سزا ئابوریەكانی ئەمریكا چی بەسەر ئێراندا دێنێت؟

ڕاپۆرت 01/08/2018

ئا: رەمەزان شێخانی

ترس و دڵە راوكێ و چاوەروانی بازارەجیهانیەكانی گرتوەتەوە پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بریاری كشانەوەی دا لەرێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی ئێران وسەپاندنی سزای ئابوری بەسەر ئەو وڵاتەدا. 
برۆنۆ لومیر لەوبارەیەوە دەڵێت ناكرێت ئەمریكا ببێتە پۆلیسی ئابوری جیهان،چونكە بریارەكەی ئەمریكا مۆڵەتێكی كورتی داوەتە كۆمپانیاكان بۆ بەجێهێشتنی ئێران ئەوەش كۆمپانیا ئەوروپیەكان رووبەروی كێشە دەكاتەوە.
پسپۆرانی بواری ئابوری و شیكەرەوانی دارایی وشارەزایانی بواری نەوت و ووزە پێیان وایە كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە وەكو بومەلەرزەیەكی ئابوری جیهانی وایە و كاریگەری و لێكەوتەكانی جیاوازیان دەبێت بۆ سەر تۆری بەرژەوەندیە ئابوریەكان و پەیوەندیە بازرگانیەكان لەنێوان وڵاتان و كۆمپانیا هاریكارەكان لەگەڵ ئێراندا لەلایەك و ئاستی توانا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ ناچاركردنی ئەو وڵاتە و كۆمپانیایانە بۆ جێبەجێكردنی بریارەكە.
ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردوە ئەو بومەلەرزەیە بەتەنها كاریگەری لەسەر هەناردەی ئێران و گەشەی ئابوری ئێران بەجێناهێڵێت بەڵكوو كاریگەری بۆ سەر بازارە جیهانیەكانیش دروستدەكات بگرە كاریگەریشی دەبێت لەسەر پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەكانی نێوان وڵاتانی سودەمەند لەرێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی ئێرانیش.
 
لەدوای سووكردنی سزاكانی سەر ئێران لە ساڵی 2016ەوە چەندین كۆمپانیای ئەوروپی و ئەمریكی گرێبەستی گەورەیان مۆركرد لە گەڵ ئێراندا بەتایبەتیش لە بواری نەوت و فرۆكەوانیدا، كەبیگومان بریارەكەی ترامپ كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر ئەو كۆمپانیایانە.
هێڵی ئاسمانی ئێران گرێبەستێكی مۆركردبوو بۆ كڕینی 200 فرۆكە بە بەهای 38.3 ملیار دۆلار لەوانەش 100 فرۆكەیان جۆری ئیرباس و 80 فرۆكەیان لە جۆری بوینگ و 20 فرۆكەی ئی تی ئار بوو ،سەرجەم گرێبەستەكانیش بەمۆڵەتی ئەمریكا ئەنجامدراوە .
لەیەكەم كاردانەوەی كۆمپانیای ئێرباس سەبارەت بە بریارەكەی ترامپ بڵاویكردەوە بریارەكەی سەرۆكی ئەمریكا دیراسە دەكەن ئەوەش پێویستی بەكاتە.
لای خۆشیەوە كۆمپانیای بیجۆی فەرەنسی بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل رایگەیاند هیوادارین یەكێتی ئەوروپا هەڵۆێستێكی هاوبەشیان هەبێت سەبارەت بە ئێران بەتایبەت پاش كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە. 
وتەبێژی كۆمپانیای بیجۆ رایگەیاند: ئێمەش وەكو لایەنە ئابوریەكانی دیكە چاودێری پەرەسەندنی بارودۆخەكە دەكەین هەروەك چاودێری هەڵۆێستی رەسمی یەكێتی ئەوروپا دەكەین.
كام كۆمپانیایانە سودمەندبوون لەرێككەوتننامە ئەتۆمیەكە؟
كۆمپانیای نەوتی فەرەنسی توتاڵ هیوای خواست بتوانێت پارێزگاری بكات لەو گرێبەستەی لەگەڵ ئێران مۆری كردوە بە بەهای 8.4 ملیار ئیرۆ بەمەبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی غازی دەریایی ،
 سەرۆكی كۆمپانیاكە تەئكیدی كردەوە لە هەوڵدان سازشێك بەدەستبهێنن بەمەبەستی بەردەوامبون لەكاركانیان لە ئێران.
كۆمپانیای بۆینگ لە ساڵانی 2016-2017 گرێبەستێكی بە بەهای 16.6 ملیار دۆلار لەگەڵ ئێران كردوە بە ئامانجی فرۆشتنی 80 فرۆكە بە كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئێران هەروەها فرۆشتنی 30 فرۆكەی جۆری بوینگ 737 ماكس بە بەهای 3 ملیار دۆلار بە كۆمپانیایی ئاسمان لەگەڵ مافی كرینی 30 فرۆكەی دیكە.
لقەكانی كۆمپانیایی جینراڵ ئەلكتریك لە ساڵی 2017 لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چەندین گرێبەستی كردوە بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار بۆ كەرەستەكانی بەرهەم هێنانی غاز و پیشەسازی غازو پترۆكیمیاوی
كۆمپانیای بیجۆ بۆ دروستكردنی تۆتۆمبێل بشكێكی بەهێزی لە بازارەكانی ئێران كە دەگاتە نزیكەی 30% و كۆمپانیای ڤۆلكس واگنیش بۆ یەكەمین جار لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا تۆتۆمبێلی بە ئیران فرۆشتوە.
بەهەمان شێوە گرووپی میوانخانەكانی "ئاكور" ی فەرەنسی رووبەروی هەمان كێشە بوەتەوە چونكە لە ساڵی 2015 ئوتێلێكی لە ئێران كردەوەتەوە.

