خەزێنەكەی داعش شەڕێكی گەورە لە موسڵ هەڵدەگیرسێنێت

ڕاپۆرت 02/08/2018


ئاژانسەكان- بابان:
ماوەی چەند مانگێكە داعش شەڕێكی سەختی لەگەڵ هۆزێكی گەورەی پارێزگای موسڵ دەستپێكردوە، كە دەكەوێتە كۆتاسنورەكانی عیراق-سوریا. كارگەیشتۆتە ئەوەی رۆژانە چەندین كەس لەو هۆزە بكوژێت‌و لەماوەی چەند مانگی رابردویشدا 6 كەس لەو هۆزە بە زیندویی رفێنراون‌و مانگێكە زیاتر لە 30 كەسیان لەو هۆزە كوشتووە. 
  هۆكاری سووربوونی شەڕی داعشیش بەم هۆزە، ئەوەیە كە یەكێكیان هەستاوە بە دۆزینەوەو بڕینی خەزێنەیەكی گەورەی داعش لە چۆڵاییەكانی ناوچەسەر سنورییەكانی عیراق-سوریا، كە دەخەمڵێنرێت 17 ملیار دۆلار پارەی كاشی تێدا بووبێت.
مانگێك بەر لە رزگاركردنی موسڵ لەدەست داعش، هێزە ئەمنییەكانی عیراق، زانیاری سەرەتاییان لەبەردەستدا بووە كە خەزێنەیەكی گەورەی داعش لە ناوچە سنورییەكانی عیراق-سوریادا هەیە، واتا نزیك ئەو ناوچەیەی كە ئەم هۆزە گەورەیەی موسڵ تێیدا نیشتەجێن.
 ئەم خەزێنە گەورەیەی داعش، بە پارەی فرۆشی نەوتی قاچاغ‌و سەرانەو بڕینی بانكە حكومییەكان‌و تاڵانی دوكان و بازاڕ ‌و موڵك و ماڵی خەڵك پێكەوەنراوە.
بەرپرسێكی ئەمنی پێشوی موسڵ، كە نەویستووە ئاژانسی (المدی) ناوی بهێنێت، ئەوەی ئاشكرا كردووە كە داعش ئەم هۆزەی تۆمەتبار كردووە بە دۆزینەوەو بڕینی خەزێنەیەكی شاردراوەیان كە بڕی 17 ملیار دۆلار پارەی كاشی تێدا بووە، بێجگە لە بڕێكی زۆری زێڕ، كە ساڵی 2016 لە چۆڵاییەكی ناوچە سنورییەكانی عیراق-سوریا شاردرابۆوە.
ئەو بەرپرسە ئەوەش دەڵێت: دەزگاكانی هەواڵگری عیراق، زانیاری بڕی پارەی ئەو خەزێنەیەو ناوی ئەو كەسانەشی لایە كە خەزێنەكەیان دۆزیوەتەوەو بردویانە.
بەپێی راگەیەنراوی رەسمی بانكی ناوەندی عیراقیش، لە ساڵی 2014 ەوە تا كەوتنی داعش لە موسڵ، ئەو رێكخراوە تێرۆریستییە توانیووێتی زیاتر لە 121 ملیار دیناری عیراقی و 105 ملیۆن دۆلار لە بانك و لقەكان ببات، جگە لە پارەی فرۆشی نەوت و سەرانەو دەستبەسەرداگرتنی سامانی گشتی و حكومی.