خۆسێ ساراماگۆ: خیانەت نەبوایە بەشێکی زۆری ئەدەب بەسەرچوو دەبوو

ڕەخنەی چاودێر 12/08/2018

لە ئەڵمانییەوە: پێشەوا فەتاح

هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی، خۆسێ ساراماگۆ سەبارەت بە ڕۆمانی (هاوشێوەکانی پیاوێک)، خیانەت، گفتوگۆ و دۆخی دیموکراتی دەدوێت.

*لە کتێبی (هاوشێوەکانی پیاوێک)دا مامۆستای مێژوو تێرتولیانۆ لەناکاو خۆی لە فیلمێکدا دەبینێت. ئەو هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ تاوەکو ئەو هاوشێوەیەی خۆی ببینێت. لەبەرچی بەو شێوەیە دەکەوێتە ئەو دڵەڕاوکەیەوە کاتێک دەزانێت کە ئەو هاوشێوەیەی هەیە؟
-بەڕای من ئەوە کاردانەوەیەکی ئاساییە، چونکە لێرەدا مەسەلە تەنها لێکچوونێکی سادە و ساکار نییە. تێرتولیانۆ بۆی دەردەکەوێت کە لێرەدا سەروکاری لەگەڵ کەسێکدا هەیە کە کتومت وێنەی ئاوێنەیی خۆیەتی. لەپاش بینینی فیلمەکە وێنەگەلێکی کۆنی دێنەوە یاد کە تیایاندا هەمان سمێڵی هێشتوەتەوە وەک ئەکتەری ناو فیلمەکە. وێنەکان پێنج ساڵ کۆنن، فیلمەکەش هەروەها. لەڕاستیدا ناکەوێتە دڵەڕاوکێوە، بەڵکو پتر دەکەوێتە نائارامییەکەوە. بەڵام بەر لە هەر شتێک بزوێنەری سەرەکی ئەو فزووڵی خۆیەتی.

*تێرتولیانۆ و ئانتۆنیۆی ئەکتەر لە ڕاستیدا هاوشێوەی یەکن، خاوەنی هەمان دەنگ و سەدان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەمان کەس نین. خاوەنی کەسایەتی جیاواز جیاوازن، باککگراوندێکی ئەزمونیی جیاوازیان هەیە. ئایا ئەو دوو کەسایەتیە لەگەڵ ئەو حەقیقەتەدا چۆن هەڵدەکەن؟
-تەنانەت دووانەکانیش ژیان و ئەزموونی جیاواز جیاوازیان هەیە. تەنانەت گەر مرۆڤێک کلۆنیش بکرێت، ئەوا هەردوو کلۆنەکە دوو ژیانی جیاواز جیاواز دەگووزەرێن. ئەو دوانە تەنها لەسەر ئاستێکی بایۆلۆژیانە چوونیەکن. بەڵام ئەمە تەنها کێشەیەک نییە بۆ خودی دوو کەسەکە، بەڵکو بۆ دەوروبەریشیان. دەشێت ڕوو بدات کە کەسێک پەیوەندی لەگەڵ یەکێکیاندا هەبێت و لەگەڵ ئەوەی دیکەیاندا نەیبێت، وەک ماریا دێ پاز، کە لەگەڵ ئەوی دیکەیاندا دەخەوێت. بەڵام لێرەدا تاکە جیاوازی تەنها ئەنگوستیلەکەیە. بەپێچەوانەوە تێرتولیانۆش لەگەڵ ژنەکەی ئەنتۆنیۆدا دەخەوێت و کتومت لەویادا خیانەت دەست پێدەکات.

*ئایا دەرفەتی خیانەت مرۆڤ دەگەیەنێتە خیانەتی ڕاستەقینە؟
-بێگومان لە هەموو حاڵەتەکاندا مەترسییەک لەئارادایە. ئێمە هەموومان لەژێر فشاری مەیلێکی ئاوەهاداین، کاتێک هەلێکمان بۆ دەڕەخسێت. ڕەنگە کردارێکی هۆشمەندانەش نەبێت، بەڵام دەشێت خۆی کامڵ بکات و تەنانەت ڕەهەندێکی خولیایانەش وەربگرێت. ئەگەر خیانەت نەبوایە ئەوە بەشێکی زۆری ئەدەب، ئەدەبێکی بەسەرچوو دەبوو.

