پۆستی سەرۆك لیست گۆڕان دوولەت دەكات

ڕاپۆرت 04/08/2018


چاودێرنیوز
بەهۆی دیاریكردنی سەرۆك لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی ئایندەدا سازبكرێت، كێشە نێوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی قوڵتركردۆتەوە و حزبەكەی بۆ دوو بەرە دابەشكردووە، بەوهۆشەوە ژمارەیەك هەڵسوڕاو و بڕیاربەدەستی گۆڕان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.
عەبدوڵڵای مەلانوری هەڵسوڕاوی گۆڕان رایگەیاند سەرۆكی لیستی گۆڕان لە ساڵی رابردوەوە دیاریكراوە، بەڵام بە چەند تەلەفۆنێك گۆڕاوە. لەبەرامبەردا عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیستی گۆڕان رایگەیاند ئەو بە دەنگدان بۆ سەرۆكی لیست دیاریكراوە.

عەبدوڵڵای مەلا نوری: بە چەند تەلەفۆنێك سەرۆك لیست گۆڕدرا
عەبدوڵڵای مەلا نوری ھەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەرونكردنەوەیەكدا وەڵامی لێدوانێكی ئاواتی شێخ جەنابی دایەوە كە لە تەلەفزیۆنی KNNی زمانحاڵی حزبەكەیەوە وتبووی " گوایە سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا هەڵبژێردراوە".
مەلا نوری لەوبارەیەوە دەڵێت "سەرۆكی لیستی گۆڕان لەمانگی ۱۱ی ۲٠۱۷ وە دانرابوو، ئەو گۆڕانكارییەی كە كرا بەهۆی چەند تەلەفۆنێكەوە بوو، یەكێك لەوانەی تەلەفۆنی بۆ كرا كاك ئاوات بوو.”
رونیشیكردەوە، بەپێی دەستوری گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، دەنگدان تەنها لەناو جڤاتدا دەكرێت، هەموان حەقیانە بپرسن بۆ ئەمە نەكرا، "لای من ئەو دۆسیەیە داخراوە، هیوادارم ناچار بەقسەی تر نەكرێین".

عەلی حەمە ساڵح: هەرگیز چاوەڕێ نەبووم لەسەر سەرۆك لیستی ئەم دۆخە دروست ببێت
لای خۆیەوە عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیستی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەمجارەش چەند دۆستێك وتیان: بەبڕیاری جڤات, لیژنەو لیستەكەی مانگی ١١ هەڵوەشاوەتەوەو لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە جڤاتەوە سەر لە نوێ پێكهاتووەو هەموو دەسەڵاتێكیان هەیە، پێیان وتم: تۆ هەم لە پەرلەمان كاری باشتكردووەو هەم لەنێو خەڵكیش دەنگ كۆدەكەیتەوە، بۆچی خۆت هەڵنابژێریت بۆ سەرۆكی لیست بۆ گۆڕان باشە، منیش پێشنیارەكەم پێباشبوو خۆم هەڵبژاردو لەلایەن زۆرینەی لیژنەكەوە بە دەنگدان هەڵبژێردرام. بڕیاریشم ئەوەبوو ئەگەر ڕكابەرەكەم دەربچێت پیرۆزبایی لێبكەم و بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی بم".
دەشڵێت "هەر بۆ زانیاریشتان لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە جڤاتی نیشتیمانییەوە پێكدەهێنرێت هەموو دەسەڵاتێكی هەیەو مانگی ١١ی ٢٠١٧ كە لیست تەقدیمكرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەم ساڵ هەر لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لیست و سەرۆك لیستی دیاری كردوە، نەك لە جڤاتەوە دەنگدانی بۆ بكرێ!".
ناوبراو رونیشیكردەوە "پێش هەڵبژاردن یەك كەس نەیوتووە خۆت هەڵمبەژێرە ئەگینا دەكشامەوە، هەرگیز چاوەڕێ نەبووم لەسەر سەرۆك لیستی ئەم دۆخە دروست ببێت، چونكە چەندین جارو ئەم جارەش خەڵكی شایستە لە لیستەكەدان و سەرۆك لیست نەبوون و ئەمە یەكەم جارە هەڵایەكی لەم شێوەیە دروست بكرێت".

سەرەتاكانی فرەباڵی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان بە رێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا لە 25ی 7ی 2009 خۆی وەك حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن 25 كورسی راگەیاند لە پێكهاتەی بەشێك لەسەركردە كۆنەكانی یەكێتی و حزبە ئیسلامی و چەپەكان.
هەر لە سەردەمی بەهێزی گۆڕان و مانی نەوشیروان مستەفادا باڵباڵێن لە نێو گۆڕان سەری هەڵدا بە چەندین ناوی جیاواز، بەڵام ئەو باڵانە لەو سەردەمەدا نەیانتوانی گەشەبكەن.
لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ململانێ لە نێوان باڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفا و ركابەرەكانیاندا سەری هەڵدا، كە بەهێزترین ململانێیە و رۆژ بەرۆژ توندتردەبێت و گۆڕانی دابەشی دووبەرە كردووە.
بەرای چاودێرانی سیاسی ئەگەر چارەسەرێك بۆ ناكۆكییە نێوخۆییەكانی گۆڕان نەدۆزرێتەوە، ئەوا حزبەكە بەرەو دوولەت بوون دەبات.
كێشەی سەرەكی نێوان ئەو دووباڵە ركابەرە ئەوەیە كە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەسەر وەسێتی باوكیان سەرجەم موڵك و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان و مێدیاكەیان خستۆتەسەرخۆیان، ئەمەش باڵی نەیارەكانی كوڕانی نەوشیروان مستەفای نیگەران كردووە و دەڵێن، ئەو موڵك و ماڵە هی گۆڕانە، نەك كوڕەكانی سەركردەیەك.
ئەوان ئاماژە بەوەش دەكەن، كە نایانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان بێتە حزبێكی بنەماڵەیی، بۆ ئەوەش چەند وتەیەكی نەوشیروان مستەفا دەهێننەوە، لەبەرامبەردا باڵەكەی دیكەش پشتیان بە چەند وتەیەكی نەوشیروان مستەفا بەستووە بۆ دەستبەرداگرتنی كۆمپانیای وشە و رادیۆ و تەلەفزیۆن و میدیاكانی دیكەی گۆڕان و موڵك و ماڵ و بەرژەوەندییە داراییەكانی حزبەكە.

