راگەیەندراوی كۆشكی سپی لەبارەی سووریا

جیهان 07/08/2018


چاودێر-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هیزەر ناوێرت رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باس لە كوشتنی هەزاران كەس بە دەستگیركراوی لە لایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە دەكەن، ترس و نیگەرانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەسەلمێنن لە كارەكانی رژێم.

هیزەر ناوێرت لەبارەی هێرشەكانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

گوتەبێژی كۆشكی سپی تیشكی خستۆتە سەر ئەوەی كە "ئەو راپۆرتانەی بەم نزیكانە ئاماژەیان بەوە داوە كە رژێمی سووریا هەزاران تۆمەتباری سیاسیی بە دەستگیركراوی كوشتووە، ترس و نیگەرانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەسەلمێنن. ئەوە هەرگیز لەبیر ناكرێت. دەیان هەزار سووری كە بە خۆبەدوورگرتن لە توندوتیژی داوای ئازادیی و مافەكانیان و گۆڕانكاری سیاسییان كردووە لە لایەن رژێمەوە بە شێوەیەكی سیستەماتیك دەستبەسەركراون و ئەشكەنجە دراون".

هیزەر ناوێرت جەختی لەوەش كردۆتەوە كە ئیدارەی ئەمریكا كردنە ئامانج هاووڵاتییانی مەدەنی لە لایەن رژێمەوە ئیدانە دەكات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هیزەر ناوێرت سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە كە ئەمریكا بە بەردەوامیدان بە كارەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارانی ئەو كارانە دەخاتە بەردەم لێپرسینەوە.

روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندبوو لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا، ١٣ هەزار و ٦٦ كەس بە هۆی ئەشكەنجەدانیان لە لایەن هێزەكانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد گیانیان لەدەست داوە.


سەرچاوە-ئەنادۆڵو