*ئێوە لە کۆڕێکدا وتتان، پێتان گرنگ بووە ئەوە نیشان بدەن چەند سەختە کەسێک وەک کەسێکی جیاواز قبوڵ بکەیت. ئاماژەشتان بە پێکەوەژیانی کلتورەکان دا. ئایا ئەوە بۆ هێندە سەختە؟
-ئێمە وەک مرۆڤ هەموومان هاوشێوەین – بەبێ گوێدان بە ڕەگەز و دین یاخود ڕەنگی پێست. نێزیکەی حەوت ملیارد مرۆڤ لەسەر زەمین هەیە. هەریەک بۆخۆی جیاوازە، هەمانکاتیش هەموومان هاوشێوەی یەکین. سەرەڕای ئەوەش مرۆڤ باوەڕ ناکات ژیان گوزەراندن لەگەڵ ئەوانی دیکە چەند سەختە. زۆرجار کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا هەیە لەگەڵ خودی خۆماندا بژین. مرۆڤ پێیوایە هەر یەک لەگەڵ خۆیدا لە ئاشتیدایە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. با سەختی ئەوە لەپێش چاوماندا بە ڕوونی ببینین. دواجار ئێمە نە مێروولەین نە هەنگ، کە لە سندوق یاخود شارە مێروولەدا بژین و تیایدا هەموو شتێک بە هارمۆنیایی بڕوات بەڕێوە. ڕەنگی پێکەوەژیانی ئێمە هێند سەخت بێت لەبەرئەوەی بوونەوەرێکین مۆرکی کولتور بەسەرمانەوە زاڵە. دین بە نموونە بهێننەوە. دیانەتەکان هەرگیز لەوەدا کەڵکیان نەبووە ئێمەی مرۆڤ لەیەکدی نزیک بکەنەوە. بەپێچەوانەوە. دیانەتەکان جیاوازی و ململانێ دەخوڵقێنن و هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە وەک دوژمن، وەک بەرەنگارکار تەماشای یەک دەکەین.

*بابەتێکی دیکەی ڕۆمانەکە زمانە، سنوری لێڵی وشەکان، گفتوگۆیەک کە هەمیشە لەپشت ڕستەکانەوە ڕوو دەدات. گفتوگۆ شتێکە کە بە گشتی شکست دەخوات.


-دەشێت کێشەی گفتوگۆ بوونی هەبێت لەبەرئەوەی کەسێک سوکوئاسان لەباریدا نییە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا گفتوگۆ بکات، لەبەر بێدەسەڵاتی کەسێک بەسەر زماندا، لەبەر دژواری وەرگێڕانی هەست و نەست و فکر بۆ سەر زمان. بەڵام مرۆڤ دەشتوانێت لە ئەنقەست بەدحاڵی بوون دروست بکات، وشەگەلێک بەکاربهێنێت کە دوو واتا یاخود تەنانەت سێ واتای جیاواز جیاوازیشیان هەیە. وشەی بێتاوان هەیە، وشە دەشێت بەم واتا یاخود بەو واتا بەکاربهێنرێت یاخود بە هەڵە بەکاربهێنرێت. لەسەرو ئەوەشەوە ڕووشدەدات کە وشەیەک بۆ دوو کەسی جیاواز هەمان واتا ناگەیەنێت. گەر مرۆڤ پەی بەوە بەرێت ئەوا دەتوانێت وەکو ناو کتێبەکە سوود لە جووتمانایی زمان وەربگرێت بۆ چەواشەکردنی ئیرادەی ئەوانی دیکە. ئەمە بە وشەگەلێکش کە لەڕاستیدا ئەگەر بە هەڵە بەکارنەهێنرانایە، وشەی لێک نێزیکبوونەوە دەبوون لەجێی وشەی لێک دوورکەوتنەوە.


