داعش لە سوەیدا 36 ژن و منداڵی رفاندووە

هەواڵ و ڕاپۆرت 30/07/2018

    چاودێرنیوز:  
 كۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ  رایگەیاند، داعش لە میانەی هێرشەكەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بۆ سەر پارێزگای سوەیدای زۆرینە دورزی لە باشوری وڵاتەكە، 36 ژن و منداڵی ڕفاندووە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری كۆمەڵەكە ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی راگەیاند، داعش لە هێرشەكەی پـێنج ڕۆژ لەمەوبەر كە كردیە سەر سوەیدا 36 ژن و منداڵی ڕفاندووە، چوار ژنیان توانیویانە خۆیان حەشاربدەن و پاشان هەڵبێن و هەروەها دوو ژنیان گیانیان لەدەستداوە و دواتر تەرمەكانیان دۆزراونەتەوە، یەكێكیان گولـلە بەر سەری نراوە و ئەوی دیكەیان ژنێكی بە تەمەن بووە و پـێدەچێت بەرگەی ئەو زۆر ڕۆیشتن و گەرمایەی نەگرتبێت.

بەمەش هێشتا 30 كەس لە ڕفێندراوەكان لە دەستی داعشدا ماونەتەوە.

پـێشتر تۆڕی هەواڵەكانی سوەیدا 24 لەسەر ماڵپەڕ و فەیسبوكەكەی زانیاری لە بارەی ڕفێندراوەكان بڵاوكردەوە و نووسیویەتی "هەموو ڕفێندراوەكان خەڵكی گوندی ئەلشەبكین كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی سوەیداوە، بریتین لە 20 ژن كە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 60 ساڵە و 16 منداڵی كوڕ و كچ".

ئاماژەی بەوەشكردووە "داعش ڕۆژی هەینی وێنەی 14 لەو ژنانەی بڵاوكردووەتەوە و داوایكردووە لە بەرامبەر ئازادكردنیان حكومەتی سوریا كۆمەڵێك زیندانیكراوی ئازادبكات".

  لەو هێرشەی داعش بۆ سەر سوەیدا، زیاتر لە 250 كەس كوژران، لەوانە 139 كەسیان سیڤیل بوون.
سەرچاوە/voa