ئەو خواردنانەی دەتوانی شەڕی كۆلیسترۆڵی پێ بكەیت كامانەن؟

ژینگە 27/07/2018

پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی ئاماژە بەوەدەكات، كە ئاسانە هەموو جۆرە خواردنێك بخۆی هەتا دەگاتە ئەوەی ڕێژەی كۆلیسترۆڵت بەرز دەبێتەوە و زیانت پێ دەگەیەنێت، پێچەوانەكەشی ڕاستە. و دەشڵێت: “چەند خواردنێك هەیە دەتوانی شەڕی چەوری پێ‌ بكەیت”.
د. سۆران محەمەد، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و ڕۆماتیزم و فەقەرات بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، میوەی تازە، سەوزە، ئەو خواردنانەی دەنكیان هەیە، ئەو خواردنانەی چەوریە باشەكانیان تیادایە لەگەڵ هەندێ خواردنی گیایی تر دەبنە هۆی كەمبوونەوەی چەوری بەگشتی.
ئەو پزیشكە بە پشت بەستن بە لێكۆڵینەوەیەكی كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد دەڵێت: “هەندێك خواردن هەن بەتایبەتی بۆ شەڕكردن دژ بەكۆلیسترۆڵ بەسوودن”.
وەك لە توێژینەوەكەدا هاتووە، خواردنەكان بریتین لە:
١-شۆفان: مادەیەكی تیادایە پێی دەوترێ ڕیشاڵی تواوە، كە لە كۆئەندامی هەرسدا دەبێتە ڕێگر لەمژینی چەوری و ناهێڵێت چەوریەكە بچێتە ناو سووڕی خوێنەوە، شۆفان بەشێوەی ئامادەكراو هەیە و دەتوانیت بەیانیان بیخۆیت یان دوای خواردنێكی چەور ڕۆژانە دوو تا سێ گرام بەسە.
٢-فاسۆلیا: ڕێژەیەكی باش ڕیشاڵی تواوەی تیادایە، زۆر جۆر فاسۆلیا هەیە و هەمووشیان باشن. جگە لەوە فاسۆلیا درەنگ هەرس دەكرێت، بۆیە ئەو كەسەی دەیخوات درەنگتر هەست بەبرسێتی دەكات، بۆیە وەك خواردنێك بۆ دابەزینی كێش بەكاری دێنن، زۆر جۆر ڕێگا هەیە بۆ ئامادەكردنی فاسۆلیا.
٣-چەرەسات: بەتایبەتی (بادەم، فولی سودانی و گوێز) خواردنی پەنجا گرام ڕۆژانە لەم چەرەساتانە دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی چەوری خراپ لەخوێندا جگە لەوە ئەم چەرەساتانە سوودی تریشیان بۆ دڵ هەیە.
٤-هەندێ ماددەی تر هەن، كەپێیان دەوترێ (ستیرۆل یان ستانۆڵی) ڕووەكی ئەمانە لە توێكڵی گەنم، كەپك، قەرەخەرمان- دا هەن و هەندێك كارگەیش ئێستا دەیكاتە هەندێ خواردنەوە، هەروەها وەك دەرمانی مقەویش هەن، بۆیە خواردنی یەك بۆ دوو گرام لێیان ڕۆژانە چەوری خراپی ناو خوێن كەم دەكاتەوە.
٥-ماسی چەور: دەوڵەمەندە بە (ئۆمێگا3) كە مادەیەكە چەوری خراپ كەم دەكاتەوە و چەوری باش زیاد دەكات، جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی كەمتر خواردنی گۆشتی سوور بخۆی، خواردنی ماسی دوو تا سێ جار لەهەفتەیەك بەسە بۆ ئەوەی سوودەكەیت دەست بكەوێت.