بەرش ئەتای لە ئەكتەرێكی یاخییەوە بۆ پارلەمانتاری هەدەپە

ڕاپۆرت 30/07/2018

چاودێر -تایبەت
لەپاش هەڵبژاردنی حوزەیرانی ئەمساڵ، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دووبارە توانی بەربەرستی 10%ی هەڵبژاردن ببڕێتەوە و بەمەش 67 پارلەمانتار بەدەستبهێنێت. یەك لەوانەش بەرش ئەتای-یە، كە ئەكتەرێكی ناسراوی توركیایە.

بەرش ئەتای كێیە؟
لە ساڵی 1981 لە ئەڵمانیا لە دایك بووە. لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە زانكۆی یەدی تەپە لە ئەستەمبوڵ بەشی شانۆی تەواو كردووە. لە ساڵی 2013 ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە.
ژیانی هونەری
بەرش ئەتای یەك لەو هونەرمەندە لاوانەیە لەم ساڵانەی دوایدا وەك ئەستێرەیەكی گەشاوە دەركەوتووە، رۆڵی لە پێنج درامای تەلەفیزیۆنیدا گێڕاوە، كە ساڵانێكی زۆر لەسەر شاشەی كەناڵەكان بەردەوام بووە، جگە لەوەش لە پێنج فلیمدا نواندنی هەبووە. سەرەڕای ئەوەی شانۆكارە و لە توركیا و ئەوروپا چەندین شانۆی تایبەت بە خۆی هەبووە.
ژیانی سیاسی
ئەتای لەبەرئەوەی وەك هونەرمەندێكی ناسراو هەمیشە رەخنەگرێكی توند بووە بەرامبەر بە دەسەڵاتی توركیا، هەربۆیە لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە كێشەی بۆ دروست بووەو تەنها لەبەر وتە و بیروبۆچونەكانی روبەڕووی دادگا بۆتەوە، لە ساڵی 2013 بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ دەستگیركرا. ئەتای زۆرجار لە مێدیاكانی توركیاوە بانگهێشت كراوەو قسەی لەسەر سیاسەت كردووە.
لە هەڵبژاردنەكەی 24 ی حوزەیرانی ئەمساڵ وەك نوێنەری هەدەپە لە شاری خەتای هەڵبژێردرا.
بەرش ئەتای پێشتر لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیاوە نزیكایەتی هەبووەو لە مێدیاكانی ئەوانەوە دەرئەكەوت، بەڵام بۆ یەكەمجار لەسەر لیستی هەدەپە راستەوخۆ بەشداری سیاسەتی كرد و خۆی كاندید كرد. بە وتەی خۆی باوەڕی تەواوی بەوە هەیە كە هەدەپە باشترین پارتی سیاسییە كە دەتوانێ‌ خەبات و كۆششی خۆی لەوێوە بكات.
بونی هەدەپە گرنگە
لەپاش هەڵبژاردنە پارلەمانییەكەی ئەمساڵ و سەركەوتنی هەدەپە، بەرش ئەتای لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ DW TURKCE وتی "بڕینی بەربەستی 10% گرنگ بوو بۆ پارتێكی وەك هەدەپە، لەبەرئەوەی ئەگەری ئەوە هەبوو لە غیابی هەدەپە لە پارلەمان، ئاك پارتی كورسیەكانی ببردایە و ئەمەش كاریگەریی جدی لەسەر خراپ بونی رەوشی توركیا دروست دەكرد و هەژموونی زیاتر دەبوو،پێم باش بوو كە هەدەپە پارتێكە دەتوانرێ‌ رێككەوتنی لەگەڵ بكرێت و لەوێشەوە دەتوانم وەك پارلەمانتارێك بەرخودانی خۆم بكەم".
لە دوا هەڵوێستی بەرش ئەتای لە پارلەمان، سەبارەت بە پڕۆژە یاساكەی حكومەت ئاك پارتی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری نائاسایی لە توركیا، بەرش ئەتای لەكاتی پێشكەش كردنی وتەكانی لە پارلەمان وتی "یاسای باری نائاسایی بەرهەمی دەسەڵاتی كودەتاچی و رژێمی سەربازییە كە لە ساڵی 1982 وە دەركراوە و تائێستا كاری پێدەكرێت، لەمڕۆشدا مانەوەی دەسەڵاتی ئاك پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كار بەو یاسایانەی كودتا دەكات دژ بە سەركوت كردنی شۆڕشگێڕان، دیموكراتخوازان و ئاشتیخوازان، ئامك پارتی لە ساڵی 2002 ئیدعای ئەوەی كرد كە باری نائاسایی لە توركیا لابراوە، بەڵام هەمیشە هەبووە ئەو یاسایانە وەك سزایەك لە دژی ئێمە جێبەجێ كراوە،  لە كودەتاكەی 15 ی تەمووزی 2016 بۆ ماوەی سێ‌ مانگ بڕیارێك دەرچوو باری نائاسایی راگیرا، بەلام ئێوە 24 مانگ ئەمەتان درێژكردەوە، بەم یاسایانە 135 هەزار كەس لەسەر كارەكایان دورخرانەوە، هونەرمەندان و رۆشنبیران گۆشەگیركران،6 هەزار و 81 ئەكادیمیست، 2 هەزار و چوار سەد مامۆستا، كرێكاران و 209 رۆژنامەنوسان و 95 سەرۆك شارەوانی، 10 پارلەمانتار و خوێندكارانی زانكۆ دەستگیركراون".
جێی باسە بەرش ئەتای زۆرجار لەلایەن پارلەمانتارانی ئاك پارتییەوە، روبەڕووی پەلاماردان و قسە پێوتن دەبێتەوە، بەوەی رەخنەگر و ئۆپۆزسیۆنێكی سەختی ئاك پارتییە".