گفتوگۆ لەگەڵ دەرهێنەری درامای شەهرەزاد لەبارەی بەشی چوارەمی دراماکە

رۆشنبیری 11/08/2018




رۆژنامەی شەرقی ئێرانی لە وتووێژێکدا لەتەک حەسەنی فەتحی، دەرهێنەری درامای شەهرەزاد باسی لەوەکردووە کە ئەگەری بەرهەمهێنانی وەرزی چوارەم لەئارادایە.

لەوەڵامی ئەم پرسیارەی شەرقدا کە پاش تەواوبوونی بڵاوبوونەوەی درامای شەهرەزاد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆتاندا نووسیوتانە و دەربارەی سەرجەم پرسەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی شەهرەزاد قسەتان کردووە بەڵام بەشێک لەو نووسیانانە بینەری رووبەڕووی ئەم پرسیارە کردۆتەوە کە ئایا وەرزی چوارەم بەردەوام دەبێت یان نا؟
فەتحی: ١٢ ئەڵقەی وەرزی چوارەم نووسراوە و ئامادەیە، بەڵام کارکردن و بەرهەمهێنانی کارەکە هێشتا نادیارە لەبەرئەوەی ئەمە تەنیا بەپێی خواست و مەیلی من نییە. بەڵکو پەیوەستە بەوەی ئایا نووسەری ئامادەیی نووسینی تیایە یان ئایا کۆی ئەکتەرەکان کە خۆیان سەرقاڵن و کاریتریان لەبەردەمدایە دەتوانن بەردەوام بن یان نا. بەردەوام بوونمان پەیوەندی بە کۆمەڵێک پێوەری جیاوازەوە هەیە. خۆم کە ئەو ئاستەی خواست و داواکارییەی بینەران دەبینم، سەرباری ئەوەی گەلێ ماندووم و ئەم ماندووبوونەش زیاتر رۆحییە وەک لە جەستەیی و ئەو ئازارانە دەگرێتەوە کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا رووبورووی من و گروپەکەم بۆتەوە دیارە بەباشی دەبینمەوە جاری لەسەر بەرهەمهێنانی وەرزی چوارەم بەردەوام نەبم، بەڵام کە ئەم قەبارەیەی داوا و خۆزگەییەی بینەران دەبینمەوە هەست دەکەم خراپ نییە گەر دەستپێبکەینەوە. دیارە ناکرێ بەرامبەر بەم رێژەیەی بینەر بێباک بین و گوێ بەداواکاریەکانیان نەدەین. من هەموو هەوڵێکم دەخەمەگەڕ بۆئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرفەتی کارکردن و بەردەوام بوون لەسەر وەرزی چوارەم فەراهەم بکەم. بەدڵنیاییەوە فۆڕمێکی دەکرێت درامای تەلەڤیزیۆنی و فۆڕمێکی تریشی فیلمێکی سینەمایی بێت. کە فۆڕمە سینەماییەکەی بۆ ئەکتەرەکان ئاسانترە و کاتێکی کەمتریان لێ دەبات.
شایانی باسە لەم وتووێژەدا فەتحی وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە کە ئایا کام ئەکتەرانە دیسانەوە لە وەرزی چوارەمدا دەردەکەونەوە کە رەنگە ئەمە پەیوەندی بە کۆچی شەهابی حسەینیەوە هەبێت بۆ ئەمریکا کە ئەگەری دەرکەوتنەوەی ئەم ئەکتەرە لەو درامایەدا بەتەواوەتی یەکلایی دەکاتەوە و بەمەش رەنگە بینەران و لایەنگرانی حسەینی لە کارەکە تەرە بکات.