چۆنیەتی سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێراندا
ستیڤن میونشن وەزیری خەزێنەی ئەمریكا رایگەیاند: پاش بریارەكەی ترامپ سەبارەت بە كشانەوە لە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی ئێران،سەرجەم سزاكان بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت لەماوەی 90-180 رۆژ دا
سایتی ئەلیكترۆنی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بە دوو قۆناغ جێبەجێدەكرێن ، قۆناغی یەكەم پاش تێپەربوونی 90 رۆژ جێبەجێدەكرێت كە تێیدا گەمارۆ دەخرێتە "سەر فرۆشتنی دۆلار بە ئیران ، كرینی زێر وزیوو پۆڵاو ئەلەمنیو م، وەبەرهێنان لە نەختێنەی ئێران ، كەرتی ئۆتۆمبێل ، بازرگانی مافورو مەوادی خۆراكی ئێران، هەروەك مۆڵەت لەكۆمپانیا فرۆكەوانیە مەدەنیەكان وەردەگیرێتەوە وەك بوینگ و ئیرباس.
قۆناغی دووەمی سزاكان پاش تێپەربوونی 180 رۆژ جێبەجێدەكرێت كە لەم قۆناغەدا سزاكان فراوانتردەكرێن و گەمارۆ دەخرێتە سەر بەندەرە ئاویەكانی ئێران و پیشەسازی كەشتی و هەواڵەكردنی پارە لە نێوان بانكی ئێران و كۆمپانیا داریە بیانیەكان 
جۆن بۆڵتۆن راۆێژكاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریكا ئەگەری ئەوەشی خستە روو سزای زیاتر بخرێتە سەر ئێران.


كاریگەری لەسەر نرخی نەوت.
بەهۆی بریارەكەی ترامپ ەوە نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان بە رێژەی 2% بەرزبوەو ونرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برینت گەیشتە 76.52 دۆلار 
لە چین كە گەورەترین كریاری نەوتی ئێرانە نرخی نەوتی خاو لە شەنگهای بەرزترین ئاستی تۆماركرد نرخی یەك بەرمیل نەوت 73.20 دۆلاری تێپەراند.

هەڵۆێستی رەسمی ئێران بەرامبەر سزا ئابوریەكانی ئەمریكا
ئابوری ئێران رووبەروی ئاستەنگێكی نوێ دەبێتەوە پاش بریارەكەی ترامپ و كشانەوە لە رێككەوتنامە ئەتۆمیەكەو سەپاندنی سزا بەسەر  ئەو وڵاتەدا .
هەلۆێستی رەسمی ئێران لە قەبارەی كاریگەری سزاكان كەمدەكاتەوە،بەرپرسێكی بانكی میللی ئێران رایگەیاند: قەبارەی پاشەكەوتی دراوی بیانی لە بانكەكان كەمبوەتەوە هەرچەندە بڕی كەمبونەوەكەی دیاری نەكرد بەڵام رایگەیاند ئەو دیاردەیەكی كاتیەو جارێكی دیكە بانكەكان دەبوژێنەوە .
وتیشی رەوشی سیستمی بانكی ئێران لەم چەند ساڵی دواییدا خراپ بوە و تا ئێستاش ئەو قۆناغەمان تێنەپەراندوە بەڵام هەموو رێوشۆێنێك دەگرینە بەر بۆ رێگەگرتن لە دروست بونی قەیران.
لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تومەنی ئێران نزیكەی نیوەی بەهاكەی خۆی لەدەستداوە ئەوەش ئێرانی ناچاركردوە مامەڵەكردن بە دراوی بیانی لەناوخۆی ئێران قەدەغە بكات.