"حكومەتی هەرێم مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشدەكات"

ئابوری 11/08/2018



چاودێر
بەرپرسێكی پێشووی كورد لەبەغداد رایدەگەیەنێت، بەهۆی باشتر بوونی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان، لەمەولا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە توانای پێدانی مووچەی بەفەرمانبەرانی هەیە.
لەوبارەیەوە، فازیل نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بەماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاندووە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان با دڵنیا بن، ئیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەردەوام و لەوادەی خۆیدا مووچە دابەش بكات، لەبەر دوو هۆكار، ئەوانیش بریتین لەوەی كە بەغدا بەردەوام 317 ملیار دینار رەوانە دەكات و هۆكاری دووەمیش ئەوەیە، كە نرخی نەوت بەرز بۆتەوە، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمیش زیادی كردووە و داهاتی ناوخۆیشی هەیە، بۆیە ئیدی كێشەی مووچە نامێنێت.
ناوبراو، پێشیوایە: پێویستە حكومەتی هەرێم دوو هەنگاو بنێت، هاوكاریی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بكات و هانی وەبەرهێنەرانی جیهانییش بدات بێنە هەرێم كاری وەبەرهێنان بكەن، ئەمەیش لەرێگەی چەند هەنگاوێكەوە دەكرێت، وەكو دەستەی وەبەرهێنان بەئەلیكترۆنی بكرێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان بتوانن بە ئاسانی مۆڵەت وەرگرن، چونكە بە هۆی رێكاری زۆرەوە كاتی زۆری دەوێت تاوەكو مۆڵەت وەردەگرن، بەڵام ئەگەر بەئەلیكترۆنی بكرێت، ئەوكات كۆمپانیاكان بە ئاسانی مۆڵەت وەردەگرن، جگە لەوەش زەوییان پێ بدات و پڕۆژەیان بۆ پێشنیاز بكات.
روونیشیكردۆتەوە: لەهەموو دنیادا حكومەت گەر تووشی قەیران بێت، ناتوانێت خۆی بە تەنیا چارەی بكات و پێویستە لەرێگەی وەبەرهێنەرانەوە ئەو كارەبكات، ئەمەش پێویستی بە ئاسانكاری و هاوكاریكردنی وەبەرهێنەران هەیە، بێگومان ئەگەر حكوومەتی هەرێمیش ئەو كارە بكات، وەبەرهێنەران خۆیان ڕوو لە هەرێم دەكەن، چونكە هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئەمنییەوە كێشەی نییە كە ئەمە گرینگە، بۆیە پێویستە لە رێگەی دیكەشەوە ئاسانكارییان بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیا ناوخۆی و بیانییەكان سەرمایەی خۆیان لە هەرێم بخەنە گەڕ.