چیخۆف، نووسه‌رێک بۆ که‌یفخۆشی

ڕەخنەی چاودێر 07/08/2018

ڕه‌خنه‌ی چاودێر

 

کاتێک چیرۆکەکانی چێخۆف دەخوێنینەوە، پێدەکەنین. دڵخۆش دەبین، چونکە ئەو نووسەرێکە لە زۆربەی چیرۆکەکانیدا کەیفخۆشە و هەرە هەرزانترین ڕووداو و پێشهاتەکانی مرۆڤ و جیهانەکەی نمایش دەکات. وەک ڕەخنەگران دەڵێن، پرسیارێکی سەرەکی، کاتێک چیرۆکی چێخۆف دەخوێنینەوە، ئەوەیە کە لە خۆمان دەپرسین: ״ئایا چێخۆف نووسەرێکی جددییە؟ هەر بەڕاستی ئەنتۆن چێخۆف ڕێک ویستوویەتی ئەم شتانە بنووسێت؟״ جا رێک ئەو کاتە ڕووبەڕووی هەڵە دەبینەوە، کە ئەو لە تەنزی خاڵی و ناجددیبووندا کورت بکەینەوە.

چێخۆف بە کەیفسازییەوە دەڕوانێتە جیهان و بە هەمان کەیفسازییەوە ڕەخنەی دەکات و هیچ شتێکی مەزن و سەرسامکەری تێدا نابینێت. بۆ ئەو زۆربەی جار، پێڵاولەپێکردنێک، قژشانەکردنێک، پیاسەیەک، قەوانکڕینێک و یان چوون بۆ میوانییەک گرینگن. لە ڕێی ئەم شتە هەرزان و بچکۆلانەوە، جیهانێکمان نیشان دەدات، خاڵی لە هەر پێشهاتێکی مەزن و نائاساییبوون.

لەوانەیە چێخۆفیترین چیرۆکی ئەو، برێتی بێت لە ״خۆشی.״ لەو چیرۆکەدا کارمەندێک وێنەیەکی لە ڕۆژنامەدا بڵاو بووەتەوە و ڕۆژنامەکەی هێناوەتە ماڵەوە و نیشانی خێزانەکەی دەدات، پاشان دەبێت بڕوات تا بۆ خزمانیشی بەرێت. ئەمە سەرتاپای ژیان  و دنیای ئەو کارمەندەیە. بچووککردنەوەی جیهان بۆ حاڵەتێکی وەها، کە زۆربەی چیرۆکەکانی چێخۆف دەگرێتەوە، بێبەزەییترین ڕەخنەیە، کە ئەدەبیات بتوانێت لە جیهانی بگرێت. ئەم ڕەخنە توندەیش، بە شێوەیەکی زۆر هێمن و بە زەردەیەکی شەیتانییەوە دەخرێتەوە ڕوو، کە زۆر جار خوێنەر ئەگەر وشیار نەبێت، شانسی ئەوەی نابێت درکی پێ بکات.

ئەنتۆن چێخۆف، ڕێ بەوە دەدات کە کارەکتەرەکانی، لە کارێکارێکەوە بگرە تا سیاسییەک، بە دنیا و ئایدیای نۆرماڵی خۆیانەوە بێنە ناو چیرۆکەکانییەوە. چێخۆف هێندێک جار هێندە ڕاستەقینە دەردەکەوێت، کە لە کاتی خوێندنەوەیدا هەست بە ئەدەبیات ناکەیت. مەبەست لەمە، ئەو گێڕانەوە سەرڕاست و زمانە خۆمانەیەیە، کە چێخۆف بە کەیفەوە بە کاری دەهێنێت. هەر بۆیە ئەو لە ڕووسیا بە ״مامە چێخۆف״ ناسراوە. مامی هەموان بەبێ جیاوازی.

بۆ ئێمە ئاسانە چێخۆف بخوێنینەوە و پێبکەنین. بەڵام ئەوە کارێکە سەختە و خوێنەری وردبین و بەپشووی دەوێت، کە درکی پەنهانی ئەو بۆ جیهان و دەوربەرەکەی کەشف بکەین. کەشفی چێخۆفیش، کەشفی جیهانێکە، کە سەرەنجام بە بەتاڵی و هەرزانی دەیبینین.