کتێب، ڕاهێنەرە باشەکەی مرۆڤ

ڕەخنەی چاودێر 13/08/2018

تەلەگراف
وەرگێڕانی: شەماڵ وەلی

ئاخۆ مرۆڤە بەڕێزەکان مەیلێکی زۆرتریان بۆ کتێبخوێندنەوە هەیە؟ یاخود ئایا کتێبخوێندنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤەکان داهاتوویەکی پرشنگدارتریان هەبێت و ڕەفتاریان باشتر ببێت؟ لەم توێژینەوەیەدا باس لە کاریگەریی کتێبە ئەدەبییەکان بۆ سەر ڕەفتاری مرۆڤ دەکرێت. کتێبەکان- بەتایبەت ئەدەبیاتی گێڕانەوە، دەتوانن مرۆڤ بەرەو کرداری باش، بیرکردنەوەی باش، ئاخاوتنی باش و زاڵبوون بەسەر هەستە نەرێنییەکاندا ئاڕاستە بکەن. کەواتە کتێبە ئەدەبییەکان وەک ڕاهێنەرێکی باش دەتوانن لە ژیانی مرۆڤەکاندا کاریگەرییان هەبێت و کەسایەتییەکی ئەرێنی و گونجاو لە مرۆڤ درووست بکەن، بۆیە ئەوە ئەدەبیاتە کە دەتوانێت مرۆڤ لە هەستی خراپ، نەرێنی، توند و دەمارگیری دوور بخاتەوە و یارمەتیی بدات کە ژیانێکی باشتر بژیت و کەسایەتییەکی باشتری هەبێت لەناو دەوروبەرەکەیدا. لەبەر ئەوە پێویستە هەمیشە ئەوەمان لە یاد بێت کە منداڵەکانمان لەگەڵ کتێبدا گەورە بکەین و بەردەوام بۆ کتێبخوێندنەوە هانیان بدەین، بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە کەسایەتییەکی بەهێز و ئەرێنییان بۆ درووست ببێت، نەک لە تەمەنێکدا کە درەنگ بووە تازەبەتازە لە سەرەتاوە دەست پێ بکەن. دەبێت لە بیرمان بێت، منداڵی بکەینە یەکەم قۆناغی ناسینی کتێب و بە درووستکردنی کتێبخانە لە ماڵەوە ئەم دەرفەتە بۆ منداڵەکانمان بڕەخسێنین، چونکە ژیانێکی باش لەگەڵ کتێبێکی باشدایە. هەستێکی باش و ڕەفتارێکی باش، لەگەڵ ئەدەبیاتێکدایە کە باشتر لە خۆمان و دەوروبەرەکەمان دەتوانێت هەستە باشەکان و ڕەفتارە باشەکانمان نیشان بدات. هەر کتێبیشە کە باشترین گفتوگۆکاری مرۆڤە و کەسی خوێنەریش بەبێ شەرم و دوودڵی هەموو هەستە ڕاستەقینەکانی خۆی لەگەڵ کتێبدا دەژیت. لەوانەشە تەنیا کتێب بێت، لە کاتێکدا ڕەخنەمان لێ دەگرێت، ئێمە زویر نابین بەڵکوو دەکەوینە بیرکردنەوە بۆ ناسینی ژیانێکی باشتر و دۆزینەوەی ئاڕاستەی ئەو ژیانە باشە. ئەم توێژینەوە بە وردی لەگەڵ کەسانێکدا تاقی کراوەتەوە و ئەنجامەکەی ئەوە دەرچووە کە پێویستە ئەدەبیات هەڵبژێرین. ئەدەبیات نزیکتر لە هەر هاوڕێیەک و سوودبەخشتر لە هەر ڕاهێنانێکی ترە. ئەدەبیات دەتوانێت ببێتە هەرە ڕاهێنەرە باشەکەی ژیانی مرۆڤ.
کەواتە: بە پێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوەی تەلەگراف، توێژینەوە تازەکانی توێژەرانی زانکۆی ״کینگستن״ی بەریتانیا نیشانی دەدەن کە ئەو کەسانەی چیرۆک و ڕۆمانەکان دەخوێننەوە، بۆ دەربڕینی هەستی دڵسۆزانە و ڕەفتاری مرۆڤدۆستانە مەیلێکی زۆرتریان هەیە.
