مەلا بەختیار: هونەرمەندانی كەركوك، ببنە گوڵدانی چەپكە گوڵەكەی مام

رۆشنبیری 04/08/2018




پێشوازی لەشێوەكارانی نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك كرد

 
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشوازی لە ژمارەیەك هونەرمەندانی شێوەكاری نەتەوە‌و پێكهاتەكانی كەركوك دەكات‌و پشتیوانی‌و هاوكاری داخوازیی‌و ئامانجەكانیان دەكات‌و رایدەگەیەنێت "ئێوەی هونەرمەندانی كەركوك، ببنە گوڵدانی چەپكە گوڵەكەی مام".
ئەمڕۆ (4/8/2018) ژمارەیەك لەهونەرمەندانی شێوەكاری نەتەوە‌و پێكهاتەكانی كەركوك، بەئامانجی پشتیوانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی، بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەكی هونەریی كە سەرجەم هونەرمەندانی شێوەكاری نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك لەخۆی بگرێت، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان كرد.
لەدیدارێكیشدا، پاشئەوەی شێوەكارانی كەركوك پەیام‌و یاداشتێكیان لەپێناو پرۆژەیەكی هونەری ئاراستەی دەستەی كارگێڕی كرد، ئاماژەشیان بۆ ئەوەكرد: سەردانەكەیان بۆلای دەستەی كارگێڕی، لەو ڕوانگەیەوەیە، كە مەلا بەختیار، وەك روناكبیرو سیاسەتمەدارێك،  هەمیشە پەرۆش ‌و پشتیوانی كایە جیاوازەكانی هونەرو روووناكبیر بووە.
لەبەرامبەریشدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، هاوكات لەگەڵ تەئكیدكردنەوە لەپشتیوانی بۆ داخوازیی‌و ئامانجەكەیان، وتی: هونەر شوناسێكی نێونەتەوەیی هەیە، نەك بەتەنها شوناسی نەتەوەیی، یا مەزهەبی، بەڵكو هونەر لەهەستدایەو سنوربەزێنە. هەر بۆیە هونەر ناتوانێ‌ بەتەنها لۆكاڵی، یان عەشیرەتی ‌و بەتەنها هەر نەتەوەیی بێت. هونەر لەبری بایكۆت، خوڵقێنەری خۆشەویستی‌و دۆستایەتییە، ستاتیكا لەهەستی مرۆڤەكاندا دەنەخشێنێ‌.
راشیگەیاند: بواری بەهرەو داهێنان، وەكو كانی وایەو ناتوانرێ‌ دیزاین‌و چوارچێوەیەك بۆ هەست بكێشرێت. بەڵكو تەنها خەیاڵدانی داهێنان دەتوانێ‌ ئاراستەی داهێنانەكان بەرجەستە بكات.


لەو دیدەشەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، جەختیكردەوە: بۆ كەركوك ‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان، دەبێ‌ هونەر زیاتر لەهەر جێگەیەكی تر، هەستێكی باڵاتری مرۆڤایەتی هەبێ‌، لەهەر هەستێكی تری نەتەوەیی‌و سیاسی‌و مەزهەبی‌و ئایدۆلۆجی. بۆیە پێویستیشە، هونەرمەندانی كەركوك، بەهرەمەند و داهێنەرانەكانی بەهەمان هەڵەی سیاسەتمەدارەكاندا نەڕۆن، بەڵكو دەبێ‌ بەربەست بێ‌ لەبەردەم هەر بڕیارێكی ئیداریی و سیاسەتێكی هەڵەدا‌و بەپێچەوانەوە، هەوێنی پێكەوە ژیانی ئاشتی مرۆڤایەتی‌و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بێت، بۆیە هەمیشە مام دەیفەرموو: كەركوك دەبێ‌ چەپكە گوڵەكە بێ‌، بەتایبەت كە ئێستا كەركوك لەقۆناغی وەرگۆڕاندایە.


مەلا بەختیار، لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: هەموو سیاسەییەك داهێنەر نییە، بەڵام هەموو هونەرمەندێك دەشێ‌ داهێنەر بێ‌، بۆیە هیچ كات باوەڕم بەگرێدانی هونەرو ئایدۆلۆجییەت نییە‌و دەبێ‌ ئێوەی هونەرمەندان لەكەركوك، بیسەلمێنن كە گوڵدانی چەپكە گوڵەكەن‌و رووبەڕووی هەر جۆرە شۆڤێنییەتێك بوەستنەوە، شۆڤێنێتی هەر نەتەوەیەك بێت‌و لەو باوەڕەشەوە، پاشئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ راگەیاندن، هونەرمەندانی شێوەكاری كەركوكی راسپارد، كە لەپێناو راپەڕاندنی ئەركەكانی پرۆژەكەیاندا، لیژنەیەك لەناوخۆیاندا پێكبهێنن‌و وتی: دڵنیابن، پشتیوانتان دەبین.


لەبەرامبەریشدا، هونەرمەندان شێوەكاری نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك، سوپاسی پەرۆش‌و بەتەنگەوەهاتنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان كرد‌و ئومێدیانخواست لەئاییندەیەكی نزیكدا، چەترێك سەرجەم هونەرمەندانی شارەكە بێ‌ جیاوازی كۆبكاتەوە.