بیرۆکەی نووسینەکانت لە کوێوە دەهێنیت؟

ڕەخنەی چاودێر 11/08/2018

ڕەخنەی چاودێر

 

بێگومانم لەوەی کە زۆر جار ئەم پرسیارە لە هەموو نووسەرەکان کراوە. هەر نووسەرێکیش وەڵامی خۆی هەیە. گومان لەوە نییە کە نووسەر وەک یەکەمین هەنگاوی نووسین دەبێت بیرۆکەیەکی هەبێت. تەنانەت نووسەرێکی زۆرچاکیش کە خەرجیی ژیانی لە نووسین و قەڵەم و کاخەز وەردەگرێت، زۆر جار لەگەڵ نەبوونی بیرۆکەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە. نووسەرانێکی زۆر لەسەر ئەو باوەڕەن، کە لە هەر شوێنێک دەتوانی چیرۆکێک بدۆزیتەوە و لە هەر بابەتێک حەکایەتێک بخوڵقێنیت. زۆربەیشیان پێیان وایە ئەزموون سەرچاوەی سەرەکیی چیرۆکە و زۆربەیان لە ئەزموونەکانی ژیانی خۆیانەوە دەستیان بە نووسین کردووە.
لەم ڕووەوە باشترین و کاریگەرترین سەرچاوەی نووسین ئەزموونە. نووسەر ئەگەر لە نووسیندا تەنیا پشت بە خەیاڵکردن ببەستێت و ئەزموون و تێڕوانین وەلا بنێت، چیرۆکێک کە دەینووسێت زۆر جار ساختە و بێڕۆح دەردەچێت. چونکە بەو جۆرە ڕووی داوە کە نووسەر خۆی خەیاڵی کردووە، نەک بەو جۆرەی کە لە ڕاستیدا ڕوو دەدات.
هێنری جیمزی ڕۆماننووس باسی دەکات، کە چۆن ژنێکی ئینگلیز دەربارەی پرۆتستانە فەرانسییەکان ڕۆمانێکی پێ نووسی. کاتێ لە پاریس بوو بە پلیکانەی ماڵێکدا سەرکەوت. چەند پرۆتستانێکی لاوی بینین، کە لە دەوری مێزێک دانیشتبوون نانیان دەخوارد. هەر ئەم تەماشاکردنەی ژنە ئینگلیزەکە، وێنەیەکی لە زەینی ئەودا دروست کرد، کە بیرۆکەی نووسینی ڕۆمانێکی لە خەیاڵی ئەودا وشیار کردەوە و لەسەر ئەم ئەزموونە دەستی بە نووسین کرد.
کارلۆس فۆئێنتس، دەربارەی چیرۆکی ״بووکەڵەی شاژن״ دەڵێت: ״من پێم وایە کتێبەکانم لە وێنە شارییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. شاری خەونەکان یان کابووسەکانم، مەکسیکۆسیتی. پاریس یان نیو یۆرک بیرۆکەم نادەنێ. زۆر لە چیرۆکەکانم بە پێی ئەو شتانەن کە لەوێ بینیومن. بۆ نموونە چیرۆکی (بووکەڵەی شاژن) لە کتێبی (ئاوی سووتاو)ـدا شتێکە کە لە ڕۆژگاری گەنجێتیدا ڕۆژانە دەمبینی. ئاپارتمانێکی ئاسایی کە شەوانە دەبووە شوێنێکی سەیر و پڕ دەبوو لە بووکەڵە و گوڵ…. من نووسەرێکی شاریم و ناتوانم ئەدەبیات لە دەرەوەی شار وێنا بکەم.״ 
بەڵام لە لایەکەوە نووسەرانێک هەن کە زۆر بە بیرۆکەکان کات ناکوژن و حەز دەکەن نووسین بە لاپەڕەیەکی سپی دەست پێ بکەن. پاشان هەوڵ دەدەن بیر لە نوختەیەک یان ئامرازێک بکەنەوە. لە قۆناغی دواتردا هەوڵ دەدەن تا لە نێوان کەسایەتی و ئامرازەکەدا خاڵێکی ڕووبەڕووبوونەوە دەستنیشان بکەن. ئەم ئامرازە دەکرێت کڵاوێک بێت، یان لەتەبەردێک یانیش کەشتییەک. شێوازی چیرۆکنووسی ئەمەریکی، بێن لوری، ڕێک بەم جۆرەیە و زۆر تایبەتە و شێوە باوەکانی نووسینی بۆ گرینگ نین. ئەو دەڵێت: ״من کارێکی زۆر ئەنجام نادەم، تەنیا لەو پەیوەندییە دەکۆڵمەوە بزانم چی لێ دروست دەبێت. من کاتێک کە دەنووسم، بیرکردنەوەی زۆر و جۆراوجۆرم نییە. ئەمە جۆرێک لە ژیانە لەگەڵ ئەزموونەکاندا. ئەمە خەونە.״
نووسەر ڕووخسەتی ئەوەی هەیە لە بارەی هەر شتێکەوە چیرۆک بنووسێت. ولیەم فۆکنەر گوتوویەتی: ״هونەرمەند گوێ ناداتە بنەما ئەخلاقییەکان، دەستگیر دەکات، وەردەگرێت، لە هەموو کەس و هەرشتێ دەدزێ تا چیرۆکەکەی کامڵ بکات.״
شکسپیر، هێنری فیڵدینگ، هێنری جیمز، بێرنارد شۆ و بەلزاک سوودیان لە بیرۆکەکان، چیرۆکەکان، گاڵاڵەکان و کەسایەتییەکانی نووسەرانی بەر لە خۆیان وەرگرتووە.
نووسەرانی زۆربەی ڕۆمانە مەزنەکان، بابەتەکانی نێو ڕۆمانەکانیان لە ئەزموونەکانی گەنجێتی و منداڵیی خۆیانەوە وەرگرتووە. نموونەی سەرکەوتووی سوودوەرگرتن لە بیرەوەریی منداڵی و گەنجێتی، ״سەربردەی هاکلبری فین״ی مارک تواینە.