رەخنەی چاودێر

دامەزراندنی بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ ڕەخنە

پێش 1 هەفتە

ڕەخنەی چاودێر

دامەزراندنی بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ ڕەخنە، نوێترین کتێبی نووسەر هەرێم عوسمانە و بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بکەوێتە کتێبفرۆشییەکانەوە.

 هەرێم عوسمان، بە ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاند، ئەم بەرهەمە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوەی چەمکی ڕەخنە و بە تایبەت ڕەخنەی ئەدەبی، کە لەبەر ڕۆشنایی ئۆنتۆلۆجیی هادیگەردا کارم لەسەر سێ کوچکەی نووسەر و تێکست و خوێنەر کردووە و وەک بنەمای ڕەخنە لێم ڕوانیوە.
وتیشی: "بەشێکی ئەم توێژینەوەیەم لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە ناونیشانی ڕەخنەی ڕەخنە بڵاو کردەوە، دواتریش ئاوڕم لە ڕەخنەی کوردی لەسەر ئاستی میدیا و ئاکادیمیا داوەتەوە و ڕەخنەم کردوون، کە پێشەکییە کەلتوورییەکەمان ڕێگەگرە بۆ درووستکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و میدیای کوردیش کار لەسەر بەکاربردن ‌و ناجدیبوون دەکات، کە ئەمەش بیرکردنەوەکوژە، هاوکات ئاکادیمیای کوردی کار لەسەر سیمای نوێ دەکات بەڵام بە لایەوە گرنگ نییە کە ناوەڕۆکی بەرهەمدارو ڕەخنەییانەی هەبێت."
کتێبەکە لە لایەن فەلسەفەکار. د.محەمەد کەمالەوە پێشەکی بۆ نووسراوە و ئەمەی خوارەوە چەند پەرەگرافێکی ئەو پێشەکییەیە:

"دوو خاڵی گرنگ هەن، کە هەرێم لەم توێژینەوەیەدا ڕۆشنایی خستووەتە سەریان و هەوڵی شیکردنەوەیانی داوە. یەکەم، جیاکردنەوەی ڕەخنەی ڕەسەن لە ڕەخنەی ناڕەسەنەوە. دووەم، سەبارەت بە ڕەخنەی کوردییە لەنێو و دەرەوەی ئەکادیمیادا. جیاکردنەوەی دوو شێوازی ڕەخنە (ڕەسەن و ناڕەسەن) لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ئۆنتۆلۆجییانەی هایدیگەر کارێکی درووستە. ئەم جیاکردنەوەیە وابەستە بە شێوازی بوونی ڕەسەن و ناڕەسەنی دازاینەوە، کە کاریگەرێتیی بەسەر تێگەیشتن، دەربڕین و بەکارهێنانی زمانەوە هەیە. هەڵبەتە، شێوازی بوونی ناڕەسەنانەی دازاین هیچ بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی نییە و فینۆمینۆلۆجییانەیە؛ مرۆڤ بە ناڕەسەنانە نایەتە نێو جیهانەوە، بەڵکو ناڕەسەن دەکرێت. ئێمە دەبینین چۆن کەلتووری باو زۆرینەی تاکەکان مێگەلانە پاش خۆی دەخات. ئەم تاکانە لەنێو کەلتوورە باوەکەدا وەکو یەکدی بیر دەکەنەوە، دەخوێننەوە، لەسەر کێشەکان بە زمانێکی لەکارکەوتوو دەدوێن و چێژ لە بەرهەمە هونەرییەکان وەردەگرن. کەلتووری باو بەردەوام بۆ لەناوبردنی جیاوازی و داهێنان توانای خۆی دەخاتەگەڕ و شێوازی بوونی ناڕەسەنانە بەسەر تاکەکاندا دەسەپێنێت. بەڵام، بوونی ڕەسەنانەی دازاین، بە پێچەوانەی بوونی ناڕەسەنانەی نێو کەلتووری باو، بە تێگەیشتنەوە دەڕوانێتە تێکست. تێگەیشتن لێرەدا تەنیا چالاکییەکی ئەپستمۆلۆجی نییە، پێشمەرجە بۆ ڕاڤەکردن و سەر بە بوونیادی ئۆنتۆلۆجی دازاینە. ڕووکردن لە تێکست بە تێگەیشتنەوە (نیگەرانی) دازاین بۆ دۆزینەوەی ڕاستی بوون دەردەخات؛ دازاین بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی بوون بە نیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ تێکستدا دەکات. هەمان نیگەرانی لە بوونی نووسەری ڕەسەنیشدا هەیە و نووسەری ڕەسەن تێکست، وەکو شێوازی دەربڕین بۆ دەرخستنی ڕاستی بوون بەرجەستە دەکات.
ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا نووسەری ڕەسەن- تێکستی ڕەسەن- خوێنەری ڕەسەن کۆ دەکاتەوە، پەیوەندییەکی پێویست و ئۆنتۆلۆجییانەیە. تێکست نیگەرانییە لە ئاستی ڕاستی بووندا و نووسەری ڕەسەن بەو نیگەرانییەوە تێکستی ڕەسەن دەخاتە بەردەست خوێنەری ڕەسەن."