێکى جیاواز و قوڵاییەکى مرۆییە، کە بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر بە نێو خۆیدا ڕۆچووە، لە ئەنجامى ژیان و ڕۆتیناتەکانى لە گەنجێکى شیک و بە ویقارەوە دەبێتە پەککەوتەیەکى سەرجێگە و لە ئەنجامدا مردنێکى سەیر دەمرێت، ئەوەشە وادەکات کاتێک کە ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە بیری ئەوەت بۆ دێت کە دەکرێت (فرانتز کافکا) بۆ نووسینى ڕۆمانى (مەسخ) کە ئەویش یەک لە ڕۆمانە گرنگەکانى ئەدەبی مۆدێرنە سوودى لەم ڕۆمانە بینیبێت یاخود لە ژێر ڕۆشنایی و بە بەهرەوەرگرتن لە ڕەهەندە دەروونییە قوڵەکەى ئیڤان ڕەهەندى کاراکتەری گریگۆر سامساى داڕشتبێت، چونکە هەریەک لەم کاراکتەرانە دوو مرۆڤى وێرانن بە دەست سیستمەوە، ئیڤان لە نێو سیستمە کۆمەڵایەتییەکەدا بۆتە مرۆڤێکى ئامێرئاسا، گریگۆر سامسا لە نێو سیستمى کار و ڕۆنیناتى ئیشى ڕۆژانەدا، بەڵام بە دوو چارەنووسی جیاواز، ئیڤان لە ئەنجامى خۆخواردنە و ڕۆچوون بە نێو خۆییدا دەگاتە مەرگ، بەڵام گریگۆر دەبێتە دەعەجان و تووشی دۆخى (میتامۆڕفیۆس)دەبێت واتە گۆڕانێکى ناسروشتى بۆ گیانەوەرێک یان دۆخێکى نائاسایی.*
ئیڤان ئیلیچ زۆر زوو لەگەڵ دەروونى خوێنەردا پەیوەندى دروست دەکات و  لەگەڵ خۆییدا دەمانبات، ئەمەش پەیوەستە بەو شێوازە ڕایالیزمەى کە ڕۆمانەکەى پێنووسراوە، بەجۆرێک لە کاتى زیاتر ناسینى ئەم کاراکتەرەدا هەنگا و بەهەنگاو زیاتر هەست دەکەیت (ئیڤان ئیلیچ)خۆتیت یان ئیڤان ئیلیچ وێنەی خۆتە وەک ئەو ئاوێنەیەى لە سەرەتادا باسمان لێوەکرد، چونکە نووسەرى دروستکەری ئەم کاراکتەرە لە قوڵایی ژیانەوە ئەم کاراکتەرەى دروستکردووە، بۆیە کاتێک لە ڕێگەى خوێندنەوەى ڕۆمانەکەوە بەری دەکەوین، هەست بە زیندووییەکەى دەکەین، بێگومان ئەمەش بە هۆی هێزى باڵاى خوڵقاندنەوەیە لەلاى نووسەری ڕۆمانەکە، کە یەکێکە لەو نووسەرانەى ژیانى وەک تێکست گوزەراندووە، تا ئەو ئاستەى چێخەف کە ئەویش یەکێک لە نووسەرە گرنگەکانى ئەدەبی ڕووسییە، لە بارەیەوە دەڵێت: تۆڵستۆی لە کۆتاییەکانى ژیانیدا زیاتر لە پێغەمبەرێک چووە.
