"ماڵی پشیلەکان"ـی هیوا قادر لە ڕۆژی ڤالانتایندا بڵاو دەکرێتەوە
ڕەخنەی چاودێر: پێشەوا
محەمەد
"ماڵی پشیلەکان"،
نوێترین ڕۆمانی ڕۆماننووس و شاعیری کورد هیوا قادرە و بڕیارە لەگەڵ سەرلەنوێ
چاپکردنەوەی هەر یەکە لە ڕۆمانەکانی "منداڵانی گەڕەک" و "منداڵێک
لەسەر مانگە" لەڕۆژی ١٤ی ٢ کە ڕۆژی خۆشەویستییە لە ناوەندی ئەندێشە بڵاو
بکرێنەوە.
هیوا قادر، سەبارەت بە
ڕۆمانە نوێکەی بە ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاند، ڕۆمانی ماڵی پشیلەکان، ڕۆمانێکی
مۆدێرنە و باس لە یەک مانگی کاری زۆرەملێی پەناهەندەیەکی کورد ئەکات، لە ماڵی
پشیلەکان، جێگایەکە پشیلەی
تیادا ئەفرۆشرێت، هەروەها جێیەکیشە بۆ بەخێوکردن و گلدانەوەی پشیلەکان.
وتیشی: "ڕۆمانەکە
دابەش بووە بە سەر بیستوچوار بەشدا، هەر بەشێک تایبەت کراوە بە یەکێک لە ڕەگەزە
جیاوازەکانی پشیلەکان، کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە زۆرینەیان ژنن، پەیوەندییەکانی
نێوان مرۆڤەکان و پشیلەکان سەرلەبەری چیرۆک و ڕووداوەکان پێک ئەهێنن. بە گشتی ئەم
ڕۆمانە باس لە تەنهایی مرۆڤەکان ئەکات. بەشێکی دیاری ئەو تەنهاییەش ئەکرێت
ئاژەڵێکی وەک پشیلە بتوانێت پڕی بکاتەوە، هەروەها ببێت بە شەریکی ژیانی مرۆڤەکان و
هۆکارێک بێت لە جوڵاندنی ڕووداوەکانی ژیانیاندا."
سەبارەت بە هۆکاری
هەڵبژاردنی پشیلە لەو ڕۆمانەدا، نووسەر وتی: "لە ڕاستیدا ئاژەڵ بە تایبەتی
پشیلە و سەگ ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی مرۆڤی ئەوروپیدا هەیە، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە
و هەمیش وەک پڕکەرەوەیەکی ئەو تەنهاییەی کە پێوەی ئەناڵێنێت. تێڕوانینی مرۆڤی
ئەوروپی بۆ ئەو دوو ئاژەڵە، تەواو جیاوازە لەو تیڕوانینە پریمیتیڤ و نەگۆڕە مێژووییەی
مرۆڤێکی خۆرهەڵاتی لە بەرامبەریاندا هەیەتی. پشیلەکان بۆ من بیانوویەک بوون بۆ
ئەوەی بتوانم لە ڕێی ئەوانەوە چیرۆکەکانی خۆم لەسەر مرۆڤی مۆدێرن و پەناهەندەی
ئەروپانشین بگێڕمەوە. بۆ ئەوەی بتوانم باس لە تەنهایی مرۆڤی ناو کۆمەڵگە
مۆدێرنەکانی ئەوروپا بکەم، ئەو تەنهاییەی هەندێک جار ئەبێتە هۆی دوورەپەرێزبوونی
مرۆڤەکان، گرێی دەروونی و ڕەشبوونی دنیا تا ئاستی خۆکوژی. لە هەمان کاتدا ئەشکرێت ببێتە
ئەو دەریچەیەی مرۆڤ لێیەوە بتوانێت لە ژیان و دواڕۆژ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی
خۆی بڕوانێت."
هیوا قادر، شاعیر، ڕۆماننووس
و وەرگێڕی کورد، لە شاری سلێمانی گەڕەکی چوارباخ لە دایک بووە. قوتابخانەی سەرەتایی
و ئامادەییی هەر لەو شارە خوێندووە. لە 1988ـدا پەیمانگای ئیدارەی لە کەرکوک تەواو
کردووە. لە نێوان ساڵانی1992-2011 لە وڵاتی سوید ژیاوە. ئێستا لە سلێمانی دەژی و وەک
ئەندامی ئەنجوومەن لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کار دەکات. یەکەمین کتێبی شیعریی
“چاوە زەردەکان” بووە کە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوی کردووەتەوە.
جگە لە چەندان دیوانی شیعر
و کتێبی سەفەرنامە، هاوکات دوو ڕۆمانی تری نووسیوە بە ناوەکانی "منداڵێک لەسەر
مانگە" و "منداڵانی گەڕەک".
هیوا قادر زیاتر دەربارەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی دوا و وتی:
"ئەو کاتانەی مرۆڤ لە ئاژەڵە دڕندەکان زۆر دڕندەتر ئەبن، یان سیستەمی دەسەڵات
ئەیهاڕێت و تەنها و بێکەسی ئەکات، ڕەنگبێت خاوەندارێتیی ئاژەڵێک هۆکارێک بێت بۆ
ڕزگارکردنی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ خۆی و مرۆڤەکانی تر. من پێم وایە هەندێ تەنهایی
زۆر جەرگبڕترە لە عاقیبەتی دوای جەنگەکان. بۆیە مرۆڤ بە خەسڵەتی مێژوویی خۆی
هەمیشە ئەیەوێت تەنهاییەکانی خۆی لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا بەش بکات، ئەو کاتەی
دەستگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا قوورس و زەحمەتتر
ئەبێت، بە ناچاری با ئەداتەوە بۆ لای ئاژەڵە ماڵییەکان، بۆیە سەگ و پشیلە بە پلەی
یەک دوو ئاژەڵن بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو تەنهاییەی ڕۆژانەی مرۆڤ."