یاریزانە نوێیەکەی مانچستەر سیتی بە "یەک" چرکە چووە مێژووەوە

وەرزش 08/08/2018


لە یاریی کۆتایی جامی درعی خێرخوازیی ئینگلتەرای نێوان چێڵسی و مانچستەر سیتیدا، کە بە بردنەوەی سیتی کۆتاییهات، حاڵەتێکی سەیر روویدا کە پاڵەوانەکەی کلاودیۆ گۆمێزی یاریزانی لاوی فەرەنسی بوو.
کلاودیۆ گۆمێزی فەرەنسی، کە بەمدواییە لەسەر داوای پیپ گواردیۆلا پەیوەندیی بە یانەی مانچستەر سیتییەوە کردووە، ئەمە یەکەمین یاریی بوو کە بەدرێسی سیتییەوە بەشداریی بکات، بەڵام چانس یاوەری نەبوو چونکە بەشداریکردنەکەی تەنها بۆ یەک چرکە بوو.
رەنگە هاتنەناوەوەی گۆمێز بۆ "یەک چرکە" بچێتە مێژووی تۆپی پێوە، بەوپێیەی بە سەیرترین و لەهەمانکاتدا کورتترین بەشداریکردن دادەنرێت لەمێژوودا بۆ یاریزانێک کە یەکەم جاری بێت درێسی یانە نوێیەکەی دەپۆشێت.
پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی لە دوایین چرکەکانی یارییەکەدا بڕیاری بەشداریکردنی گۆمێزی تەمەن 18 ساڵی دا. گۆمێز بەدیاریکراوی لە خولەکی 95ی یارییەکەدا هاتە ناوەوە و چووە جێگەی جۆن ستۆنز. هەر لەگەڵ هاتنەناوەوەی گۆمێز و دەستپێکردنەوەی یارییەکەدا بۆ یەک چرکە، داوەری یارییەکە فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا بەمەش ماوەی بەشداریکردنی گۆمێز لەیەکەم بەشداریکردنی لەگەڵ سیتی دا تەنها یەک چرکە بوو.
گۆمێز ئەم هاوینە بەگرێبەستێکی خۆڕایی لە یانەی پاریس سان جێرمانەوە پەیوەندیی بە مانچستەر سیتییەوە کرد.