باڵەكانی گۆڕان كاندیدی خۆیان هەیە

بەپێی زانیارییەكانی چاودێرنیوز بەر لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار ناكۆكییەكانی نێوگۆڕان قوڵبون، بەڵام هەردوولا ناكۆكییەكانیان هەڵپەسارد تا دوای هەڵبژاردن، لە دوای دەركەوتنی ئەنجامە خراپەكانی هەڵبژاردن بۆ گۆڕان ناكۆكییەكانی قوڵتر سەریان هەڵدایەوە.
لەگەڵ نزیكبونەوە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و راگەیاندنی لیست و كاندید و سەرۆك لیست كێشەنێوخۆییەكانی گۆڕان تەقینەوە و شەپۆلێك دەستلەكاركێشانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی زانیارییەكانی چاودێرنیوز پێشتریش بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق ناكۆكی لە نێوان باڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفا و ناڕازییەكاندا هەبووە لە سەر دانانی سەرۆك لیست، بەجۆرێك ئارام شێخ محەمەد كاندیدی باڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفا بووە و عەدنان عوسمانیش كاندیدی نارازییەكان بووە، بەڵام دواجار یوسف محەمەد كاندید كراوە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان هەردووباڵ كاندیدی خۆیان هەبووە، باڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفا كاندیدەكەیان عەلی حەمە ساڵح و باڵەكەی دیكەش كاندیدەكەیان عەبدوڵڵای مەلا نوری بووە، كە دواجار كاندیدی باڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفا دانراوە.

شەپۆلی دەستلەكاركێشانەوە بەردەوامە
لە دوای تەقینەوەی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی گۆڕان شەپۆلێكی دەستلەكاركێشانەوە لە حزبەكە یان لە پلە وپۆستی حزبی دەستیپێكرد لەوانە عوسمانی حاجی مەحمود، عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك، مام رۆستەم، هیمن فەرید، خالید عەبدولكەریم زەنگەنە.
هێمن فەرید كە هەڵسوڕاوێكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕانە لەشاری هەولێر دەستی لەكاركێشایەوە و دەڵێت "گۆڕان پیرۆزی سەرۆك لیست و سەرپەرشتیكارەكانی ئێستا بێت".
هێمن فەرید هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێك لەكاندیدەكانی بزوتنەوەكە لەهەڵبژاردنەكانی 2013دا، لەمیانەی نووسینێك لەهەژماری خۆی لەفەیسبووك، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەگۆڕان راگەیاند. 
هێمن فەرید نووسیویەتی "قسەم زۆرە بۆ كردن كە گۆڕان بۆچی دروست بوو و كێ دروستی كرد؟ ئێستا كێ بەڕێوەی دەبات و بەرەو كوێ دەچێت، ئێمە خۆمان كردە قوربانی گۆڕان و ئامانجەكەی، ئێستا خۆم لێی بی بەری دەكەم. نامەوێت یەك قسەی تر بكەم پیرۆزی سەرۆك لیست و سەرپەرشتیكارەكانی ئێستا بێت".
ناوبراو وتیشی "چاوەڕێ بكەن بەیانی دەمكەن بە دز، دەمكەن بە بێ ڕەوشت، بەڵگەم بۆ دروست دەكەن، لەسەر ئەوەی كە من چ جۆرە گەندەڵێكی ئەنتەرناشناڵم".
پشكۆ ناكام نوسەر لە وتارێكدا دەڵێت "ئاخۆ  سەرۆكی سێ لیستی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم كە دوانیان سەر بە یەك قوتابخانەن و و یەك ئەجینداشیان هەیە ( دیارە ئەجیندا شاراوەكانیان ) بە سودفەیە یان بە زمانی ئەو دوو لیستە قەزا و قەدەرە ؟ گەر گۆڕان توانی پاساوی كاندید كردنی بازرگانێكی ئیسلامی بە خەڵك بڵێ و بچێته ئەقڵەوە خۆم یەكەم كەس دەنگی پێ دەدەم ، بەڵام ئەزموونی دە ساڵی خۆم لەگەڵ بزووتنەوەكە و پرینسیپەكانی لەسەری دامەزرا ، یەقینم هەیە هیچ موتیڤێكی باوەڕ پێ هێنەری نییە، بۆیە 100%ی ڕەت دەكەمەوە".