*لە پێشەکی کتێبەکەدا وتەیەک نووسراوە: (پشێوی نەخشەیەکە کە دەبێت کۆدەکەی بشکێنرێت.) بەو پێیە گفتوگۆ نەخشەیەکە کە دەبێت بە زەحمەتێکی زۆر کۆدەکانی بشکێنرێن؟
-بەڵێ، ئەو وتەیە بۆ زمان و گفتوگۆ باش دەست دەدات. گفتوگۆ کۆمەڵێک هێمایە کە دەبێت تەفسیر بکرێن، واتا جۆرێک لە پشێوی کە دەبێت ڕێکبخرێت. بۆ کێشەی گفتوگۆ نمونەیەکی ئەدەبی هەیە لە چیرۆکێکی خۆرخێ لویس بۆرخێسدا: پیێر مێنارد، نووسەری دۆن کیخۆتێ. چیرۆکی پیاوێک کە بڕیار دەدات بە کۆپی دۆن کیخۆتێ بنووسێت. کارێکی سەخت، بەرلەوەی تەواو بێت دەشمرێت. بۆرخێس ڕوونکردنەوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەدات: لە جێیەک لە جێیەکاندا دەکەوێت بەسەر ڕستەیەکی سێرڤانتێسدا کە وەک خۆی کۆپی دەکات و لەو ڕستەیەدا وشەی (عەدالەت) دێتە پێش. وشەکە هەمان وشەیە، بەڵام عەدالەت لە سەدەی حەڤدەهەمدا واتایەکی دیکەی هەیە وەک لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا.


*لەو کتێبەی ئێوەدا عەقڵی تەندروستی مرۆڤ ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. لەلایەکەوە کۆمەکێکی عەمەلییە بۆ ژیان، لەلایەکی دیکەوە دەشتوانێت بتگەیەنێتە دەرەنجامی نادروست. لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە عەقڵی تەندروستی مرۆڤ لە کتێبەکەی ئێوەدا لە لەحزەی یەکلاییکەرەوەدا ماڵئاوایی دەکات. ئەوەش بە هەمان شت جووت ڕۆڵە؟
-بە چەشنێکی ڕاستەوخۆ نا. عەقڵی تەندروستی مرۆڤ لە بنەڕەتدا هەمان ڕۆڵی سەقفی ژووری نووستنەکەی سێنیۆر خۆسێ دەبینێت لە (هەموو ناوەکان) دا، لەوێدا ڕۆڵی ویژدان دەبینێت، ویژدان هەمیشە قوت دەبێتەوە. بەڵام لە هەندێک ساتەوەختی دیاریکراودا دەبێت عەقڵی تەندروستی مرۆڤ بڵێت: (من ناتوانم ئەو کێشەیە چارەسەر بکەم، من لەمە بەرپرسیار نیم، ئەمە لە سەروو تواناکانی منەوەیە.) هزری تەندروستیش سنووری خۆی هەیە و کاتێکیش دەگات بە سنوورەکانی، ئیدی ئیرادەی ئازاد و توانا و تایبەتمەندییەکانمان لەسەریانە بڕیار بدەن.


*ئایا دەگاتە ئەوەی کە ئەو مرۆڤانەی وا هەست دەکەن لە ئاستی ئیرادەی خۆیاندا بەرەو پاش گەڕاونەتەوە، خۆیان فڕێبدەنە ناو بەدبەختییەوە؟
-بەداخەوە زۆر جار ئیرادەمان بەرامبەر بە بارودۆخەکان هیچی لەدەست نایەت و بەتایبەتیش ئیرادەمان بەرامبەر بە ئیرادەی ئەوانی دیکە هیچی لەدەست نایەت، بەداخەوە. بێگومان ئیرادە دەشگونجێت تا ڕادەیەک مەترسی و ڕیسک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. زۆرێک لە خەڵكی هەن کە زۆر لەوە دەترسن ئەو ڕیسکە بکەن. لەو حاڵەتەدا ئیرادەی ئازاد هیچ کۆمەکێکت ناکات.

