لە عەترخانەکەی بەختیار عەلیدا، بۆ یادی ٥٨ ساڵەی لەدایکبوونی

ڕەخنەی چاودێر 09/08/2018

لە عەترخانەکەی بەختیار عەلیدا، بۆ یادی ٥٨ ساڵەی لەدایکبوونی

ئەو ڕۆمانەی، کە بە خوێندنەوەیدا گومان دەبەیت نووسەرەکەی لەوانەیە شاعیر بێت، بەختیار عەلی نووسیویەتی. ئەو جارێک لە جارەکان و لە گفتوگۆیەکی ڕەخنەی چاودێردا گوتوویەتی: "من هەوڵ دەدەم تەنانەت گوتارە ڕەخنەیییەکانیشم بە زمانێکی شیعری بنووسم."
دەشێت دیوی ئەدەبییانە و نەگوتراوی شیعرییەتی زمان لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیدا، ئاسانتر بەرگەگرتنی تراژیدیا و کاولکارییەکانی ماڵی کوردەکان بێت- لە ڕێی شیعرەوە، چونکە چەندێک لە نووسەران پێشتر ئاماژەیان بەوە کردووە "ئەدەبیات هەمیشە بەرگەنەگیراوتر لە واقیع بووە." بە تایبەت ئەدەبیاتی بەختیار عەلی، کە لە تراژیدیایەکی کورددا دەست پێ دەکات و لە تراژیدیایەکی کورددا کۆتایی دێت. ئەو پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە، لەوانەیە ڕۆماننووسێکی بۆ نموونە ئەورووپی، لە ڕۆمانەکەیدا خەمی ئەوەی بێت سەگەکەی دەستی دەخورێت؛ "بەڵام خەمی من خەمێکی ترە."
بەختیار عەلی، کۆڵفێڵدییانە بەناو مێژووی کوردەکاندا لە هاتوچۆدایە. هۆڵدن کۆڵفێڵدی ڕۆمانی پاسەوانێک لە مەزرا، ساڵانێک پاڵەوانی خۆشەویستی بەختیار عەلی بووە. وەک چۆن هۆڵدن بەناو شەقام و کۆڵان و باڕ و هۆتێلەکانی نیو یۆرکدا دەسووڕێتەوە و ڕەخنە لە بیرکردنەوەکان و هەستەکان و کۆی کۆمەڵگە دەگرێت، بەو چەشنە بەختیار عەلییش وەک گەڕۆکێک لە ڕێی ئەدەبیاتەوە لەناو مێژووی شۆڕش و نوشووستییەکان و ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەوی کوردەکاندا ئامادەگیی هەیە. ڕۆمانەکانی ئەو جارجار دەگەنە ساڵانی دووهەزارەکان و ئەوکات ڕەخنەیەکی توند (بە هەمان زمانی شیعری) لە سیاسەت و بیرکردنەوەی سیاسییەکان دەگرێت. تەنانەت لە ڕۆمانی غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵدا دەگاتە ئەوەی دیمەنێکی کاریکاتێرئامێز لە سیاسییەکان بخاتە ڕوو؛ هەمان ڕەوتێک کە لە گوتارەکانیدا، تیۆرییانە درێژەی پێ دەدات.
بەختیار عەلی لە ڕیزەی ئەو ڕۆماننووسانەیە، تەنانەت ئەوکاتەیش کە باسی سیاسەت دەکات و ڕووداوەکانی تێکەڵ بە کێشمەکێشە سیاسییەکان دەبن، خوێنەر وەڕز نابێت، چونکە هەمیشە ئەدەبێکی فەنتازی و زمانێکی شیعری ئامادەیە، کە ئەدەبیاتەکەی لە ڕێئالیزمێکی ڕووت و بێگیان دەپارێزن.
ئەوشتەی کەمتر سەبارەت بە بەختیار عەلی جێی سەرنج بووە، خولیایەتی بۆ ئەوەی کە "حەزم دەکرد زیاتر نووسەری کۆمیدیا بوایەم" کە لە گفتوگۆیەکدا ئاماژەی پێ دەکات. بێگومان (ئەگەر شاری مۆسیقارە سپییەکان بخەیتەوە یادت) لە باسی ئەو پیاوەی کە لە بەندیخانەدا هەرامەکەیان قرتاندووە و ئەوەی کە کەسێک پێی دەڵێت: "من ئەگەر وا بوایەم ژنەکەم شۆرباویشی نەدەدامێ." یاخود لە غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵدا و خستنەڕووی لیستی بارۆنەکانی کولەکە و تەماتە و دەسکەسڵق و چی و چیدا، یاخود لە ڕۆمانی جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، دەتوانرێت ئەو ڕۆحە ون و دوورەپەرێزە ببینرێت، ڕۆحێک کە وەک خۆی لێی دواوە، لەبەر ژیانی تاریک و پڕکارەساتی کوردەکانە، کە دەرنەکەوتووە.
بەختیار عەلی لە ئێستادا باشترین پیشەیەک کە هەیبێت؛ گێڕانەوەیە. ئەو جارێک لە جارەکان و لە ڕێی یەکێک لە ڕاوییەکانییەوە خۆزگەی بۆ مەکینەیەک خواستبوو، باشتر وایە بڵێین مەکینەی گێڕانەوە؛ کە بتوانێت لە یەک کاتدا بەناو هەموو زەمەن و شوێنەکاندا بێت و بچێت. لە یەک چرکەدا لە هەموو شوێنکاتێکدا ئامادە بێت. هەر ئەم خولیایەش وا دەکات بۆ ڕۆمانی غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ تەکنیکی زۆر لەمێژینەی فرەڕاوی هەڵبژێرێت. سەربەخۆیییەک کە دەدرێت بە هەر کارەکتەرێک تا چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە. لەوانەیە ئەمە دیمۆکراسیتیرین چەشنی ئەدەبیات بێت، کە هەر کارەکتەرە و دیدی خۆی سەبارەت بە یەک ڕووداو بخاتە ڕوو. بەم جۆرە دەکرێت بگوترێت، غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ؛ ڕۆمانە لەناو ڕۆماندا. لە گشت ئەمانەیش دیمۆکراسیتر ئەوەیە، لەم کتێبە فرەڕاوییەدا، هەر خوێنەرە و ڕۆمانی خۆی هەڵدەبژێرێت، یان: هەر خوێنەرە و متمانەی بە ڕاوییەکە.
