ریستۆرانتێك لە هەولێر تەنیا بۆ ژنانە

ژن 31/07/2018

كچێكی كورد ریستۆرانتێك لە شاری هەولێر دەكاتەوە كە تایبەتی كردوە تەنها بە ژنان ودەڵێت با ژنان دوور لە چاو باشقاڵی پیاوان و گێچەڵ پێكردنیان كاتێكی خۆش بەسەر بەرن و چێژ لە كاتەكانی خۆیان ببینن.

كچێكی تەمەن 23 ساڵ لە شاری هەولێر شێوازێكی نوێ دادەهێنێت تا ژنان و كچان بتوانن كاتەكانی خۆیان دوور لە بێزاركردنیان لەلایەن پیاوانەوە بەخۆشی بەسەر بەرن ، ئەو كچە كوردە بریاری دا ریستۆرانتێك بۆ كچان بكاتەوەو لەوێ پێشوازی لە پیاوان ناكرێت.
تارا محەمەد ئیحسان كە دەرچووی كارگێری كارە خاوەنی بیرۆكەكەیە و ریستۆرانتێكی بەناوی لاكشری تایم بۆ كچان كردوەتەوە لە هەولێر.
تەنها پێشوازی لەژنان دەكەن
تارا دەڵێت لە ریستۆرانتەكە تەنها پێشوازی لە كچان و ژنان دەكرێت و ڕێگە بە پیاوان نادرێت سەردانی چێشتخانەكە بكەن
 وتیشی تەنها كچان بۆیان هەیە لەو ریستۆرانتە كاربكەن تا بتوانن ئامانجی خۆیان بەدیبهێنن و دووركەونەوە لە گێچەڵ پێكردنی پیاوان.
تارا لە بارەی بیرۆكەكەیەوە رایگەیاند هەركاتێك كچان بیانەوێت كاتێكی خۆش لەدەرەوە بەسەر بەرن ناتوانن چونكە هەموان لە كچان دەروانن وچاودێریان دەكەن.
لەبەر ئەوە هەمیشە بیرم دەكردەوە پرۆژەیەكی وا بۆ خۆم و هاورەگەزەكانم بكەم تا هەست بە ئارامی بكەین وەك تارا بە ئاژانسی رویتەرزی راگەیاندوە.
هەرچەندە ئامانجی تارا لە پرۆژەكە دووركەوتنەوەیە لە گێچەڵ پێكردنی پیاوان ، بەڵام ریستۆرانتەكەی بوەتە جێگەی سەرنج بەهۆی دیزاینی نوێ و سەردەمی و رەنگی كەل وپەلی ریستۆرانتەكە و چلچرا ناوازەكانیەوە.لەپاڵ ئەو دەنگە دەنگە بەرزەی كە میوانانی ریستۆرانتەكە بەرپای دەكەن كە ئەوەش وایكردوە پیاوان رووبكەنە شوێنەكە تا بزانن چی روودەدات.