سنوری عێراق- سوریا بە تەواویی لەداعش پاككرایەوە

جیهان 09/08/2018



ئاژانسەكان – بابان:

هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لەزاری فەرماندەكەیەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد كە دەوروبەری دێرەزۆر بەتەواوی لە دەستی داعش پاككراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەی "هەسەدە"دا ئاماژە بەوەكراوە، هەڵمەتەكەیان بۆ رزگاركردنی شارۆچكەی دەشیشا، كە رۆژی 3ی حوزەیران لە چوارچێوەی بەرقەراركردنی ئاسایش و پاراستنی سنوری سوریا-عیراق و رزگاركردنی تەواوی گوندەكانی پارێزگەی حەسەكە لە دەستی چەكدارانی داعش دەستیپێكردبوو، پلانسازییەكەی بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عیراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دانراوە.
لە هەڵمەتەكەدا روبەری حەوت هەزار و 136 كیلۆمەتر بە درێژایی 191 كم لە سەرانسەری سنوری عیراق، لەناویشیدا شارۆچكەی دەشیشای ستراتیژی و تەواوی گوندەكانی، كۆنتڕۆڵكراوە.
ئەوەش راگەیەندراوە، سەدان خەڵكی سیڤیل لە هەڵمەتەكەدا رزگاركراون، هەروەها سەدان هاووڵاتی ئازادبون، كە لەو گوندانەی ناوچەكەدا گیریانخواردبو، ئێستاش لە هەرێمە جەنگییەكان دورخراونەتەوە.
هەروەك لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی چالاك لە زەوی و ئاسمانەوە بەشداری شەڕ بوە و گورزیان لە جموجوڵی چەكدارانی داعش و سەنگەرەكانی رێكخراوەكە داوە،  لە ئەنجامیشدا هەرێمەكە بە گشتی رزگاركراوە و چەك و تەقەمەنییەكی زۆر دەستیان بەسەرداگیراوە.