نووسەرانى وەک تۆڵستۆی کە دەکرێت وەک کلاسیکى ئەدەبی ڕووسی لێیان بڕوانین مرۆڤى ناو بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بوون، ئەوان لە قوڵایی خۆیانەوە کاراکتەرەکانیان هێناوەتە بوون، پێغەمبەرانە بە نێو بوونى خۆیاندا ڕۆچوون، بە گۆشت و خوێن و دەمار و گیانى خۆیان کاریان لە نێو کاراکتەرەکانیاندا کردووە، وەک مایکڵ ئەنجیلۆ لە کۆتایی دروستکردنى پەیکەری (پێغەمبەر موسا)دا، دەچێتە بەرامبەر پەیکەرەکە و چەکوشێک دەکێشێت بە ئەژنۆی پەیکەرەکەى موسادا و هاواری لێدەکات: ڕابکات، ئەمەش ماناى لە دڵەوە کارکردنى ئەو پەیکەرتاشە دەگەێنێت، لە ڕاستیشدا وەهایە کاتێک لە وێنەى پەیکەرەکە ورد دەبیتەوە بەجۆرێک هەست دەکەیت تەواوى ئەندامەکانى زیندوون و خوێن بە نێو دەمارەکانیدا دەگەڕێت.**
وەک چۆن لە کاتى خوێندنەوەى شانۆنامەى (خاڵە ڤانیا)دا هەست دەکەیت دیالۆگ لە دواى دیالۆگى (ڤانیا) تەمەنت هەڵدەکشێت و پیردەبیت، خانەخانەى جەستەت هەست بە هاواری خنکاوى ڤانیا دەکەن و مووەکانى لەشت بە دەنگە غەمگینەکەى بەرزدەبنەوە و تەزوویەک لە قوڵایی دەروونتەوە سەرچاوەدەگرێت و بەرەو تەوقی سەرت دەڕوات، وەهاش لە کاتى خوێندنەوەى ڕۆمانى (مردنى ئیڤان ئیلیچ)دا هەست دەکەیت هەتاکو بەرەو کۆتایی ڕۆمانەکە دەڕۆیت، زیاتر ترس لە مردن داتدەگرێت و زۆرتر لە مردنیش نزیک دەبیتەوە، تاکو ئەو ئاستەى مردن لە ڕۆمانەکەدا دەبێتە کاراکتەرێک و لەوێشەوە ئیتر مردن دێتە تەنیشتتەوە، چون ئەم نووسەرە لە پاڵ نووسەرانى وەک (دۆستۆیۆڤسکى و گۆگۆڵ و...هتد) لە جۆری ئەوانەن کە جیهانت وێران دەکەن و تێڕوانیت بۆ دونیا دەگۆڕن، ترس و ڕاڕایی و نیگەرانى لە ناوەوەتدا دەخوڵقێنن، نەک فریوت بدەن بە دونیایەکى ئارایشتکراو بە وەهم و درۆ، کە لە ئەمڕۆدا نووسەرانى وەکو (پاولۆ کۆیلۆ و میچ ئالبووم و هتد...) نوێنەرایەتى ئەم جۆرە لە ئەدەب دەکەن، کە ئەدەبێکى فەیکن و گوزاشت لە ڕەقاییەکانى ژیان وەکو ئەوەى کە هەیە ناکەن.
کاتێک ئیڤان دەکەوێتە سەر تەختەى مردن و لە کوڕێکى جوان و زەریفەوە دەبێتە مرۆڤێکى کەنەفتى سەرجێگا، ئیدى مردن تەواوى ژیانى بە خۆی ڕەنگ دەکات و سەرجەمى دیوار و کەلوپەلەکانى ناو ماڵەکەى تەمى مردن دەگرن، بەردەوام هەست بەتارمایی مردن دەکات لەبەرامبەریدا، لێرەوە ئیتر ژیان بۆ ئەو مانایەکى نامێنێت و تەواوى کیانى دەبێتە یەک پارچەی گەورە لە مردن، هەر ئەو ئامادەییە بەرچاوەى مردنیشە وادەکات لە ساتەکانى خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانەدا زیاد لە چەند جارێک ڕابچڵەکێیت و ترس لە مردن داتبگرێت، ئەمەش پەیوەندى بەو ئەفسونەوە  هەیە کە نووسەری ئەم ڕۆمانە لە خوڵقاندنى مردندا ڕۆمانەکەى پێ بارگاویی کردووە، هەر ئەوەشە وادەکات لە دەستپێکى ڕۆمانەکەوە چاوەڕێی مردنى ئیڤان بکەیت، تەنانەت لە ناونیشانەکەیەوە ئەمەت بۆ ڕوون دەبێتەوە، بەڵام هێشتاش ناکاتە ئەوەى دەستبەرداری بەسەرهات و ڕووداوەکانى ژیانى ئیڤان بیت.