*ئێوە جارێک وتووتانە، مێژوو تەپۆیە و کاردانەوەکانی درەنگ دەگەن. ئایا ئیرادەی ئازادیش بە هەمان شێوەیە؟ ئایا دەشێت ئیرادەی ئازادیش حەز بکات درەنگ بکەوێت؟
-ئەوە شتێکە تایبەتە بە کەسایەتییەوە. مرۆڤ هەن کاردانەوەیان زۆر خێرایە و پێشتر بیر ناکەنەوە. لێرەدا جیاوازیەکی زۆر هەیە.


*لە (هاوشێوەکانی پیاوێک) دا مامۆستای مێژوو، تێرتولیانۆ پێیوایە، مرۆڤ دەبێت وانەی مێژوو بەرەو دواوە بڵێتەوە. دەتانەوێت بۆمان ڕوون بکەیتەوە کە مەبەستتان لە چییە؟


-زۆر ئاسانە: ئەگەر ئێمە حیکایەتێک لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بگێڕینەوە، ئەوا شتگەلێکی زۆر ڕوو دەدەن، بەڵام ئێمە هێشتا بە دەرەنجامەکانیان ئاشنا نین. ئەگەر ئێمە بە پێچەوانەوە وانەی مێژوو بڵێینەوە ئەوا دەزانین: ئەو ڕووداوە بووە هۆی ئەم ڕووداوەیان. بەو شێوەیە لە چۆنییەتی پەیوەستی شتەکان بەیەکەوە ئاگادار دەبینەوە و بەو هۆیەوە دەتوانین زیاتر بۆ پاشەڕۆژمان بکەین. زەقترین شت لە مێژوودا ئەوەیە کە هەرگیز ناگەیت بە زەمەنی ئێستا، ئیدی ئەمە لە خوێندنگا بێت، یان زانکۆ یاخود هەر کوێیەکی دیکە ... لە جێیەک لە جێیەکاندا کۆتایی دێت، لەبەرئەوەی شتێکی کۆتایی دار نادات بەدەستەوە.


*ئێوە کەسێکن لەڕووی سیاسییەوە چالاکن، ئامانجی ئەوەتان هەبووە کۆمەڵگا بگۆڕن. ئایا ئەزمونەکانی مێژوو دەتوانن کۆمەکمان بکەن لە چاککردن یاخود تەنانەت گۆڕانی ڕەوتی زەمەن؟
-نەخێر، من پێموانییە. بێگومان زانینێکی وردتر سەبارەت بە مێژوو هەلی نیگایەکی باشتر و واقیعیترمان دەداتێ بۆ سەر جیهان. بەڵام بە تەنها ئەوە هیچ ناگۆڕێت. مرۆڤ دەشێت هەموو شتێک سەبارەت بە مێژوو بزانێت و هەمانکات بێتەکبیر بێت. بە بڕوای من کێشەکە لە شوێنێکی دیکەدایە، کێشەکە لەو پرسەدایە کە ئاخۆ ئێمە سیستەمی سیاسی خۆمان قبوڵ دەکەین یاخود نا. خەڵكی دەڵێن، ئێمە لە دیموکراتیدا دەژین. بەڵام من پێموانییە. لەڕاستیدا ئێمە خاوەنی دیموکراتییەکی فەرمین، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە نا. تاکە ئازادی هاووڵاتییان هەیانە ئەوەیە حکومەتێک لابەرن و یەکێکی دیکە بخەنە جێگای. دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ئابووریدایە و ئابووریش لەدەرەوەی دەسەڵاتی دیموکراتیدایە. دیموکراتییەک کە نەتوانێت سنوورێک بۆ دەسەڵاتی ئابووری دابنێت ناشێت بە خۆی بڵێت دیموکراتی. ئەو دیموکراتییەی کە ئێمە ئەمڕۆ هەمانە تەنها ڕووکەشە. لەپشت ئەو ڕووکەشەوە ئەوەی دەشێت و ناشێت ڕوو دەدات، تەنها دیموکراتی نەبێت.
لەڕاستیدا دەوڵەمەندەکان حوکمڕانن، هەموو ئەو شتانەی تر حیکایەتی شەوانەن بۆ خەواندنی منداڵان.

سازدانی: یورگن ساندەر


سەرچاوە:


http://www.buechergilde.de/archiv/exklusivinterviews/saramago.shtml