ئەم توێژەرانە بە ئاماژەدان بەو بابەتانەی خراونەتە ڕوو لە کۆنفڕانسی هەفتەی ڕابردووی یانەی دەروونناسیی بەریتانیا گوتوویانە: ״چوونە فەزای ئەدەبیاتی گێڕانەوەوە توانای مرۆڤ لە پانتایی هەستە مرۆڤدۆستانەکان و مەیلی دڵسۆزانە زیاتر دەکات.״
ئەوان هەروەها دەڵێن: ״سەروکارهەبوون لەگەڵ پەخشانی ڕیوایەتی و کۆمیکدا بە شێوەیەکی تایبەت کلیلی ئەم کردارەیە و مرۆڤ  بۆ خۆشویستن هان دەدات.״
ئەم توێژینەوەیە بە پشکنین لەسەر ١٢٣ کەسی داخوازیکار ئەنجام دراوە؛ داوا لە بەشداربووەکان کراوە کە تایبەتمەندییەکانی خۆیان لە خوێندنەوەی کتێب، شانۆگەری و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان باس بکەن و پاشان ئادگارەکانیان لەگەڵ کەسانی تردا بەراورد کراوە. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە نیشانی داوە کە خوێنەرانی کتێب ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتیی ئەرێنیتریان هەیە لە چاو کەسانی تردا.
هەروەتر لەناو ئەو کەسانەدا کە خوێنەری کتێبەکانن، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە خوێنەری شێوە درام و ڕۆمانە عاشقانەکانن، دەردەکەوێت کە ئەوان لە باڵاترین ئەو کەسانەن کە ڕەفتارێکی ئەرێنییان هەیە. هەروەها خوێنەرانی کتێبگەلی ئەزموونی توانایەکی زۆریان لە بینینی ڕاستییەکان لە گۆشەنیگای جیاوازەوە هەیە و ئەو خوێنەرانەشی کتێبی کۆمیک دەخوێننەوە، لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ کەسانی تردا ڕەفتارێکی باشتر نیشان دەدەن.
توێژینەوەکانی پێشووتر نیشانیان دابوو کە خوێنەرانی ئەدەبیات دەتوانن ئاسانتر بەسەر هەستی تووڕەیی و سترێسدا زاڵ ببن و هەروەها منداڵانێک کە لەگەڵ کتێبدا گەورە دەبن باشتر لە گەورەساڵان توانای فێربوونیان هەیە. کەواتە منداڵێک کە درەنگ لەگەڵ کتێبدا ئاشنا دەبێت، هۆکار خێزانەکەیەتی کە نەیانتوانیوە لەگەڵ کتێبدا ئاشنای بکەن، بۆیە پێویستە لە هەر ماڵێکدا کتێبخانەیەکی بچووک هەبێت تا منداڵ وردەوردە خۆی بەرەو خوێندنەوەی کتێب هەنگاو بنێت و ئاشنای ئەو جیهانە بێت، ئەمە جگە لەوەی بۆ ژیانی خودی منداڵەکە گرنگە، بۆ دەوروبەرەکەشی گرنگە کە منداڵێک بە کەسایەتییەکی درووست و بەهێزەوە دەناسن.
لە کاتێکدا توێژینەوەکانی جیهان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە کتێب بۆ ژیان و ڕەفتارمان گرنگە و وا دەکات تەندرووستتر بژین، کەواتە شتێکی عاقڵانە نابێت ئەگەر خۆمان لە کتێبەکان دوور بخەینەوە و فەرامۆشیان بکەین. هەرگیز کتێب فەرامۆش مەکە، ئەمە لە پێناو خۆت و جیهاندا بکە.