ئەم ڕۆمانەش وەک زۆرینەى بەرهەمەکانى دیکەى تۆلستۆی زمان و ڕوودا وو بەسەرهاتەکەى سادەیە و لە ناو جەرگەى ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بە دروستکردنى قوڵاییەک کە مەگەر تەنیا لە تواناى نووسەرێگى گرنگى وەهادا بێت بیخوڵقێنێت، دەمانباتە ناو بابەتێکەوە کە دەکرێت هەمووان بیرمان لێکردبێتەوە بەڵام هەرگیز بەوجۆرە نا، ئەو بابەتەش چارەنووسی تاڵی هەر مرۆڤێکە کە مردنە، لە پاڵیشیدا ڕەخنەى توند لەو ژیان و چارەنووسەى مرۆڤ دەکرێت کە بەوجۆرە ترسناک و قبوڵنەکراوە. 

ئەم ڕۆمانەى تۆلستۆی ڕۆمانێکە جیاواز لە هەندێک لە کارەکانى دیکەى هەمان نووسەر، بە تایبەت ڕۆمانى (جەنگ و ئاشتى) لە ڕووى بابەت و چنین و پلۆت و تەکنیکەوە دەتوانیت وەک ڕۆمانێکى تەواو مۆدێرن سەیری بکەین، میمیناڵکردنەوەى ژیانى مرۆڤێکە بە مانا مۆدێرنەکەى بەبێ درێژکردنەوە و وەسفی زۆر و ماندووکەر کە زۆرجار لە ئەدەبی کلاسیکدا بەرجەستە دەبێت، کەمیش نین ئەو نووسەرە هاوڕۆژگار  و مۆدێرنانەى کە بە ئەدەبی تۆڵستۆی سەرسام بوون، لەوانە(دۆستیۆڤسکى و چیخۆف و نابۆکۆف) لە مۆدێرنەکانیش (ڤێرجینیا ۆڵف، جیمس جۆیس، و ولیام ڤاگنەر،...) کە بە جۆرێک نەیان توانیوە سەرسامییان بەم نووسەرە بشارنەوە و هەریەکێکیان بە جۆری خۆی لە ئاست تواناى ئەودا گوزاشتى جیاوازیان دەربڕیوە.  
ژیانى نووسەری ئەم ڕۆمانە نزیک لە چارەنووسی پاڵەوانى ڕۆمانەکەى گوزەرا و بە چەند ساڵێک بەرلە نووسینى ئەم ڕۆمانەى دەکەوێتە دۆخێکى نائارامى ڕۆحییەوە، ئەوەش وایلێدەکات ڕێگایەکى جیاواز لە ژیانیدا بگرێتەبەر و بەشێوەیەکى پێشبینى نەکراو گۆڕانکاریی بەسەرداهات، زۆرینەى زەوى و سامانەکەى بەخشییە جوتیارەکان و بەو کارەشی لە چینى ئەرستۆکراتەکانى ڕۆژگاری خۆیەوە دابەزییە چینى هەژاران و دوایین ساتەکانى ژیانیشی بە نەخۆشی گوزەراند، نزیک لە چارەنووسی (ئیڤان ئیلیچ) بە گرفتى ڕیخۆڵەکانى ساڵی 1910 سەردەنێتەوە.
.........................................................................................................
*بۆ زانیاری زیاتر دەربارەى ئەو گۆڕانکارییەى بەسەر کاراکتەری (گریگۆر سامسا)دا دێت لە ڕۆمانى (مەسخ)ى (فرانترس کافکا)دا دەتوانیت سێرچ بۆ ئەم کۆنسێپتە بکەیت:  
Metamorphesi
** بۆ بینینى وێنەى پەیکەری (موسا)ى (مایکڵ ئەنجیلۆ) و زانیاری زیاتر لە بارەیەوە بڕوانە ئەم لینکە
https://www.marefa.org/%D9%85%D9%88%D8%B3%D9%89_(%D9%85%D8%A7%D9%8A%D9%83%D9%84_%D8%A3%D9%86%D8%AC%D9%84%D9%88)#/media/File:Moses_San_Pietro_in_Vincoli.jpg