بەختیار عەلی کە ساڵانی ساڵ، بە دەستێک بە لاجانگەوە؛ لە وێنەیەکی ڕەشوسپیدا، یان بە تیشێرتێکەوە؛ لە وێنەیەکی مەیلەوقاوەییدا، دەناسرایەوە؛ هەمیشە جێی مشتومڕی خوێنەران و ڕەخنەگرانی بووە. خوێنەرانی ئەو بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەرەیەک کە ڕەخنە لە کەمتەرخەمیی نووسەر بەرامبەر بە زمان و هێندێک باسی تەکنیکی دەگرن، بەرەیەکیش کە ئەو بە گەورەترین پەخشاننووس و خاوەنی ئەدەبیاتێکی بەرزی فەنتازی دەناسێنن.
خوێنەرانی بەختیار عەلی، لە کاتی بڵاوبوونەوەی تازەترین ڕۆمانی ئەو نووسەرەدا، بە ناوی کەشتیی فریشتەکانەوە، بە سەدان کەس دەبوون کە چەندان کاتژمێر لە سەرەدا وەستابوون تا نووسەرەکەیان ئیمزای خۆی بخاتە سەر کتێبەکانیان؛ ئیمزایەک، کە لەژێر دێڕەشیعرێکدا دەبینرا.
ئەو کەسەی لە ڕۆمانی عەتری پاتریک زۆسکینددا دروستکەری عەترەکانە، لەمێژە سەرنجی بەختیار عەلیی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. ئەو گیراوەیەک لە هەموو گوڵەکان دروست دەکات و کاتێک بۆنی دەکات، بۆنی تێکڕای گوڵەکانی لێ دێت و هیچیشیان نییە. بەختیار عەلی، وەک لە عەترخانەیەکدا کار بکات، کەسایەتیی ڕۆمانەکانی بەو چەشنە دەبینێت. کاری ئەو لە خوڵقاندنی کەسایەتییەکانیدا، لەبەرچاوگرتنی کۆی چەندان بیرۆکەی جیاوازجیاوازە لە یەک کەسایەتیدا، کە هاوکات گشتیانە و لە هەمان کاتدا هیچیشیان نییە بە دیاریکراوی. هێندێک لە کارەکتەرەکانی ئەو، لە چەشنی محەممەدی دڵشووشە، دالیا سیراجەددین، تریفە یابەحری و کامەرانی سەلما، یادێکی هەمیشەیییان لە زەینی خوێنەرانیاندا هەیە. بەختیار عەلی بەو ناوە سەرنجڕاکێش و سەیرانەوە کە بۆ کەسایەتیی ڕۆمانەکانی هەڵدەبژێرێت، جاروبار لە لایەن خەڵکانێکەوە تەلەفۆنی بۆ کراوە، کە ناو بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرێت. حاڵەتێک، کە جگە لە تەنز، تایبەتمەندیی ناو لە ئەدەبیاتی ئەودا دەردەخات.
لە دیدێکی سیاسییانەوە ئەگەر بڕوانین، ئەدەبیات هەمیشە وەک کەشتیی دوژمن سەیر کراوە. وەک کەشتییەک کە نزیکبوونەوەی لە وشکانی، جێی مەترسییە. لە ئەدەبیاتی کوردییشدا، ئەدەبیاتی بەختیار عەلی لە جۆری ئەو ئەدەبیاتەیە. خۆیشی لە چەشنی ئەو کەشتییەوانەی، کە بەردەوام لە ڕابردووەکانی ئێمەوە کەشتییەکەی بەرەو هەموو ئاراستەیەک دەهاژوێت.
لە غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵدا هاتووە: مرۆڤ دوو جار لە دایک دەبێت؛ ئەو ڕۆژەی کە دێتە دنیاوە و ئەو ڕۆژەی کە مانای لەدایکبوونی خۆی دەدۆزێتەوە.

بەختیار عەلی، کە نووسەری ڕۆمانەکانی مەرگی تاقانەی دووەم، ئێوارەی پەروانە، دواهەمین هەناری دونیا، شاری مۆسیقارە سپییەکان، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ، جەمشیدخانی مام... کە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد و کەشتیی فریشتەکان و هەورەکانی دانیال، هاوکات کۆشیعرێک بە ناوی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە و چەندان کتێبی فیکری و تیۆرییە، لە ١٩٦٠دا لە دایک بووە، ٨ی ئۆگەستی ٢٠١٨، پەنجاوهەشتساڵەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو. نووسەرێک، کە سەبارەت بە وەسیەتەکەی، لە ڕەخنەی چاودێردا گوتبووی: "هیچ وەسیەتێکم نییە."

ئەم گوتارە شاڵاو حەبیبە لە یادی پەنجاوچوارساڵەی بەختیار عەلیدا نووسیبووی، بە گرنگمان زانی بۆ هەمان یاد و دوای چوارساڵ بڵاوی بکەینەوە.