هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا دەكرێت؟

ڕاپۆرت 05/08/2018


چاودێر: رێبین حەسەن
تا دێت مشتومڕەكان بۆ ئەنجامدان یاخود دواخستن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم زیاتر دەبێت، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا بەرەسمی هیچ لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پارلەمانی نەكردووە، بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش، نایشارێتەوە ئامادەكاری تەواویان كردووە و هیچ لایەنێك بەرەسمی داوای دواخستنی لێنەكردوون و كۆمسیۆنیش  ئامادەكاری تەواوی كردووە تاوەكو ئەو هەڵبژاردنە لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

یەكێتی: دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بەبڕیاری پارلەمانەوە هەیە
حاكم قادر حەمە جان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی 1ی سلێمانی یەكێتی، دوێنێ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنیدا لەسلێمانی رایگەیاند: یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و ئەو كەسو لایەنانەی بەناوی یەكێتییەوە قسە دەكەن و دەڵێن یەكێتی دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت راست نییە و پارلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەپێی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، بڕیار لەئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردن بدات، یەكێتی رێز لەبڕیارەكەیان دەگرێت.
وتیشی "دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بەبڕیاری پارلەمانی كوردستان هەر بڕیارێك لەبارەی هەڵبژاردن بدرێت پێوەی پابەند دەبین، گفتوگۆكانیش بۆ دواخستن و ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن بەردەوامە، یەكێتیش ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنەكان". 

پارتی: هیچ لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پارلەمان نەكردووە
هاوكات فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەپارلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكی تایبەتدا، بەچاودێر ی راگەیاند: وەكو پارتی ئامادەكاری تەواومان بۆ ئەنجامدانی  هەڵبژاردنی  پارلەمانی  كوردستان كردووە و بەهیچ شێوەیەكیش لەگەڵ دواخستنیدا نین و  هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین لەوادەی خۆی و هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە.
 ئاماژەی بەوەشكرد: هیچ پاساوێك نابینین تاوەكو ئەو هەڵبژاردنە لەوادەی خۆی دوابخرێت و نەشمان بیستوە هیچ لایەنێك لەدەرەوە و ناوەوەی پارلەمان داوای دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە یان ئەنجامدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كردبێت.
گۆڕان: دواخستنی هەڵبژاردنەكان دیكتاتۆرییەت دروستدەكات
عەبدولرەحمان عەلی، بڕیاردەی فراكسیۆنی گۆڕان لەپارلەمانی كوردستان، بۆ میدیای حزبەكەی رایگەیاندووە، ئەگەر گۆڕان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكان بوایە دەنگی بەدرێژكردنەوەی تەمەنی پارلەمان دەدا و هەموو كات لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا بووین لەوادەی خۆیدا و دواخستنی هەڵبژاردنەكان، دیكتاتۆرییەت دروستدەكات و دژی هەر پاساوێكین بۆدواخستنی هەڵبژاردنەكان.

"هیچ داوایەكمان لەبارەی ئەگەرەكانی دواخستنی  هەڵبژاردن پێنەگەیشتووە"
ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری ئەنجومەنی كۆمیسیاران، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، لەلێدوانێكی تایبەتدا بە(چاودێر)ی راگەیاند: وەكو كۆمسیۆن ئامادەكاری تەواومان كردووە تاوەكو هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
وتیشی "تاوەكو ئێستا هیچ شتێكمان لەبارەی ئەگەرەكانی دواخستنی ئەو هەڵبژاردنەوە پێنەگەیشتووە و هیچ لایەنێكیش بەرەسمی داوای دواخستنی لێنەكردوین و ئەگەر بەرەسمی داوامان لێبكەن ئێمەش قسە و وەڵامی رەسمیمان دەبێت".
هەڵبژاردنی پارلەمان و پارێزگاكان پێكەوە ئەنجام دەدرێت؟
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان هەرێم پێكەوە لەیەك كاتدا، جوتیار عادل، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی هەرێم، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رونیكردەوە "سەرەتای هەفتەی رابردوو پارلەمانی كوردستان لەنامەیەكدا پرسیاری ئەوەی لەكۆمیسیۆن كرد ئاخۆ دەكرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە رۆژی 30 ئەیلول لەگەڵ هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستاندا ئەنجام بدرێت، كۆمیسیۆنیش لەرۆژی چوارشەممەی رابردوو بەگوێرەی یاسا وەڵامی پارلەمانی داوەتەوە".
جەختیكردەوە: كۆمیسیۆن لەوەڵامی پارلەماندا پشتی بەیاسای هەمواركردنەوەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحییەكان ژمارە 21ی ساڵی 2011 بەستووە، بەگوێرەی ماددەی 10 لەیاساكە، وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە راوێژ لەگەڵ كۆمیسیۆن دیاریدەكرێت، وادەكەش بەر لە 90 رۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاودەكرێتەوە و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەدەسەڵاتی كۆمیسیۆندا نییە.