مەلا بەختیار: لەپێناو یەكسانیخوازیی‌و بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی، خەباتی بێ‌ وچان بكەن

کوردستان 09/08/2018

 
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەگەڵ رێكخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان، گفتوگۆ لەبارەی خەباتی مەدەنی و دیموكراسییەوە دەكات‌و پێویستی خەباتی رێكخراوەیی لەپێناو بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی و وەدیهێنانی یەكسانی و دادی كۆمەڵایەتی، بەپێویستی سەردەم دەزانێت.


لەدیدارێكدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ (9/8/2018) لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی‌و بەئامادەبونی هیوا حەمید، لێپرسراوی بۆردی ئێن جی ئۆكانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، لەگەڵ رێكخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان، كە چالاكییەكانی لەشاری كۆیە بەڕێوەدەبەن، بەڕێوەچوو، سەرۆك‌و ستافی ئامادەبووی رێكخراوەكە، رونكردنەوەو زانیاری پێویستیان لەبارەی سەرەتاكانی كاری رێكخراوەیی‌و چالاكییەكانیان ‌و پاشان چۆنێتی و هۆكارو ئامانجی دامەزراندنی رێكخراوی چەتر، خستەڕوو، هاوكات بەئامار و داتا كۆی ئەو چالاكییانەیان پێشكەشی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی كرد، كە لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ چین‌و توێژە جیاوازەكانی شارەكەیان بەڕێوەبردووە.
لەبەرامبەریشدا، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، دامەزراندن رێكخراوەكەو كارەكانیان لەرابردوودا، بە بەڵگەی ئەوەزانی كە خەبات‌و تێكۆشانی كۆمەڵی مەدەنی لەگەشەكردندایە‌و لەو روانگەیەشەوە، چیرۆكی خەباتی كۆمەڵی مەدەنی و رێكخراوەیی لەخەباتی شاخدا گێڕایەوەو بەسەخت ناویبرد. هاوكات ئاماژەی بەمێژووی سەرهەڵدانی خەباتی رێكخراو و سەندیكا مەدەنی‌و پیشەییەكانی لەئۆرۆپا كردو لەو دیدەشەوە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی فەلسەفەو كاری رێكخراوە ئێن جی ئۆكانی رونكردەوە، كە تیایدا شرۆڤەی پرەنسیپ‌و پەیوەندی حزب و رێكخراوە دیموكراتییەكان‌و ئێنجی ئۆكانیشی كرد.


لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، تێگەیشتنێكی عەقلانی، دیموكراسی، ئۆرگانیكی لەو پەیوەندییەی لەنێوان رێكخراو، سەندیكا، ئێنجی ئۆكان، دەیەڵات‌و حزبدایە، لەقازانجی بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنییەو بەپێچەوانەوە تێنەگەیشتن لەم ئایدیایە، زۆر زیان بەرێكخراوەكان، سەندیكا‌و ئێنحی ئۆكانیش دەگەیەنێت، هەروەها دەبێت بە بەربەست لەبەردەم، چۆنێتی بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی.
هاوكات ئەزمونی رابردووی ستافی رێكخراوەكە، بۆ ئێستا و بەردەوامی كاری رێكخراوەیی بەگرنگ ناوبردو وتی: كاتی ئەوە هاتووە، بەر پەرچی ئەو بۆچوونە هەڵانە بدەنەوە، كە لەساڵانی رابردوو، زیانیان بە چۆنێتی بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی گەیاند‌و بەناوی فەلسەفەی جۆراوجۆرەوە، بوونە مایەی سەر ئێشەیەكی گەورە بۆ چالاكوانان‌و تێكۆشەرانی رێكخراوەیی‌وسەندیكایی.
لەكۆتایی دیدارەكەشیدا لەگەڵ رێكخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پاشئەوەی ئاماژەی بەمێژوو و زیندوێتی شاری كۆیە كرد، رایگەیاند: ئێوەی نەوەی حاجی قادر و مەلای گەورە، لەپێناو یەكسانیخوازیی‌و بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی، خەباتی بێ‌ وچان بكەن. چونكە دەبێتە مایەی نیگەرانی و خەفت ئەگەر شارێكی وەكو كۆیە، زێدی ئەو هەموو زانا و شاعیرو رووناكبیرە لە مەدەنییەت تێنەگەن‌و بەئاسانی چەواشە بكرین! بەتایبەتتر كە خاوەنی جەنابی مام‌و ئەو سەركردە گەورانەن، بۆیە "جۆشێ‌ بدەن وەكو هەنگ، تەگبیر بكەن بە بێدەنگ"‌و راشیسپاردن، لەخەباتی مەدەنی‌و دیموكراسی‌و رێكخراوەیی، هیچ كاتێك بیر لەحزبایەتی مەكەنەوەو بەڕاهایی باوەڕتان بەئازادی تاك هەبێ‌، لەژینگەی دیموكراسیدا، لایەنی دیموكراسی، دەبێتە سایەی فراوانی دیموكراسی.