"بژی ئەلیسۆن بیکەری بەرازیلی".. هەمووان ستایشی هەڵوێستی گۆڵچییە نوێیەکەی لیڤەرپول دەکەن

وەرزش 05/08/2018


میدیاکانی بریتانیا ستایشی هەڵوێستی ئەلیسۆن بیکەری گۆڵچیی نوێی یانەی لیڤەرپول دەکەن، کاتێک رەتیکردۆتەوە درێسەکەی لۆرێس کاریۆس وەربگرێت و رایگەیاندووە "درێسی ژمارە 1 دەبێت بۆ کاریۆس بێت، ئەگەرچی من بومەتە گۆڵچیی سەرەکیی".
ئەلیسۆن بیکەر، ئەم هاوینە بەگرێبەستێکی گەورە "63 ملیۆن یۆرۆ" ریزەکانی یانەی رۆمای جێهێشت و پەیوەندیی بە یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزییەوە کرد.
گۆڵچییە بەرازیلییە تەمەن 25 ساڵەکە دەبێتە گۆڵچیی یەکەمی لیڤەرپول و شوێنی لۆرێس کاریۆس دەگرێتەوە.
ئەمەیش پاش ئەوەی کاریۆس چەند هەڵەیەکی زەقی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنس لیگ بەرامبەر ریاڵ مەدرید ئەنجامدا و بەهۆیەوە نازناوەکەیان لەدەست دا.
میدیاکانی بریتانیا ئاماژە بەوەدەکەن، ئەلیسۆن بیکەر رەتیکردۆتەوە درێسی ژمارە 1 بپۆشێت و داوایکردووە ئەو ژمارەیە لەلای لۆرێس کاریۆس بمێنێتەوە. ئەلیسۆن بیکەر درێسی ژمارە 13ی وەرگرتووە.
یەکێک لەو رۆژنامانە نوسیویەتی "بژی ئەلیسۆن بیکەری بەرازیلی".
ئەگەربێتوو یانەی لیڤەرپول ئەم هاوینە لۆرێس کاریۆس بفرۆشێت، ئەوکاتە درێسی ژمارە 1 دەچێتەوە لای بیکەر.