گۆڕان و نەوەی نوێ، شەڕی دوو هێزی پۆپۆلیستی

ڕاپۆرت 02/08/2018


چاودێر- تایبەت:
هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ، هێرشی راگەیاندنیان بۆ سەر یەكتری چڕكردۆتەوە.
شاسوار عەبدولواحید، لەچەند رۆژی رابردودا لە میانی سیمینارێكدا لە سلێمانی هێرشی توندی كردە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و بە شاگردی دەسەڵات ناوی بردن. دوابەدوای ئەوەش كەناڵی KNNی زمانحاڵی بزوتنەوەی گۆڕان راپۆرتێكی بەناونیشانی "نهێنی دروستكردنی حزبەكەی شاسوار" بڵاوكردەوەو تێیدا هێرشی توندی كردە جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
لەبارەی توندبونەوەی هێرشی راگەیاندنی ئەم دوو لایەنە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، هەردوو لا نوێنەرایەتی بزوتنەوەی پۆپۆلیستی دەكەن، بۆیە هەر لایەكیان دەیانەوێت باڵادەستی خۆیان بەسەر ئەو كەشە پۆپۆلیستیەدا پیشان بدەن.
لەوبارەیەوە، جەمال ئیبراهیم شرۆڤەكاری سیاسی، لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی: ئەوەی ئەم دوو هێزە كۆدەكاتەوە، ئەوەیە كە هەردووكیان پۆپۆلیستن. پێشتر گۆڕان، خۆی تاق لە ساحەكەدا بوو، كە خاوەندارێتی لە گوتاری پۆپۆلیستی دەكرد. دوای ئەوەی هێزێكی تر، درووست دەبێت بەناوی"نەوەی نوێ" گۆڕان تێدەپەڕێنێت و، خۆی دەبێتە خاوەنی ئەم گوتارە، بەمەش خاوەنە دێرینەكەی ئەم گوتارە قەڵس و بێزار دەكات. گەرچی هەردوو هێزەكە، خۆیان وا وێنا دەكەن، كە زۆر لە هێزەكەی تر گەورەترن و، شیاو بە بەراوردی یەكدی نین، بەڵام لە بنەڕەتدا شەڕەكە شەڕی ئەم دوو هێزەیە، هەر بۆیە بە ئاسانی لە فیكەی یەك تێدەگەن، چونكە شێوازی كار و ختوكەدانی عەوام لەیەكیان دەدات و، هەریەكەیان ئەم كێڵگەیە بە هی خۆی دەزانێت. تا كەسانێك هەبن، عاتیفییانە بڕیار بدەن و هۆشیاریان نەبێت، ئەم دوو هێزە بەردەوام دەبن و مەیدانێكی باشیش دەبێت، بۆ ململانێكانیان.