یادی قەندیلی شەهید مەلا عەلی بڵاودەكرێتەوە

رۆشنبیری 12/08/2018

 

چاودێر- تایبەت:

بڕیارە رۆژی پێنج شەممە 16/8/2018، دیوانی (یادی قەندیل)ی شەهید مەلا عەلی بڵاوبكرێتەوە.
لیژنەی سەرپەرشتیاری دیوانەكە، رایانگەیاندوە كە مەراسیمی ناساندن و دابەشكردنی دیوانی (یادی قەندیل) لە كافێی ئەمنەسورەكە لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
حوسێن مەولود ئەحمەد ناسراوە بە مەلا عەلی لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی بەردبرد ی قەزای ماوەت سەر بە ناوچەی شارباژێر لە دایك بووە. لەساڵی ١٩٧١-١٩٧٢ پەیوەندی كردووە بە زەنجیرەی رۆشنبیری كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان بۆیە لە ساڵی ١٩٧٤ دەكرێت بە لێپرسراوی رێكخراوی تۆڵەی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان .لە ساڵی ١٩٧٦ چۆتە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی ئەدەبیات بەشی كوردی، بۆیە كاتێك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت ناچێتەوە بۆ زانكۆ و خوێندن تەواو ناكات. لە رێكەوتی ٣٠ كانوونی دووەم ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئەنجامدانی چالاكیەكی پارتیزانی لە ناوچەی سورداش لە گوندی كرژە لە لایەن بەعسییەكانەوە دەستگیردەكرێت. دوای دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانێكی زۆر لە زیندان و دەزگاكانی ڕژێمی بەعسیدا، لە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ لە دادگای هەیئە خاسەی كەركوك بە شێوەیەكی نمایشی لە چەند خولەكێكدا بەبێ ئەوەی پارێزەری هەبێت دادگایی دەكرێ و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
لەدوای دەرچونی فەرمانی لەسێدارەدانیەوە تا ڕۆژی جێبەجێكردنی حوكمەكەی كە تەنیا ٤٥ ڕۆژی خایاندووە لە شەوی ٢٢ لەسەر ٢٣ تەممووزی ١٩٧٩ لە زیندانی موسڵ لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری بەناوەكانی (ئەڵوەند عومەر حسێن) و(عەلی عالی حسێن) لە سێدارە دەدرێن.